ژيان

رووبارى خازر.. مەلەوانگەیەکى سروشتى

- رووبارى خازر لە بنارى چیاى مەقلوب لە سنوورى قەزاى بەردەڕەشى سەربە پارێزگاى دهۆک بەهۆى ئاوە سازگار و کەشوهەوا گونجاوەکەى رۆژانە سەدان گەشتیارى نێوخۆیی و دەرەوە کێش دەکات.

Azad Mohammed Abdullah   | 13.08.2019
رووبارى خازر.. مەلەوانگەیەکى سروشتى

Dahuk

دهۆک - AA

سەرچاوەى رووبارى خازر لە چیاى گارە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک هەڵدەقوڵێت و زیاتر ١٠٠ کیلۆمەتر درێژە و دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانى هەولێر و نەینەوا. رۆژانە لە وەرزى هاویندا سەدان گەشتیار لە سنوورى شارەکانى دهۆک، هەولێر و مووسڵ بە مەبەستى مەلەوانى و خۆ فێنکكردنەوە و رزگار بوون لە گەرما تاقەت پڕوکێنەکەى هاوین سەردانى رووبارى خازر دەکەن لە سنوورى قەزاى بەردەڕەش.

گەشتیارانى کورد و عەرەب بە پێکهاتەى ئایینى موسلمان، مەسیحى، ئێزدى و کاکەییەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراق لە وەرزى هاوین بۆ بەسەربردنى کاتێکى خۆش روو لە رووبارى خازر دەکەن لە سنوورى قەزاى بەردەڕەش، گەشتیاران هەر لەگەڵ گەیشتنیان بە کەنارى رووبارەکە خۆیان هەڵدەدەنە نێو ئاوى رووبارەکە. بەشێک لە گەشتیارە عەرەبەکانیش بە گۆرانى گوتن و سەما و هەڵپەڕینەوە کاتەکانیان بەسەر دەبەن و دەمەو ئێوارانیش بە خواردنى تکە و کەباب و چەند جۆرێکى دیکەى چێشت کۆتایی بە گەشتەکەیان دەهێنن.

ئاوە فێنکەکەى رووبارى خازر بە درێژایی ساڵ شەپۆڵ دەدات و لە بەرامبەر بنارى چیاى مەقلوب لقەکانى گۆمر کە ئاوێکى گەرم و گەرماوە پێچەوانەى ناوەکەى ئاوێکى سارد دەڕژێنە نێو رووبارى خازر ئەمەیش رووبارەکەى گەورەتر دەکەن.

هاووڵاتییانى سنوورى قەزاى بەردەڕەش بە گوندەکانیشەوە جگە لەوەى بە مەبەستى خۆ فێنکكردنەوە مەلە دەکەن، مەلەکردن لە رووبارى خازر وەکو وەرزش ئەنجام دەدەن.

گەڕمەکینە یەکێکە لەو شوێنە قووڵانەى رووبارى خازر کە مەلەزان و مەلەوانیخوازان سەرنجیان لەسەرە، هاوشێوەى مەلەوانگەکان سێ شاخ لە نێو ئەو بەشەى رووبارە هەیە، مەلەوانان خۆى لەسەر شاخەکان هەڵدەدەنە نێو رووبارەکە، بۆیە ناونراوە گەڕمەکینە، چونکە ئاوەکە بەشێوەیەکى خێرا بەژێر شاخەکاندا خوڵدەخواتەوە، ئەمەیش مەترسیدارە بۆ ئەوانەى مەلەزان نەبن.

ئێواران چیاى مەقلوب بە سێبەرى خۆى کەنارى رووبارى خازر فێنکترى دەکاتەوە، و گەشتیاران پەیتا پەیتا دەستدەکەن بە ئامادەکردنى ژەمى ئێوارانیان.

رووبارى خازر درێژییەکەى نزیک دەبێتەوە لە ١٠٠ کیلۆمەتر و پانییەکەى لە نێوان ٥ مەتر بۆ ٦٠ مەتر و قووڵییەکەشى لە مەترێک بۆ ٥ مەتر قووڵ دەبێت. درێژى رووبارى خازر لە سنوورى قەزاى بەردەڕەش زیاتر لە ١٥ کیلۆمەتر دەبێت بەدرێژایی رووبارەکە هیچ رێنماییەکى خۆپاراستنى گەشتیاران و مەلەوانیخوازان لە کەنارى رووبارەکە نییە.

ساڵانە لە وەزرى هاویندا ژمارەیەک هاووڵاتی لە رووبارەکە دەخنکێن، کەچى تا ئێستا هیچ تیمێکى بەرگرى شارستانى بە ئەرکى خۆیان هەڵنەستاون لە سنوورەکە و تەنانەت دواى بڵاوبوونەوەى هەواڵى خنکانى هاووڵاتییان لە رووبارى خازر تیمەکانى بەرگرى شارستانى لە کاتى گونجاو بەدواى دۆزینەوەى تەرمەکاندا ناگەڕێن، بەڵکو زیاتر مەلەزانانى گوندەکانى کانیلان و قایمماوەن کە جوگرافیاى ئەو گوندانە بەدیار رووبارى خازرەوە هەڵکەوتوون بە ئەرکى ژێرئاوگەڕان هەڵدەستن و تەرمەکان لەژێر ئاو دەردەهێنن.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın