هونەر و كلتوور

"نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری پێویستە"

نیهاد لەتیف قۆجە: "ئەو باڵەخانانەی دەوری قەڵا کە مێژووی دروستکردنیان ٥٠ ساڵ زیاترە، وەک باڵەخانەی پێشووتری دادگا، باڵەخانەی ئێستای پارێزگای هەولێر، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دەڕووخێندرێن".

Heman Husseın Yaseen   | 11.02.2020
"نۆژەنکردنەوەی قەڵای هەولێر بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری پێویستە"

Arbil

هەولێر - AA

لە ساڵی ٢٠٠٥ قەڵای ھەولێر لەلایەن رێکخراوی یونیسکۆوە، وەک شوێنەوارێکی جیھانی دەستنیشانکراوە، قەڵاکە ماستەرپلانی بۆ دانراوە و دانیشتووانەکەیشی قەرەبوو کراونەتەوە و دواتر دەست بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی قەڵا کرا و ماوەی چوار ساڵیش بەهۆی شەڕی دژبە داعش و قەیرانی داراییەوە، کارکردن لە قەڵای هەولێر راوەستا و لە ساڵی رابردووشەوە کارکردن دەستی پێکردووەتەوە.

سەرۆکی لێژنەی باڵای نۆژەنکردنەوە قەڵای ھەولێر، نیهاد لەتیف قۆجە رایگەیاند کە رۆژانە زیاتر لە هەزار گەشتیار سەردانی قەڵای هەولێر دەکەن، بەڵام نەبوونی شوێنێک بۆ پشوودانی گەشتیاران بووەتە گرفت و ئاشکراشی دەکات کە دوو قاوەخانە و رێستورانێک چەند مۆتێلێک دروست دەکەن.

نیهاد لەتیف قۆجە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماستەرپلان بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵا لە ساڵی ٢٠٠٩ دەستی پێکرد، ماوەیەکی زۆری دەوێت بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە، بەڵام لە دەستپێکەوە هەنگاوی یەکەم پاراستنی ئەو شوێنانە بوو کە وەک خۆی ماوەتەوە، دواتر دەستکرا بە نۆژەنکردنەوەی ئەو خانووانەی کە لە داڕمانەوە نزیک بوون، جگە لەو خانووانەی کە دۆخیان باشتر بوو".

سەرۆکی لێژنەی باڵای نۆژەنکردنەوە قەڵای ھەولێر، نیهاد لەتیف قۆجە گوتیشی: "لە ساڵی ٢٠١٤ تا ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی بوونی قەیرانی دارایی و شەڕی دژبە داعش، کارکردن لەسەر قەڵا راوەستا و ئێستا خۆشبەختانە دوای ئەوەی کە بە سوپاسەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی جێبەجێکاری کۆمپانیای کار گرووپ، شێخ باز بەرزنجی بڕی دوو ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵا تەرخانکرد و بەڵێنی زیاتریشی داوە، هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بڕی ٨٦٠ هەزار دۆلاریان بەخشی، کارکردن لەسەر قەڵای هەولێر دەستی پێکردووەتەوە و لە یەکەم هەنگاویشدا دەستمان بە نۆژەنکردنەوەی سەرشۆری قەڵا ونۆژەنکردنەوەی سەنتەرێکی رۆشنبیریی مێژوویی کرد، ئومێدەوارم ئەمساڵ بتوانین شەقامی ناوەڕاستی قەڵا بەردڕێژ بکەین".

نیهاد لەتیف قۆجە ئاماژە بەوەش دەکات تا ئێستا چەند پلانێکیان جێبەجێکردووە و ئاشکرایشی دەکات کە رۆژانە نزیکەی هەزار و ٥٠٠ گەشتیار سەردانی سەر قەڵای هەولێر دەکەن و جەختیش لەوە دەکاتەوە ئەو ژمارە گەشتیارە پێویستیان بە شوێنێک هەیە بۆ پشوودان و گوتی: "تا ئێستا ئاو، زێراب و هێڵی ئینتەرنێت لەژێر زەوییە، بابەتی کارەبا ماوە کە ئەویش ماوەیەکی دیکە تەواوی دەکەین، ئینجا بتوانین لە کەنار شەقامی گشتی دوو قاوەخانە و رێستورانت بکەینەوە چونکە رۆژانە نزیکەی هەزار تا هەزار و ٥٠٠ کەس سەردانی قەڵای هەولێر دەکات، بەڵام شوێنێک نییە کە لێی دابنیشن، بۆیە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەگەر هیچ گرفتێک دروست نەبێت، دەگەینە ئامانجی خۆمان و بەشێکی پڕۆژەکان جێبەجێ دەکەین".

جگە لە سەرشۆر، تەکیە، مزگەوت و چەند دوکانێک، هەروەها ٤٢٥ خانووی قەڵای هەولێر بەسەر هەریەک لە گەڕەکەکانی تەکیە، تۆپخانە و سەرا دابەش بوون کە ھەموویان بە کەرپووچی خۆماڵی و قسڵ دروست کراون و نەخشەسازییەکی مێژوویی هەیە، سەرۆکی لێژنەی باڵای نۆژەنکردنەوە قەڵای ھەولێر، نیهاد لەتیف قۆجە لەبارەی پاراستنی نەخشەسازییە مێژوویی قەڵاکە گوتی: "لە کۆی ٤٢٥ خانوو، نزیکەی ٢٢٠ خانوو وەک خۆی ماوەتەوە، ئەوەی دیکە بەپێی دۆکیۆمێنتەکەی لەبەردەستمان هەیە نۆژەنی دەکەینەوە و باوەڕ ناکەم هیچ خانووێک دیزاینەکەی دەستکاری بکرێت و هەمووی وەک دیزاینەکەی پێشووی دەمێنێتەوە".

سەرۆکی لێژنەی باڵای نۆژەنکردنەوە قەڵای ھەولێر، نیهاد لەتیف قۆجە ئاشکرایشی کرد کە بۆ دروستکردنی کەرپووچەکان، کارگەیەکی تایبەت بەخۆمان هەیە کە تەنها کەرپووچ بۆ نۆژەنکردنەوەی قەڵا بە کوالیتێکی بەرز بەرهەم دەهێنێت و ئەمەش وا دەکات کە پڕۆسەی کاری نۆژەنکردەوە خێراتر بکات.

نیهاد لەتیف قۆجە لەبارەی بوودجەی پێویست بۆ تەواوکردنی ماستەر پلانەکە گوتی: "ماستەر پلانەکە درێژخایەنە و بەوردی بوودجەیەک دیاریی نەکراوە، بەڵام بەپێی مەزەندەکانمان بڕی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری پێویستە تاوەکو بتوانین قەڵای هەولێر بەتەواوی نۆژەن بکەینەوە، چونکە گرفتی ئەوە هەیە کە کۆڵانەکان تەنگەبەرن و ناتوانین لە چەند شوێنێک بەیەکەوە کار بکەین، بەجۆرێک تا خانوویەک لەسەر قەڵا نۆژەندەکەینەوە دەتوانین لە خوارەوە دوو خانوو دروست بکەین".

سەرۆکی لێژنەی باڵای نۆژەنکردنەوە قەڵای ھەولێر، نیهاد لەتیف قۆجە گوتیشی: "لە پلانماندایە لە داهاتوودا بۆ نموونە چەند هۆتێلێکی بچووک بکەینەوە و باوەڕ ناکەم بەمزووانە بتوانین جێبەجێی بکەین، بەڵام لە شەش تا حەوت ساڵی داهاتوودا دەتوانین، چونکە قەڵای هەولێر دەبێت ببێت بە سەنتەرێکی مێژوویی گەشتیاریی".

بەپێی ماستەرپلانەکە، قەڵای ھەولێر، هۆتێل، رێستورانت و قاوەخانەی تیادا دەبێت، جگە لە پەیمانگای رۆشنبیری و سەنتەری رستن و چنین و سەنتەرێکی جلوبەرگی کوردی، هەروەها لە سنووری شەقامی بازنەیی ٣٠ مەتری کە دەبێتە حەرەمی قەڵای هەولێر، نابێت بەرزترین باڵەخانە لە چوار نهۆم زیاتر بێت و هەریەک لە باڵەخانەکانی پارێزگای هەولێر، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردی هەولێر دەڕووخێندرێن و ژێرەوەیشیان دەبێتە پارکینگی ئۆتۆمبێل و لەمبارەیەوە سەرۆکی لێژنەی باڵای نۆژەنکردنەوە قەڵای ھەولێر، نیهاد لەتیف قۆجە گوتی: "یەکێک لە رێنماییەکانی یونیسکۆ ئەوەیە کە ئەو باڵەخانانەی دەوری قەڵا کە مێژووی دروستکردنیان ٥٠ ساڵ زیاترە، وەک باڵەخانەی پێشووتری دادگا، باڵەخانەی ئێستای پارێزگای هەولێر، وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر، ئەو شوێنانە هەمووی دەڕووخێندرێن، هەروەها دیزاین هەیە کە لە ژێرەوە پاڕکینگێک دروست دەکرێت کە توانای لەخۆگرتنی دوو هەزار و ٥٠٠ ئۆتۆمبێلی هەبێت، دەبێت قەڵای هەولێر بەشێوەیەک بێت کە لە دوورەوە دیاربێت".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın