پەروەردەیی, عێراق

سلێمانی.. دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن

یەکەم زەنگی خوێندن لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی لێدراو بە رێنمایی تەندروستییەوە قوتابییان و خوێندکاران بەرەو پۆلەکان دەستە دەستە بەڕێکەوتن.

Rewa Mahmood Hasan   | 14.09.2021
سلێمانی.. دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

یەکەم زەنگی خوێندن لە قوتابخانەکانی شاری سلێمانی لێدراو بە رێنمایی تەندروستییەوە قوتابییان و خوێندکاران بەرەو پۆلەکان دەستە دەستە بەڕێکەوتن.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٤ی ئەیلولی ٢٠٢١ لە سەرجەم شارەکانی هەرێمی کوردستان پرۆسەی خوێندنی ساڵی (٢٠٢١-٢٠٢٢) دەستی پێ کرد و لە شاری سلێمانی-یش بە ئامادەبوونی بەرپرسانی پەروەردە لە پارێزگاکە، زەنگی خوێندن لێدرا و خوێندکاران بەرەو پۆلەکانیان بەڕێکەوتن.

لە کۆمەڵگای پەروەردەیی کوردستان لە شاری سلێمانی کە لە قوتابخانەیەکی بنەڕەتی و خوێندنگایەکی ئامادەیی پێکدێت، بە ئامادەبوونی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژهەڵات، تریفە عەبدوڵڵا و بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگاکە، یەکەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢١-٢٠٢٢) لێدرا.

سەرەتا مەراسیمی نوێی ساڵی خوێندن بە خوێندنەوەی سروودی نیشتمانیی دەستی پێ کرد و دواتر گوتاری کۆمەڵگای پەروەردەیی کوردستان بۆ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، خوێندرایەوە و قوتابییان و خوێندکاران بە جۆش و خرۆشەوە بەرەو پۆلەکان بەڕێکەوتن.

بەڕێوەبەری بەشی بنەڕەتی لە کۆمەڵگای پەروەردەیی کوردستان، مامۆستا بەهار ئیبراهیم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەمڕۆ سەعات هەشت خوێندکارەکانمان ئامادەبوون، لێرە کۆبوونەوە و ئاڵا هەڵکرا، دواتر چوونە نێو پۆلەکان تاوەکو دەست بکەن بە وانە خوێندن".

بەهار ئیبراهیم ئاماژەی بەوە دا کە بەتەواوی رێنماییە تەندروستییەکانەوە کە دەرچووە، پرۆسەکە دەستی پێ کردووە و رایگەیاند کە تەواوی مامۆستاکانیان لە چوارچێوەی هەڵمەتی وەزارەتی تەندروستییدا، ڤاکسینیان وەرگرتووە.

بەڕێوەبەری بەشی بنەڕەتی لە کۆمەڵگای پەروەردەیی کوردستان، مامۆستا بەهار ئیبراهیم سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سیستەمی خوێندن لەمساڵدا، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان تەواو ئامادەکارییان کردووە بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بکرێت بە وانەکانی ساڵی رابردوو کە قوتابی و خوێندکار خوێندویانە، تاوەکو قەرەبووی ئەو کاتانە بکەنەوە کە لە ساڵی خوێندنی پاردا لە دەستیان چووە.

بەهار ئیبراهیم ئاشکرای کرد کە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هیچ کاریگەرییەک لەسەر رەوشی پەروەردە ناکات بۆ وەستاندنی سەرلەنوێ.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın