ژيان

ئاکرێ.. بەکارهێنانی گوێدرێژ بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک

- لە قەزاى ئاکرێ زیاتر لە سێ هەزار خێزان بۆ گواستنەوەى کەلوپەل و خۆراک و کاروباری دیکەی رۆژانەیان لەبرى ئۆتۆمبێل پشت بە گوێدرێژ دەبەستن، شارەوانی شارەکەش بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاکی سێ گەڕەک، چوار گوێدرێژى تەرخانکردووە.

Azad Mohammed Abdullah   | 25.08.2019
ئاکرێ.. بەکارهێنانی گوێدرێژ بۆ کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک

Dahuk


ئاکرێ - AA

گەڕەکانى چووستەیی، گۆڕەڤا و قاپەکى کە سێ گەڕەکى قەزاى ئاکرێى سەربە پارێزگاى دهۆک-ن، دەکەونە دامێنى چیاى کەلێ، بە کوچە و کۆڵانەکانى ئەم گەڕەکانەى قەزاى ئاکرێ جگە لەوەى تەسک و تروسکن لە هەموو کوچە و کۆڵانەکان پەیژە دروستکراوە بۆ سەرکەوتن و هاتنە خوارەوە، بۆیە ئۆتۆمبێل بەهیچ شێوەیەک کەڵکى لێوەرناگیرێت بۆ هاتوچۆ کارکردن.

لەو سێ گەڕەکەی ئاکرێ کە زیاتر لە سێ هەزار خانەوادە نیشتەجێن، دەیان گوێدرێژ بۆ گواستنەوەى خواردن، خواردنەوە و نەوت بەکاردەهێنرێن دانیشتوانی ئەو سێ گەڕەکە تەنانەت بەرد، چیمەنتۆ، دەرگا و پەنجەرەش بە گوێدرێژ دەگوازنەوە.

هەڵکەوتەى جوگرافى قەزاى ئاکرێ وایکردووە کە خانووەکان بەسەریەکدا هەڵدابچن و سەربانى هەر خانوویەک ببێتە حەوشەى خانووەکەى ژێر خۆى، ئەمە وێڕاى ئەوەى سیمایەکى جوانى بە شارەکە بەخشیوە، کەچى ژیانى دانیشتووانى ئەو گەڕەکانەى دەکەونە دامێنى چیا، سەختکردووە و سەختى ژیانى دانیشتووانى ئەم گەڕەکانەى ئاکرێ لەوەدایە کە تا ئێستا سوودیان لە بەکارهێنانى ئۆتۆمبێڵ نەبینیوە.

شارەوانى قەزاى ئاکرێ مانگانە بۆ خاوەنەکانی چوار گوێدرێژ بۆ هەریەکێکیان ٧٠٠ هەزار دینار دەدات کە لە سەدا ٥٠ى پارەکە لە گوێدرێژەکان خەرج دەکرێت بۆ کڕینى جۆ، ناڵ، کورتان و هەگبەیەکى گەورەی نایلۆن بۆ تێخستنی زبڵ و خاشاکی گەڕەکانی چووستەیی، گۆڕەڤا و قاپەکى.

بەرپرسى راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتى شارەوانى قەزاى ئاکرێ، زێرەڤان تەمۆ لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "شارەوانى ئاکرێ گرێبەستێکى ١٥ ساڵى لەگەڵ کۆمپانیایەک کردووە کە لە گرێبەستەکەدا هەشت گوێدرێژ لە سنوورى قەزاى ئاکرێ، بەردەڕەش و شێخان بۆ کۆکردنەوەى پاشماوە و خاشاک تەرخانکراوە، تا ئێستا چوار گوێدرێژ لە ئاکرێ کاریان پێدەکرێت".

زێرەڤان تەمۆ لەبارەى نوێکردنەوەى گرێبەستەکە گوتى: "بێگومان گرێبەست بۆ کارپێکردنی چوار گوێدرێژ لە ئاکرێ نوێ دەکرێتەوە، ئەگەر پێویست بکات گوێدرێژى زیاتریش تەرخان دەکەین".

سالم ئەحمەد زێبارى خاوەن یەکێک لە گوێدرێژەکان بەیانیان کورتان دەخاتە سەر پشتی گوێدرێژەکەى و هەگبە گەورەکەى دەخاتە سەر کورتانەکە و کۆڵان بە کۆڵان و ماڵ بە ماڵى گەڕەکى چووستەیی دەگەڕێت و زبڵ و خاشاک لە گوێدرێژەکە باردەکات.

سالم ئەحمەد زێبارى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئێمە چوار کەسین کە هەر یەکە و گوێدرێژێکمان هەیە کە لە لایەن سەرۆکایەتى شارەوانى قەزاى ئاکرێ پارەمان بۆ تەرخانکراوە، بە مەبەستى پاکڕاگرتنى گەڕەکانى چووستەیی، گۆرەڤا و قاپەکى. لەبەر ئەوەى ئەو سێ گەڕەکە هەمووى پەیژە و کوچە و کۆڵانى تەنگ و سەختن، ئۆتۆمبێل بەهیچ شێوەیەک لەم گەڕەکانە بەکارناهێندرێت".

ئەو گوتیشى: "ماوەى هەشت ساڵە بەبێ پشوو وەرگرتن و بەبێ گوێدانە سەرماى زستان و گەرماى هاوین بەردەوامین لە کارەکانمان. لە گەڕەکى گۆرەڤا من و هاوپیشەیەکم دوو گوێدرێژ بەکاردەهێنین و دوو هاوپیشەى دیکەیشمان لە گەڕەکەکانى چووستەیی و قاپەکى بەیانی تا ئێوارە هەڵدەستن بە پاککردنەوەى گەڕەکەکان".

حکوومەت مانگانە ٧٠٠ هەزار دینارى بۆ خاوەنی هەر گوێدرێژێک تەرخانکردووە، خاوەن گوێدرێژەکە دەڵێت "مانگانە ٧٠٠ هەزار وەردەگرین لە سەدا ٥٠ى پارەکە بۆ گوێدرێژەکانمانە، چونکە دەبێت مانگانە جۆ، ناڵ، کورتان و هەگبەى نایلۆنى گەورە بکڕین و لە سەدا ٥٠کەی دیکەیش لە ماڵ و منداڵەکانمان خەرج دەکەین".

ئەو چوار گوێدرێژەى لە لایەن شارەوانى قەزاى ئاکرێ پارەیان بۆ بڕاوەتەوە لە بەرزایی چیای کەلێ هەریەک بە کوچە و کۆڵانەکانى سێ لە گەورەترین گەڕەکانى ئاکرێ بڵاودەبنەوە زبڵ و خاشاکی لە هەگبەکانیان باردەکەن و دەیانگەیەنن بەو شوێنانەى کە شارەوانى بۆیانى دەستنیشانکردووە.

ئاکرێ شارۆچکەیەکى هەرێمى کوردستانە لە سنوورى پارێزگاى دهۆک کە لە ساڵى ١٨٧٧ لە لایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە کراوتە قەزا.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın