ژيان

سلێمانی.. رێوڕەسمی بووک گواستنەوە بە پایسكل

- پارێزەرێكی بواری ژینگە لە شاری سلێمانی، جیاواز لە نەریتییەكانی بووک گواستنەوە، پڕۆسەی هاوسەرگیری و گواستنەوەی بووكی بە نەریتێكی تازە ئەنجامدا و لە بری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی هاوسەرەکەی، بە پایسكل ئەم کارەی کرد.

Dlshad Saifaalddin Ahmed   | 09.09.2019
سلێمانی.. رێوڕەسمی بووک گواستنەوە بە پایسكل

Iraq

سلێمانی - AA

پارێزەرێكی بواری ژینگە لە شاری سلێمانی، جیاواز لە نەریتییەكانی بووک گواستنەوە، پڕۆسەی هاوسەرگیری و گواستنەوەی بووكی بە نەریتێكی تازە ئەنجامدا و جگە لە چەند چالاكییەكی ژینگەیی لەم رۆژەدا، لە بری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی هاوسەرەکەی، بە پایسكل ئەم کارەی کرد.

سەروەر محەمەد عەلی قەرەداغی دانیشتووی شاری سلێمانییە و بەگوتەی خۆی ماوەی 10 ساڵە وەك چالاکوانی بواری پاراستنی ژینگە كار دەكات، ئەو تائێستا بەشداریی لە چەندین چالاكی جۆراوجۆر كردووە بۆ پاراستنی ژینگە و لە دەیان كۆڕ و كۆبوونەوە و سیمینار بۆ هەمان مەبەست بەشدار بووە.

سەروەر قەرەداغی كە سەرۆكایەتی رێكخراوێك بەناوی رێكخراوی سرووشتی كوردستان دەكات، لە خۆشەویستی بۆ كارەكەی بڕیاریدا لە رۆژی هاوسەرگیری و گواستنەوەی بووكدا جیاواز لە رێوڕەسمە نەریتییەكان، نەریتێكی تازە بێنێتە كایەوە و بۆ زیاتر پاكڕاگرتنی ژینگە لە بری ئۆتۆمبێل بۆ گواستنەوەی بووك پایسكل بەكاربهێنێت.

بووك و زاوا بە پایسكل لە بەردەم باخی گشتی سلێمانی بەڕێكەوتن و ژمارەیەك پایسكلسواری دیکەش وەك پشتیوانی و رێزلێنان لە كارەكەی سەروەر، بە پایسكل شوێنیان كەوتن و كاروانی بووك و زاوا كە هەموو پایسكل بوو بە شەقامەكانی شارەكەدا دەسووڕانەوە و بوونە جێگەی سەرنجی هاووڵاتییان.

سەروەر قەرەداغی لە بارەی هۆكاری ئەو چالاكییەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا و گوتی: "لە ساڵی 2009 ەوە لە بواری پاراستنی ژینگە كار دەكەم، ئەمڕۆش كە رۆژی پڕۆسەی هاوسەرگیری و گواستنەوەی هاوژینەکەمە، بەمەبەستی هاندانی ئەندامانی كۆمەڵگەكەمان و لە پێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستی و وەرزشدا، جیاواز لە رێوڕەسمە نەریتییەكان، لە رێوڕەسمێكی تایبەتدا پڕۆسەی بووك گواستنەوە بە پایسكل ئەنجام دەدەم".

بووك پشتیوانی كارەكەی هاوژینەکەی دەكات و بۆ هاندانی زیاتری كاركردن لە بواری پاراستنی ژینگە ئەم پێشنیازەی قبوڵكردووە و خۆشحاڵە بەوەی توانیان نەریتێكی جیاواز لە پڕۆسەی گواستنەوە و رۆژی هاوسەرگیرییەكەیان ئەنجام بدەن.

سەروەر و هاوژینەکەی لەم رۆژە تایبەتەی ژیانیاندا كە وەک دوو تاك دەچنە نێو ژیانی هاوسەرگیرییەوە سەرەتا بە چاندنی دوو نەمام لە باخی گشتی سلێمانی دەستیان پێكرد، پاشان لە بەردەم باخەكەدا گوڵی سرووشتییان بەسەر شۆفێران و رێبواراندا دابەش كرد، هەروەها پشیلەیەكی بێ‌ پەناگەیان لە رێكخراوێكی بواری پاراستنی گیانلەبەران وەرگرت و پرۆسەى بووک گواستنەوەیان بە پایسكل ئەنجامدا و ماوەی چەند كیلۆمەترێكیان بە پایسكل بڕی.




ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın