ژيان

مەولود لە سلێمانی، یادێک بۆ پێکەوە ژیانی سەرجەم ئایینەکان

- بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاکۆ حەسەن ساڵح: "ئەمڕۆ کە لەسلێمانی ئەم یادەمان کردۆتەوە، نموونەیەکی خنجیلانەی پێکەوە ژیانی ئایینە جیاوازەکان نیشان دەدرێت کە هەر ئەمەشە پەیامی پێغەمبەری مرۆڤایەتی".

Rewa Mahmood Hasan   | 12.11.2019
مەولود لە سلێمانی، یادێک بۆ پێکەوە ژیانی سەرجەم ئایینەکان

As Sulaymaniyah

سلێمانی-AA

بە بۆنەی یادی لە دایکبوونی پێغەمبەری ئیسلامەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئەوقافی سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی و هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان، لە خانەقای مەولانا خالیدی نەقشبەندی سلێمانی مەراسیمێکیان رێکخست.

لە مەراسیمەکەدا ژمارەیەکی زۆر زانای ئایینی و بەرپرسی حکوومی لەوانە، پارێزگاری سلێمانی دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، شێخانی تەریقەت، سەرۆکی عەشیرەتەکان، مامۆستایانی ئایینی، سەرۆکی فەرمانگەکان ئامادەبوون. ئەمە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆری هاووڵاتیان لە ژن و پیاو لە مەراسیمەکەدا بەشداربوون.

لە مەراسیمەکەدا سەرەتا چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز خوێندرایەوە و دواتر بە هۆنینەوەی پەخشانی تایبەت بە مەولود کە بەزمانی کوردی دەخوێندرێت، بەدەم لێدانی دەفەوە، کەشێکی ئایینی جوانتر درا بە مەراسیمەکە.

دواتر پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەپیرۆزی رۆژی مەولود کرد لە نێو موسڵمانانی کورددا و داوای یەکڕیزی و تەبایی کرد لەنێوان سەرجەم پێکهاتە ئایینیەکانی هەرێمی کوردستان. دکتۆر هەڤاڵ داوای لە مامۆستایانی ئایینی کرد کە نەبنە واعیزەکانی دەسەڵات بەڵکو لەناو زانا و دانایاندا ببنە چەکوشێک بەسەریانەوە.

لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەڕێوەبەری ئەوقافی سلێمانی ئاکۆ حەسەن ساڵح ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بانگهێشتی سەرجەم مامۆستایانی ئایینی و پێکهاتە دینیەکانی نێوشاری سلێمانی و کەسایەتییە دیارەکانی نێو عەشیرەت و شێخانی تەریقەتیان کردووە و گوتی، ''ئەمڕۆ کە لەسلێمانی ئەم یادەمان کردۆتەوە، نموونەیەکی خنجیلانەی پێکەوە ژیانی ئایینە جیاوازەکان نیشان دەدرێت کە هەر ئەمەشە پەیامی پێغەمبەری مرۆڤایەتی. بۆ نموونە برایانی مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی لە شاری سلێمانی و چواردەوری بەشدارن لەم مەراسیمە پیرۆزەدا. دیارە بەدرێژایی ئەم مانگە، لەسەرجەم تەکیە و خانەقا و مزگەوتەکاندا یادی ئەم بۆنە پیرۆزە دەکرێتەوە".

لە مەراسیمەکەدا ناوبەناو شیرینی و ئاو و ساردی دابەش دەکرا بەسەر ئامادەبوواندا و ژنان بەشێکی دیاری ئامادەبووان بوون لە مەراسیمەکەدا.

ئەوەی جێی سەرنج بوو بەشداریکردنی قەشەی سلێمانی و قەشەی کەرکووک و نوێنەری ئایینەکانی تری ئێزدی و کاکەیی بوو لە مەراسیمی مەولودەکەدا.

لەلێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو قەشەی کەنیسەی ماریوسف لە سلێمانی قەشە ئەیمەن عەزیز ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ئەمڕۆ بەشدارن لەیادی مەولود، یادی لەدایک بوونی نەبەوی شەریف و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لەسەرجەم پێکهاتەی موسڵمانانی هەرێمی کوردستان کرد و هیوای خواست کە ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی ئارامی و خۆشی و پێکەوەژیانی سەرجەم مرۆڤایەتی و هاووڵاتیانی عێراق و بەتایبەتی هەرێمی کوردستان.

قەشە ئەیمەن ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەردەوام لەگەڵ پێکهاتە ئایینیەکانی تری هەرێمی کوردستان سەردان و هاتوچۆیان هەیە و دووپاتی کردەوە کە موسڵمانان و مەسیحییەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام سەردانی یەکتر دەکەن و پەیوەندییەکانیان گەرمە لەگەڵ یەکتر.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.