ژيان

"قشلەى ئاکرێ" لە سەربازگەى عوسمانییەکانەوە بۆ مۆزەخانەى ئاکرەیی-یەکان

- قشەلەى ئاکرێ یەکێک لە شوێنەوارە دێرینەکانى هەرێمى کوردستان و عێراقە و مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەدە لەمەوبەر کە لە سەردەمى عوسمانییەکان بنیاتنراوە و بڕیاروایە لە ئایندەدا بکرێت بە مۆزەخانە.

Azad Mohammed Abdullah   | 25.09.2019
"قشلەى ئاکرێ" لە سەربازگەى عوسمانییەکانەوە بۆ مۆزەخانەى ئاکرەیی-یەکان

Dahuk

دهۆک - AA

قشلەى ئاکرێ نزیکەى ٤٠ ژوور لەخۆدەگرێت و دەرخستەی نوژەنکردنەوەی بۆ ئیدارەى پارێزگاى دهۆک و وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان رەوانەکراوە و چاوەڕوان دەکرێت قشلەکە نوژەن بکرێتەوە و دواتریش بکرێتە مۆزەخانە و بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارى قەزاى ئاکرێ.

قشلەى ئاکرێ لە دوو نهۆم پێکهاتووە و لە هەر نهۆمێک نزیکەى ٢٠ ژوور هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند ژوورێکى ژێرزەمینیشى هەیە، دەرگایەکى گەورە لە ناوەڕاستى قشلەکەدا هەیە و لە پێش دەرگاکەدا فرۆشیاران کەلوپەل دەفرۆشن و لە دەستە راستى قشلەکە دەیان دوکان هەن.

تا ئێستا سێ جار کار بۆ نوژەنکردنەوەى کراوە، چوارەمین جار لە ساڵى ٢٠١٣ کۆمپانیایەکى ئێرانى دەستیکرد بە نوژەنکردنەوەى قشلەى ئاکرێ، بەڵام لە چەند رۆژێک زۆرینەى پارچە شوێنەوارییەکەى لەناوبرد، دەستبەجێ مۆڵەت و گرێبەستى کارکردنى کۆمپانیاکە هەڵوەشێندرایەوە.

بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارى قەزاى ئاکرێ، هیوا شیمال لە لێدوانێکى لەبارەى قشلەى ئاکرێ بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "قشلەى ئاکرێ، یەکێکە لە شوێنەوارە دێرەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و لەئێستادا پێویستى بە نوژەنکردنەوەیە و بۆ ئەو مەبەستەش دەرخستەیەکمان رەوانەى ئیدارەى پارێزگاى دهۆک کردووە و لەوێشەوە بۆ وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزارى حکوومەتى هەرێمى کوردستان کراوە، چاوەڕوان دەکەین گوژمەیەک پارەى بۆ خەرج بکرێت و تاوەکو نوژەنکردنەوەى بکەوێتە وارى جێبەجێکردن".

"قشلەى ئاکرێ" لە سەربازگەى عوسمانییەکانەوە بۆ مۆزەخانەى ئاکرەیی-یەکان

گوتیشى: "نوژەنکردنەوەى قشلەى ئاکرێ بە سێ قۆناغ دەبێت، قۆناغى یەکەم نوژەنکردنەوەى ژوورەکانە لەسەر ئەندازەى جارانى کە ئەندازەى عوسمانییەکانە و زیاتر لە ٢٠٠ ساڵە دروستکراوە، قۆناغى دووەم خۆى لە دابینکردنى کەلوپەل و شوێنى حەسانەوە دەبینێتەوە و قۆناغى سێیەم ناساندنى بە گەشتیاران و بڵاوکردنەوەیەتى لە دەزگاکانى راگەیاندن".

ئەو ئاشکرایشى دەکات کە دواى نوژەنکردنەوەى قشلەى ئاکرێ، قشلەکە دەکرێتە بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارى قەزاى ئاکرێ و بەهەمان شێوە دەکرێتە مۆزەخانەى ئاکرێ، لەگەڵ ئەوەشدا ژوورێک بۆ نووسەران، شاعیران و هونەرمەند و هونەردۆستانى ئاکرێ دابین دەکەین، بۆ ئەنجامدانى کۆڕى شیعرى و چالاکى ئەدەبى.

بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارى قەزاى ئاکرێ، هیوا شیمال دەڵێت "لە بەرنامەماندایە چایەخانەیەکى کولتوورى بۆ هاووڵاتییانى ئاکرێ لەناو قشلەى ئاکرێ بکەینەوە و لەگەڵ ئەوەشدا داتاشۆیەکى گەورە لەبەردەم دەرگاى قشلە بدەین و تاوەکو مێژوو و سەرجەم شوێن و بۆنە گرنگەکان نیشان بدات، ئەو گەشتیارانەى لە دەرەوەى ئاکرێ و دەرەوەى هەرێمى کوردستان سەردانى ئاکرێ دەکەن، ئاکرێ بە شێوەیەکى ئاسانتر بناسن".

دکتۆر بێکەس بریفکانى شوێنەوارناسێکى ناودارى قەزاى ئاکرێ-یە و یەکێکە لەو کەسانەى لێکۆلێنەوەى لەسەر قشلەى ئاکرێ کردووە، بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "مێژووى دروستکردنى قشلەى ئاکرێ دەگەڕێتەوە بۆ ٢١٩ ساڵ بەرلە ئێستا لە سەردەمى عوسمانییەکان دروستکراوە و لەسەر هەمان ئەندازەى عوسمانییەکان ماوەتەوە و کار بۆ ئەوەش دەکەین لەسەر هەمان ئەندازەى عوسمانییەکان نوژەنبکرێتەوە".

بریفکانى ئاماژەى بەوەدا کە جاران لەسەردەمى عوسمانییەکان لە ساڵانى ١٨٠٠ەوە قشلەى ئاکرێ سەربازگەى جەندرمەى عوسمانییەکان بووە و شەوان بۆ حەسانەوە تیایدا دەمانەوە، دواى عوسمانییەکانیش هەر وەکو سەربازگەیەک بەکارهێندراوە.

سەبارەت بە رووبەرى قشلەکە ئەو گوتى: "هەزار و ٤٢٣ مەتر و ٢٤ سانتیمەترە و رووى لە چیاى کەلێ ئاکرێ کە لە چیاکەشدا ئەشکەوتێکى شوێنەوارى هەیە".

ئەو شوێنەوارناسەى ئاکرێ دەڵێت "ناوى قشلە لە قشلاخى تورکى هاتووە کە واتاى شوێنى حەسانەوەى سەربازان دەدات لە کاتى خۆیدا جەندرمەى عوسمانییەکان تیایدا جێگیربوونەوە و شوێنى حەسانەوەیان بووە"

ناوبراو باسى لە گرنگى نوژەنکردنەوەى قشلەى ئاکرێ کرد و گوتى: "ئەگەر قشلەى ئاکرێ وەکو داوا کراوە نوژەنبکرێتەوە، کاریگەرى زۆرى دەبێت لەسەر زیادکردنى رێژەى گەشتیاران بۆ قەزاى ئاکرێ ئەمەیش گرنگى ئابوورى هەیە، و لە هەمان کاتیشدا ناوەندێکى باش دەبێت بۆ هەڵگرتنى سەرجەم پارچە شوێنەوارییەکانى سنوورەکە".

قەزاى ئاکرێ شارۆچکەیەکى هەرێمى کوردستانە و سەربە پارێزگاى دهۆکە کە لە ساڵى ١٨٧٧ لەسەردەمی دەوڵەتی عوسمانی کراوەتە قەزا.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın