ئابووری, عێراق

جووتیارێکی دھۆک بە تەنیا ساڵانە ٣٠ تۆن ترێ بەرھەم دەھێنێت

Rawan Subhi Obaiullah  | 16.09.2025 - نوێکردنەوە : 17.09.2025
جووتیارێکی دھۆک بە تەنیا ساڵانە ٣٠ تۆن ترێ بەرھەم دەھێنێت

Arbil

هەولێر - AA

جووتیارێکی گوندی باگێرا لە شارەدێی زاویتەی سەر بە پارێزگای دھۆک، زیاتر لە ٥٠ ساڵە کاری کشتوکاڵی دەکات و ساڵانە زیاتر لە ٣٠ تۆن ترێی جۆراوجۆر بەرھەم دەھێنێت.

عەبدولرەحمان سلێمان، جووتیارێکی نموونەیی ناوچەکەیە و لە تەمەنی منداڵییەوە لەگەڵ باوکی لە کێڵگەکاندا کاری کردووە، وەک یەکێک لە جووتیارە سەرکەوتووەکانی ناوچەکە ناسراوە، بە شارەزایی و لێهاتوویی خۆی، ساڵانە زیاتر لە ٣٠ تۆن ترێی جۆراوجۆر بەرھەم دەھێنێت.

ئەمساڵ جوتیارانی پارێزگای دھۆک، ٢٠ ھەزار و ١١٨ دۆنمیان بە ترێ چاندووە و پێشبینی دەکرێت ٦٠ ھەزار تۆن ترێ بەرھەم بھێنن.

عەبدولڕەحمان سلێمان، لە باخە فراوانەکەیدا سوودێکی بەرچاوی لە تەکنیکە نوێترینەکانی کشتوکاڵ وەرگرتووە، ئەو سیستەمێکی پێشکەوتووی ئاودانی دامەزراندووە کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای نوێ کاردەکات.

بە گوتەی عەبدولڕەحمان سلێمان، جۆری ترێیەکان بریتیین لە، ڕەشمێو، کەماڵی، حەلوانی، زەرک، بێبەرک، تایفی، ڕەشمیری، کرکرانی، ھەروەھا چەندان جۆری تری کەمتر باو، ھەریەک لەم جۆرانە تایبەتمەندی و خاسیەتی جیاواز ھەیە.

عەبدولڕەحمان سلێمان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ترێ خۆماڵییەکان تامێکی نایابیان ھەیە و چێژێکی تایبەت دەبەخشێت، ئەمەش بە تایبەتی بەھۆی ئەوەی کە ئەم ترێیانە بە تەواوی گونجاون لەگەڵ کەشوھەوای ناوچەکە و لە ژینگەیەکی گونجاودا پەرەی پێدەدەن.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی باخداریی دھۆک، زیاتر لە ٣٩ ھەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دھۆک بە دار مێو داچێندراوە.

جووتیارەکە داوای لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دەکات بۆ ئەوەی ھاوکاریی و پاڵپشتیان بکات بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ھەنگاونانی زیاتر لەپێناو بەھێزکردنی ئاسایشی خۆراک و بەپیشەسازیکردنی بەروبوومە خۆماڵییەکانی جووتیاران و گوتی: "داوا دەکەین لە وەرزی پێگەیشتنی ترێ و لەپێناو ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان، هاوردەکردنی ترێ قەدەغە بکرێت، هەروەها داواکارین لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی دا نرخی کیلۆواتی پڕۆژە کشتوکاڵییەکان هەرزانتر بکرێت چونکە ئەم بابەتە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی ھەیە لەسەر تێچووی بەرھەمھێنان، من سێ جار سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانم بینیووە و کێشەکانی جوتیارانی دھۆکم پێڕاگەیاندووە، بە تایبەت ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، خۆشحاڵین کە ھەندێک ڕێوشوێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی جووتیاران گیراوەتەبەر".

عەبدولڕەحمان سلێمان گوتیشی: "ماوەی حەفتەیەکە کۆمپانییەکی کەرتی تایبەت دەستی بە وەرگرتنی ترێ کردووە لە جووتیارانی دەڤەرەکە بەتایبەت لە ناوچەی دۆسکیان کە چەندان ھەزار تۆن ترێ لە جووتیارانی دھۆک وەردەگرێت و ئەم پڕۆسەیە بەردەوام دەبێت تا کۆتایی وەرزی ترێ، ئەمە ھەنگاوێکی زۆر باشە بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمەکانیان، ھیوادارین بۆ ساڵانی داھاتووش ئەم جۆرە پاڵپشتیە بۆ جووتیاران ھەبێت".

عەبدولرەحمان سلێمان باسی کاریگەرییەکانی وشکەساڵیی لەسەر بەرھەمی ترێ کرد و گوتی: "وشکەساڵی کاریگەری لەسەر بەرھەمی ترێ لە پارێزگای دھۆک دروستکردووە، ئەمساڵ زۆرێک لە باخی دێمی کە پشت بە باران دەبەستن، بە تەواوەتی بەرھەمەکانیان لەناوچوو، لە بەر ئەوەی کەمتر لە ١٠ سانتیمەتر خاکەکەی ئاو نەچووەتە خوار و خاکەکەی شێدار نەببوو".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın