ژيان

گەرمیان.. ٦٩ ساڵ ئاشەوانی

خاوەنی کۆنترین ئاش لە کەلار، میرزا حەسەن: "لای ئاغای گوندەکەمان بووم لە ١٥ ساڵانەوە لە گوندی گۆیان، وردەکاری کارەکە ئەوکاتە فێربووم، .ئاشی ئاو هەبوو ئەوکاتە، ئاغا منی کردە وەکیلی ئاشەکە".

Rewa Mahmood Hasan   | 15.02.2020
گەرمیان.. ٦٩ ساڵ ئاشەوانی

As Sulaymaniyah

کەلار-AA

لەگەڵ ئەوەی پیشەی ئاشەوانی لە زۆر شوێن نەماوە، بەڵام هەندێک هەن کە هێشتا دەست بەو پیشەیەوە دەگرن و بۆ نەوەکانی دوای خۆیانی بەجێ دەهێڵن.

هاووڵاتی میرزا حەسەن تەمەنی ٨٤ ساڵە و لە ١٥ ساڵییەوە سەرقاڵی کاری ئاشەوانی-یە. تا ئێستا ناوبەناو دەچێتەوە دووکانەکەی و سەرقاڵی پیشەکەی خۆی دەبێت.

بۆ میرزا عەسن گرنگە کە رێگە نەدات پیشەکەی وەک رەسەنایەتییەکی ناوچەکە بفەوتێ بۆیە ئەو کوڕەکەی خۆی فێری ئەو پیشەیە کردووە و لە دووکانەکەدا، ناوبەناو سەرقاڵی هاڕینی گەنم دەبن، تاکو ئارد، ساوەر، قەرەخەرمان-ی لێ بەدەستبهێنن و بەو شێوەیە پەرە بە ئیشێک دەدات کە نزیک بە حەوت دەیەیە سەرقاڵێتی.

میرزا حەسەن کە ناوبەناو به‌هۆی به‌ساڵاچوونییه‌وه‌ دەکۆکی و دەستی دەلەرزی بەو شێوەیە باس لە سەرەتا فێربوونی ئەو پیشەیە دەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو: "لای ئاغای گوندەکەمان بووم لە ١٥ ساڵانەوە ناوی ئاغا محەمەد ئەمین بەگ بوو لە گوندی گۆیان، وردەکاری کارەکە ئەوکاتە فێربووم، سەرقاڵی ئاشەوانی بووم. ئاشی ئاو هەبوو ئەوکاتە، ئاغا منی کردە وەکیلی ئاشەکە، هەرچییەک بوایە من دەچووم بەدەنگییەوە. تا وای لێهات کردمانە دەستگێڕ و گونداو گوند دەمان گەڕاند".

میرزا حەسەن هەرچەندە کوڕەکانی ئاشەکەی بۆ بەڕێوەدەبەن، بەڵام ناوبەناو دەبێت خۆی بچێتە سەر دووکانەکە تاکو هەندێک لە ئامێرەکان چاک بکات و ئامادەیان بکات بۆ هاڕینی گەنم یان چەڵتوک.

میرزا حەسەن لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە پەرەپێدانی ئەو پیشەیە دەکات و دەڵێت، "هۆشم کردەوە و گەورەبووم ئینجا زانیاری زیاترم وەرگرت لەسەر پیشەی ئاشەوانی، ئەوکات لە گوندەکانەوە دەهاتن بەدوامدا بۆ کاری ئاشەوانی. من خوێندەواریم نەبوو، بەڵام لە ئاشی ئاوەوە وردە وردە فێربووم و دەچوومە گوندەکان تاکو فێریان بکەن لەسەر کاری ئاشەوانیی.''

جومعە میرزا کوڕە گەورەکەیەتی و ئێستا تەنها بۆ هێشتنەوەی ئەو پیشەیە دووکانی ئاشەوانییەکە بەڕێوەدەبات.

جومعە میرزا لەزاری باوکیەوە کە ئێستا بەهۆی ئەوەی بەساڵدا چووە، کەمتر توانای کارەکەی هەیە، باسی جۆرەکانی ئاش دەکات کە سەرەتا هاتۆتە کەلار و ناوچەکە، بەو شێوەیە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا:

"سەرەتا بەردی قودرەتی هەبووە ئاشیان لێ دروستکردووە ناوی بەردی ئاسیاو بووە، ئاشی ئاویان لێ دروستکردووە. دواتر لە بەردی دەستکردی بەریتانی لەندەن کە عێراق هاوردەی کردووە و بەنەوتی رەش کاری کردووە، ئاشیان دروستکردووە و پاشان ئەو نەوتە رەشە نەما. لە ساڵانێکیشدا دینەمۆ یان مەکینەی ئۆتۆمبێلیان بۆ داناوە و تایەیان لەژێر داناوە تاکو گوند بە گوند بیگەڕێنن، بۆ کاری گەنم هاڕین".

جومعە میرزا باس لەوە دەکات کە خەڵکی کەلار و گوندەکان دێن گەنم دەهێنن و دەیکەنە ئارد و ساوەرو دەڵێت، "چونکە هەندێک جار ئارد بەکەڵک نایەت کە دابەش دەکرێت، خەڵک خۆی لە گەنمی خۆی ئارد دروست دەکات، ساوەریش دروست دەکەین چونکە هەندێک کەس لەبری برنج زیاتر حەز بە ساوەر دەکات".

جومعە میرزا ئاماژە بەوە دەکات کە هاوینان کار هەیە، بەڵام دواتر لە وەرزی پاییز و زستاندا لە ١٥ی ئەیلوولەوە تا کانونی یەکەم کاریان زۆر دەبێت.

ناوبراو دەڵێت، "بۆ ئاردەکە بەردەوام کار هەیە، بەڵام کەمترە، بۆ ساوەریش دوای دروێنەی گەنم خەڵک دێن و گەنمەکە دەکەنە ساوەر ئەویش لە مانگی تەمووزدا".


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın