وەرزش

سلێمانی.. لە قردێلەی شێرپەنجەدا بەدرێژی حەوت هەزار و ٢٨٨ مەتر ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکرێ

- بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەوە لە سلێمانی ماراسۆنی پاڵپشتی تووشبوانی شێرپەنجە ئەنجام درا و درێژترین قردێلەی شێرپەنجە لە جیھاندا نمایش کرا.

Rewa Mahmood Hasan   | 04.02.2020
سلێمانی..  لە قردێلەی شێرپەنجەدا بەدرێژی حەوت هەزار و ٢٨٨ مەتر ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکرێ

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەوە، ماراسۆنی پاڵپشتی تووشبوانی شێرپەنجە لە سلێمانی ئەنجام درا و درێژترین قردێلەی شێرپەنجە لە جیھاندا نمایش کرا.

ئەمڕۆ سێشەممەی شوباتی ٢٠٢٠، رێكخراوی ئاڤی لە رۆژی جیھانی شێرپەنجەدا لە شەقامی سەرەكی مەلیك مەحمود ماراسۆنێکی رێکخست کە لە بەرامبەر شاری گۆیژەوە دەستیپێکرد تا گەراجی دووی چاڤی لاند.

لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەندامی رێکخراوی ئاڤی کە ماراسیۆنەکەی رێکخستبوو، محەمەد رۆبیتان ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک رێکخراوەکە لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا ئەو چالاکییەیان رێکخستووە کە خۆی دەبینێتەوە لە ماراسیۆنێکی سێ کیلۆمەتری و دواتر راخستنی قردێلەی شێرپەنجە بەدرێژی حەوت هەزار و ٢٨٨ مەتر ئەویش بۆ تۆمارکردنی ژمارەیەکی پێوانەیی لە کتێبی گینس-دا.

یەکێک لە بەشداربوانی ماراسیۆنەکە کە لە کچاندا پلەی یەکەمی بەدەست هێنا، شانیا تەها-یە ئەو دەڵێت کە بۆ پاڵپشتیکردنی تووشبوانی شێرپەنجە بەشداری لەو چالاکییەدا کردووە و لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵوو دەڵێت، ''ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشم کە توانیم پلەی یەکەم بەدەستبهێنم لە ماراسیۆنەکەدا، من لە خوێندنگەی گەشەم لە رێگەی مامۆستاکەمانەوە ئاگادارکرامەوە کە چالاکییەکی ماراسیۆن ئەنجام دەدرێت و منیش خۆم بۆ ئامادەکرد. ئێمە لێرەین تاکو بە تووشبوانی شێرپەنجە بڵێین ئێوە بەتەنیا نین، ئێمەشتان لەگەڵین و پاڵپشتتانین''.

بەشداربوویەکی تری ماراسیۆنەکە کوڕێکە بەناوی بنار محەمەد عینایەت ئەو لەهەورامانەوە هاتبوو، پلەی یەکەمی کوڕانی بەدەستهێنا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ئەمە سێیەم جارمە بەشداری دەکەم لەم جۆرە چالاکییانەدا، سوپاس بۆ خوا پلەی یەکەمم بەدەستهێنا، پەیاممان بۆ تووشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە ئەوەیە کە هەرگیز ورە بەرنەدەن، تەنیا لەو رێگەیەوە دەتوانن زاڵبن بەسەر نەخۆشیەکەدا''.

دلێر تەلی ٣٤ ساڵ کە میدیاکارە، ماوەیەکە تووشی شێرپەنجە بووە، یەکێکە لە بەشداربووانی ماراسیۆنەکە و بە ورەیەکی بەرزەوە بەرەنگاری ئەو نەخۆشییە دەبێتەوە.

دلێر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''یەکێک لەو کەسانەم کە تووشی شێرپەنجی گورچیلە بووم، ئەم جۆرە لە شێرپەنجە لە ١٩٦٣ەوە تا ئێستا ٢٥ کەس تووشی بووە لە جیهاندا، بەشداربووم لەم چالاکییەدا، تاکو ورەی زیاتر بدەم بە خۆم و تووشبوانی تری شێرپەنجە".

هەر لە چالاکییەکەدا بۆ پاڵپشتی تووشبوانی شێرپەنجە و لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەدا، درێژترین قردێلەی شێرپەنجە لە جیھاندا كە حەوت هەزار و٢٨٨ مەترە لە شاخی گۆیژە راخرا.

پێشتر ئەو ژمارە پێوانەییە لە وڵاتی هیندستان تۆمارکرا لە ٢٥ی شوباتی ساڵی پاردا کە درێژی قردێلەکە حەوت هەزار و ٦٣ مەتر بوو. چاوەڕوان دەکرێت کە بەرپرسانی ژمارە پێوانەییەکانی کتێبی گینس ئەو قردێلەیە وەک درێژترین قردێلەی شێرپەنجە تۆمار بکەن لە گینس-دا.

رۆژی چواری شوباتی هه‌موو ساڵێك به‌ رۆژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی شێرپه‌نجه‌ داده‌نرێت و ساڵانه‌ له‌ جیهاندا به‌ مه‌به‌ستی هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاووڵاتییان له‌ نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ و چۆنێتی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه‌ چالاكی جۆراوجۆر ئه‌نجام ده‌درێت.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.