ئابووری, عێراق

زێڕ بەرزترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد

بە گوتەی زێڕینگەران، ئەو کەشە سیاسیی و ئابوورییەی لە جیهان هەیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و جەختیش لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی یەک مسقال زێڕی عەیار ٢١ دەگاتە ٨١٥ هەزار دینار.

Heman Hussein Yaseen  | 16.09.2025 - نوێکردنەوە : 16.09.2025
زێڕ بەرزترین نرخی لە مێژوودا تۆمار کرد

Arbil

هەولێر - AA

لەم دواییانەدا نرخی زێڕ بۆ ئاستێکی پێوانەیی بەرزبووەوە و ئەمەش نیگەرانیی لای بازرگانان و ھاووڵاتییان دروستکردووە و زێڕینگەرانیش پێشبینی دەکەن تا کۆتایی ئەمساڵ بەرزبوونەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت.

بە گوتەی زێڕینگەران، ئەو کەشە سیاسیی و ئابوورییەی لە جیهان هەیە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و جەختیش لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی یەک مسقال زێڕی عەیار ٢١ دەگاتە ٨١٥ هەزار دینار.

زێڕینگەر، وریا یاسین لەبارەی هۆکار و لێکەوتەکانی بەرزی و نزمی نرخی زێڕ، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئێستا زێڕ بووەتە ترێند و هەموو چاوەکان لەسەر ئەو کانزایەن، ئەمڕۆ پێوانەیەکی نوێی شکاند و یەک ئۆنسەی زێڕ گەیشتە سێ هەزار و ٦٩٠ دۆلار، ئەمەش بەرزترین نرخە لە مێژووی زێڕدا، کەواتا یەک مسقال زێڕی عەیار ٢١ گەیشتووەتە ٧٤٥ هەزار دینار".

ئەو زێڕینەگەرە ئاماژە بەوە دەکات کە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیریی کردووە و داواکارییەکانی کچانی کەم کردووەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەم بەرزبوونەوەی نرخە کاریگەریی لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیریی هەیە و ڕێژەکەی کەمکردووەتەوە، هەروەها کچانیش داواکارییەکانییان کەم کردووەتەوە، بۆ نموونە کوڕ و کچێک هاوسەرگیریی دەکەن، دەبینین کێشەیان لەسەر قەبارەی زێڕەکە هەیە و کوڕەکەش توانای نیە، کەواتا کاریگەریی نەرێنی لەسەر پڕۆسەکە کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا سەیر دەکەین، پێش سێ ساڵ ئەگەر کچێک ٥٠ مسقال زێڕی داواکردبێت، ئێستا دەبێت داوای ١٥مسقال بکات".

وریا یاسین گوتیشی: "بیست ساڵ پێش ئێستا، یەک کیلۆ زێڕ بە نۆ هەزار دۆلار بوو واتا کەمتر لە یەک دەفتەر دۆلار، بەڵام ئێستا یەک کیلۆ زێڕ بە ١١ دەفتەر و ٩٠ وەرەقەیە، ئەگەر تێبینی بکەین جیاوازییەکە زۆرە".

لە بارەی هۆکارەکانی بەزربوونەوەی نرخی زێڕ لە جیهاندا، وریا یاسین گوتی: "هۆکارەکان زۆرن بەڵام ئەم کەشە سیاسییەی لە جیهان هەیە هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، هەروەها ئەم سزایانەی ئەمریکا بۆسەر وڵاتانی زلهێزی وەک چین و ڕووسیا، هاوکات سەندەکانی چین لە ئەمریکا کە بە بەهای ٦٤٤ ملیار دۆلار بوو، هەروەها سەنەدەکانی ڕووسیا بە بەهای ٦٣٠ ملیار دۆلار بوو دەستی بەسەردا گیراوە، ئەوانە بەشێک لەو هۆکارانەن بۆ بەزربوونەوەی نرخی زێڕ".

هاوکات زێڕەنگەرێکی دیکە ئاماژە بەوە دەکات کە جووڵەی هێزی ئەمریکا بەرەو ڤەنزوێللا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەیە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر ئەو قەیرانە سیاسییەی لە جیهاندا هەیە، چارەسەر نەکرێت، ئەوا تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی زێڕ ئاستێکی دیکەی پێوانەیی تۆمار دەکات.

زێڕینگەر، فایەق فەهد جەبار لەمبارەیەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێستا زێڕ بەرزترین ئاستی بەخۆیەوە بینیووە، هۆکارەکان زۆرن، یەکێک لەوانە خواستێکی زۆری لەسەر بوو لە جیهان بە تایبەت چین، هیند و ڕووسیا کە ئەمە بووە هۆکاری سەرەکی بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکە، لەگەڵ ئەوەشدا ناکۆکییەکانی نێوان سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد تڕەمپ و سەرۆکی بانکی فیدڕاڵی ئەمریکا جیڕۆم پاوڵ ئەمەش کاریگەری هەبوو، هەروەها ئەو ئاڵۆزییەی سیاسییەی لە جیهان دا هەیە، ئەوەش بەشێکە لە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، دەتوانین بڵێین لە داهاتوودا نرخەکە زیاتریش بەرزدەبێتەوە".

لەبارەی کاریگەرییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، فایەق فەهد جەبار گوتی: "کاریگەری لەسەر پڕۆسەی هاوسەرگیریی کردووە، جاران ٣٥ مسقال زێڕ بۆ کچێک دەکرا، ئێستا لە پێنج تا ١٥ مسقال زێڕ دەکرێت، کچەکانیش داواکارییان کەم کردووەتەوە، هەروەها ئەگەرەکان وامان پێ دەڵێن ئەگەر کەشی سیاسیی جیهان بەمشێوەیە بەردەوام بێت، بەتایبەت کێشەی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، پێشبینی دەکەین لە داهاتوودا یەک ئۆنسە بگاتە سێ هەزار و ٧٤٠ دۆلار و یەک مسقال زێڕی ٢١ بگاتە ٨١٠ هەزار دینار".

فایەق فەهد جەبار گوتیشی: "ئەم بەرزبوونەوەی نرخی زێڕە بەم شێوەیە خێرایییەی ئەمڕۆ، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هێزە سەربازییەی کە ئەمریکا بەرەو ڤەنزوێلا جووڵاندوویەتی کە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕی زێڕ کردووە لە جیهاندا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın