ژيان

کۆچی هەمەڕەنگی ئاژەڵداران بۆ کوێستانەکان

İbrahim Yozoğlu   | 21.06.2021
کۆچی هەمەڕەنگی ئاژەڵداران بۆ کوێستانەکان

Sakarya

ساکاریا - AA

لە شارۆچکەی هەندەک سەربە پارێزگای ساکاریا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما کۆچی ئاژەڵدارانی ناوچەکە بۆ کوێستانەکان دەستی پێ کرد بەمەبەستی بەخێوکردنی ئاژەڵەکانیان لەو ناوچە بەرزانە کە کەشوهەوایەکی فێنک و لەوەڕێکی زیاتری لێیە.

گوندنشینانی ناوچەی دیکمەن، ئامادەکارییەکانی کۆچکردنیان تەواوکرد، ژنان پێش چەند رۆژێک جلوبەرگە خۆجێییەکانیان ئامادە کرد و پیاوانیش مەڕ و بزنەکانیان شۆرد و بۆیەی تایبەت بە خۆیانیان لێدان بەمەبەستی ناسینەوە و جیاکردنەوەیان لە ئاژەڵانی دیکە.

گوندنشینان لەگەڵ ئاژەڵەکانیان کە بە جوانی رازاندوویانەتەوە دەستیان بە کۆچە سەختەکەیان کرد و بەرەو کوێستانی دیکمەن کەوتنە رێ کە نزیکەی ١٠ کیلۆمەتر لە ناوچەکەیانەوە دوورە و هەزار و ٧٢٥ مەتر لە ئاست رووی دەریاوە بەرزە.

کۆچی گوندنشینان کە بووەتە جێی سەرنج و هاووڵاتییان لە پارێزگاکانی دیکەوە دەچن بۆ تەماشاکردنی، دیمەنی جوانی دروستکردووە.

لە کاتێکدا زەنگۆڵەی ملی ئاژەڵەکان کوێستانەکانیان ئاوەدان کردووەتەوە و بێ دەنگیان نەهێشتووە، گوندنشینان بە سەدان سەر ئاژەڵەوە رێ دەبڕن بەرەو کوێستانەکان و بارەکانیشیان بە تراکتۆر دەگوازنەوە بۆ شوێنی مەبەست.

موختار مەندەرەس ئایڤاز لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە بەمەبەستی درێژەدان بە نەریتەکەیان ئەمساڵ سەدوچواردەهەمین کۆچ ئەنجام دەدەن.

موختار مەندەرەس ئایڤاز ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵانە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەست بە کۆچ دەکەن و گوتی: ''ئەوە نەریتێکە ساڵانێکە لە باوباپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی پەتاوە کەمێک جیاوازە، بەڵام هەر جوانە، ١١٤ ساڵە بەردەوامین لەسەر ئەو نەریتە و بەردەوامیش دەبین''.

موختار مەندەرەس ئایڤاز هەروەها باسی لەوە کرد کە گوندنشینان بە کۆمەڵ ئاژەڵەکانیان بەرەو کوێستانەکان دەبەن و هەوڵ دەدەن درێژە بەو نەریتە بدەن کە لە باوباپیرانیانەوە بۆیان ماوەتەوە.

گوتیشی: "سەدا ٧٠ی خەڵکی ناوچەی دیکمەن بە درێژایی هاوین لە کوێستان دەمێننەوە. لەو ماوەیەدا ئاژەڵەکانیان لەوێدا بەخێودەکەن. لەوێ ئاژەڵەکان باشتر بەخێودەکرێن. شیر، ماست و پەنیر دروست دەکرێت، تا مانگی نۆ (ئەیلوول) لێرە دەمێنینەوە".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın