ژيان

چیای سەفین لە پێشوازی گەشتیارانی بەفردا

ئەمڕۆ ھەینی بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەناو بەفر و سروشتی بەفرین بەتایبەت لەسەر چیای سەفینی رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر، ھاووڵاتییان سەردانی چیاکەیان کرد و بەھۆی گیرانی رێگاکە، سەرکەوتن بەسەر چیاکە ئەستەم بوو.

Heman Husseın Yaseen   | 14.02.2020
چیای سەفین لە پێشوازی گەشتیارانی بەفردا

Arbil

هەولێر - AA

دوێنێ پێنجشەممە شەپۆلێکی بەفربارین ھەرێمی کوردستانی گرتەوە و دوای ماوەیەکی زۆریش بۆ یەکەمجار بەفر لە سەنتەری شاری ھەولێر باری و هاووڵاتییانی دڵخۆشکرد.

ئەمڕۆش ھەینی بە مەبەستی بەسەربردنی کاتێکی خۆش لەناو بەفر و سروشتی بەفرین بەتایبەت لەسەر چیای سەفینی رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر، ھاووڵاتییان سەردانی چیاکەیان کرد و بەھۆی گیرانی رێگاکە، سەرکەوتن بەسەر چیاکە ئەستەم بوو.

لە پێش نێوەڕۆش تیمەکانی راماڵینی بەفر دەستیان بە پاککردنەوەی شەقامە گشتییەکە کرد و دواتر بەرەو چیای سەفین ئاراستەی پاککردنەوەی شەقامەکەیان دەست پێکرد.

بەشێک لە ھاووڵاتییان ھەر لە دامێنێ چیاکە دەستیان بەشەڕە بەفر کرد و منداڵانیش بە دروستکردنی بووکە بەفرینە کاتێکی خۆشیان بەسەر برد.

لە درەنگانی شەوی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بەفربارین ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەفربارینەکە سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان دەستی پێکرد و پاشان کاریگەرییەکەی بەھێزتر بوو و تەواوی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.

پێشتریش بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی ھەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە کە بارستە ھەوایەکی سارد روو لە ھەرێمی کوردستان دەکات و پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و بەفربارین ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگاکان دەگرێتەوە.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın