پەروەردەیی, عێراق

زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدرا

- بە بەشداری زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار خوێندکار و ١٦٢ هەزار مامۆستا و فەرمانبەر، ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢١-٢٠٢٢) لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد، خوێندن لەناو پۆل دەبێت بە خۆپارێزی تەواو.

Hawkar Yaseen   | 14.09.2021
زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان لێدرا

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ ١٤ی ئەیلوول سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە قوتابخانەیەکی قەزای شەقڵاوەوە زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن (٢٠٢١-٢٠٢٢)ی لە هەرێمی کوردستان لێدا.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، خوێندنی ئەمساڵ لەناو پۆل و بەشێوەی ئاسایی لەوادەی خۆیدا دەستی پێ کرد، بەڵام مامۆستایان، خوێندکاران و فەرمانبەران دەبێت بە خۆپارێزی تەواو و بەستنی ماسکەوە بچنە قوتابخانە و هۆڵەکانی خوێندنەوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە وتەیەکدا دوای لێدانی زەنگی دەستپێکردنی ساڵی خوێندن رایگەیاند "پیرۆزبایی ساڵێکی نوێی خوێندن لە ئێوەی خۆشەویست دەکەم، زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە ھۆڵەکانی خوێندن بەڕووی قوتابییاندا کراونەتەوە، بەداخەوە لە ماوەی رابردوودا، بەھۆی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، پرۆسەی خوێندن نەیتوانی بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوام بێت، بەڵام نەشوەستا، لێرەوە جێیی خۆیەتی من سوپاسێکی بێ پایانی مامۆستایانی خۆشەویست بکەم کە سەرەڕای ئەو دۆخە نالەبارەی تەندروستیی و ئابووریی، بەڵام ھەموو ھەوڵێکیاندا بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن بەردەوام بێت".

مەسرور بارزانی گوتی: "خۆشحاڵم کە دەبینین جارێکی دیکە قوتابخانەکان دەکرێنەوە، قوتابییە خۆشەویستەکانمان دەگەڕێنەوە بۆ ھۆڵی خوێندن، ئێمە ھەوڵێکی زۆرمانداوە بۆ ئەوەی گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پەروەردە بدەین، بەداخەوە لەبەر ئەم ھەموو کێشە و گرفتانەی رووبەڕووی ھەرێم بوونەوە، چ لە رووی ئابوورییەوە چ لە رووی تەندروستییەوە، وەکو پێویست نەمانتوانیوە ئەوەی لە بەرنامەی ئێمەدا بووە جێبەجێ بکەین، بەڵام ھیوادارم بتوانین لە قۆناغەکانی داھاتوودا گرنگییەکی زیاتر بە پەروەردە بدەین".

بەپێی بڕیارەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، خوێندنی ئەمساڵ لەنێو پۆل و بە ئامادەبوونی تەواوی مامۆستایان و قوتابیان دەبێت، بەڵام بەخێوکاری خوێندکارانیش مافی ئەوەیان ھەیە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە داوای خوێندنی ئەلیکترۆنی بکەن بۆ منداڵەکانیان.

وەزارەتی پەروەردە بە رێکاری توندی خۆپارێزیییەوە دەستی بە پرۆسەکە کردووە و مەرجی ئەوەی داناوە کە هەموو خوێندکاران، مامۆستایان و فەرمانبەران لە قوتابخانە و هۆڵەکانی خوێندندا دەبێت ماسک ببەستن و پەیڕەوی رێکارەکانی خۆپارێزی بکەن، لە قۆناغی یەکەمیشدا، دووملیۆن و ٥٠٠ ھەزار ماسک و ٥٠ ھەزار پاککەرەوە بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرە کارگێڕییەکانی نێو قوتابخانەکان دابینکراوە و بەسەر خوێندنگاکاندا دابەشدەکرێت، جگە لەوەش وەزارەتی پەروەردە جەخت دەکاتەوە کە دەبێت مامۆستایان و فەرمانبەران ڤاکسین وەربگرن.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەبەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار خوێندکار و ١٦٢ ھەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە حەوت ھەزار و ١٤٥ قوتابخانە و ناوەندی خوێندن دەبێت.

بەپێی ساڵنامەی خوێندن کە وەزارەتی پەروەردە دایڕشتووە، سێ ھەفتەی یەکەمی خوێندنی ئەمساڵ بۆ قەرەبووکردنەوەی خوێندنی لەدەستچووی ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ی تەرخانکراوە، قەرەبووەکە قۆناغەکانی (٢-٣-٤-٥-٦-٨-٩)ی بنەڕەتی لەگەڵ قۆناغی ١١ی ئامادەیی دەگرێتەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پرۆگرامەکان ئەو بەشە وانانەی دیاریی کردووە کە پێویستە لە ماوەی ئەو سێ ھەفتەیەدا بخوێندرێن و داوا لە قوتابخانەکان کراوە پەرتووکی ساڵی رابردوو بدەن بە خوێندکاران تاوەکو ئەو بەشە وانانەی دیاریی کراون دەخوێندرێت و پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت، دواتر دەست بە وانەکانی پۆلە نوێکانیان دەکرێت.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın