ژيان

کەرنەڤاڵی ڤاڵانتاینی سپی لە سلێمانی

لەگەڵ هاتنی ١٤ی شوباتی هەموو ساڵێکدا یادی رۆژی خۆشەویستی (جەژنی ڤاڵانتاین) لە سلێمانی دەکرێتەوە و تێیدا گوڵی سوور لەنێوان خۆشەویستەکاندا دەگۆڕدرێنەوە.

Rewa Mahmood Hasan   | 14.02.2020
کەرنەڤاڵی ڤاڵانتاینی سپی لە سلێمانی

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

لەگەڵ هاتنی ١٤ی شوباتی هەموو ساڵێکدا یادی رۆژی خۆشەویستی (جەژنی ڤاڵانتاین) لە سلێمانی دەکرێتەوە و تێیدا گوڵی سوور لەنێوان خۆشەویستەکاندا دەگۆڕدرێنەوە.

رۆژی خۆشەویستی لەمساڵدا کەوتە رۆژێکی ساردی زستانەوە، بەفر چیای گۆیژە و ئەزمەڕی داپۆشی بوو، بەو هۆیەوە یادی ڤاڵانتاین لەنێو بەفردا کرایەوە و زۆرێک لە خۆشەویستان و هاوسەرەکان بۆ گۆڕینەوەی خۆشەویستی نێو بەفریان هەڵبژاردن تاکو دیارییەکی جوان و سەرنج ڕاکێش بدەنە یەکتر.

زیاد ناسراو بە باوکی یاد کە لەداقوقەوە هاتبوون، لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بەناوی چیمەن هاتبوونە سەر چیای گۆیژە.

باوکی یاد باس لەوە دەکات کە لەم رۆژەی ڤاڵانتاینەدا بەڵێنی بە هاوسەرەکەی داوە بەفر لەهەرکوێیەک هەبێت دەیبات، بۆیە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا هاتوونەتە چیای گۆیژە، بە قسەی هاوسەرەکەی بچنە شوێنێک بۆ یاد کردنەوە. هەر بۆیە بەیانیەکی زوو بەرەو سلێمانی بەڕێکەوتوون و هاتوونەتە سەر چیای گۆیژە، لەوێ گوڵەکەیان گۆڕیوە.

باوکی یاد کە هاوسەرەکەی ناوی چیمەنە لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت، "هاوسەرەکەم حەزی لەنێو بەفربوو، بەڵێنم پێدا لە رۆژی ڤاڵانتایندا بەفر لەهەرکوێیەک هەبێت، دەیبەم، بۆیە پەلی یەکترمان گرتوو هاتینە گۆیژە، لە داقوقەوە هاتووین، حەزم کرد لەنێو بەفردا گوڵی سووری خۆشەویستی بدەم بە هاوسەرەکەم و خۆشەویستی خۆمی بۆ دووپات بکەمەوە".

هاوسەری زیاد کە ناوی چیمەنە بەهەمان شێوە گوڵی سووری خۆشەویستی دایە دەست هاوسەرەکەی، بەو چەشنە باس لە جەژنی ڤاڵانتاین و هاتنیان بۆ سلێمانی دەکات و دەڵێت، "من بە هاوسەرم گوت حەزم لەناو بەفرە، ئیتر هاتینە ئێرە بۆ ئەوەی بەفرەکە ببینین و یادی ڤاڵانتاینیش بکەینەوە".

ئەوەی بەدی کرا تێکەڵ بوونی جەژنی ڤاڵانتاین و بارینی بەفر بەسەر چیای گۆیژەوە، دیمەنەکانی ئاڵو واڵا کرد.

بەدر ئیبراهیم زەینەڵ کاکەیی و هاوسەرەکەی کە لە شاری کەرکووکەوە هاتبوونە سەر چیای گۆیژە، لەبری گوڵی سوور، تۆپەڵە بەفرێکی سپیان پێشکەش بەیەک کرد.

بەدر دەڵێت، "بۆخۆشی بەفرەکەو بەبۆنەی رۆژی ڤاڵانتاینەوە هاتووین، هەموو ساڵێک لە کەرکووک گوڵی سوور پێشکەش دەکەین، ئەمساڵ گوتم با گوڵەکە سپی بێت، لە سوورەکە دەرچێت".

ئەمیرە هاوسەری بەدرەو لە کەرکووکەوە هاتوون، کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا، باس لەوە دەکات کە بە تۆپەڵە بەفرێکی سپی خۆشەویستی خۆی بۆ هاوسەرەکەی دەردەبڕێت و دەڵێت، "هەستم کرد بەفر سروشتی تر بێت، ئەمە دیارییەکی یەزدانییە، بۆیە لە رۆژی ڤاڵانتایندا پێشکەشی هاوسەرەکەمەی دەکەم. ئەمە خۆشەویستیەکەی لە دڵ دەدات، سپیە، وەک ئەو بەفرە خۆشەویستی پاک و سپی و جوان دەکات. ئومێد دەکەم خۆشەویستی هەموولایەک زیاد بکات و هەموو رۆژێکمان هەر خۆشی بێت".

کەرنەڤاڵی ڤاڵانتاینی نێو بەفر تەنیا ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە هاوسەر یان خۆشەویستیان هەیە، بەڵکو لەنێو ئەو کەسانەشدا کە خۆشەویست یان هاوسەریان نیە، یادی دەکرێتەوە، دیلان کچە گەنجێکی تازە پێگەیشتووە، ئەو گلەیی لەوە دەکرد کە کەس گوڵی سووری پێشکەش نەکردووە لە رۆژی ڤاڵانتایندا، بەڵام لەناکاو لەبەردەم زوومی کامێراکانی ئاژانسی ئانادۆڵودا گوڵێکی سووری وەرگرت لە ئامۆزاکەیەوە، ئەویش وەک دەربڕینی خۆشەویستی و بەخشینەوەی بەیەکتر.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın