هونەر و كلتوور

تارای زیوینی گۆیژە گەشتیارێکی زۆری ناوخۆیی و بیانی رادەکێشێت بۆ سلێمانی

- چیای ئەزمەڕ و گۆیژە باکووری سلێمانی، تارای زیوینیان پۆشیووە و گەشتیارێکی زۆری عەرەب و کورد لە شارەکانی تری ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە هاتوون بۆ سەردانی چیای گۆیژە و ئەزمەڕ تاکو دیمەنە دڵڕفێنەکانی بەفر و سروشتی ناوچەکە ببینن.

Rewa Mahmood Hasan   | 15.01.2020
تارای زیوینی گۆیژە گەشتیارێکی زۆری ناوخۆیی و بیانی رادەکێشێت بۆ سلێمانی

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

لە وەرزی زستاندا شاخەکانی هەرێمی کوردستان تارای زیوین دەپۆشن، ئەمەش دەبێتە هۆی راکێشانی گەشتیارێکی زۆری عەرەب لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق.

شاری سلێمانی کە بە شاخ چواردەوری دراوە، زستانان ناوبەناو بەفرێکی زۆری لێدەبارێت، ئەمەش بۆ ئەو کەسانەی حەز بە بەفر دەکەن بەتایبەت لە شوێنە گەرمەکان، دەبێتە هەلێک تاکو بارگەیان بپێچنەوە و خۆیان بگەیەننە شاری سلێمانی و فریای ئەو دیمەنە دڵڕفێنانە بکەون کە بەفر لە چواردەوری شارەکەدا، وەک تارایەکی زیوین دەدرێت بەسەر شاخەکانیدا.

چیای ئەزمەڕ و گۆیژە کە دەکەونە باکووری سلێمانی، بەهۆی بەرزیان لە ئاستی رووی دەریاوە، ناوبەناو رووبەڕووی پاڵەپەستۆیەکی نزمی پلەکانی گەرما دەبنەوە و هەر زستانە و ٤-٦ بەفری لێ دەبارێت.

- بارینی بەفر گەشتیارێکی زۆر رادەکێشێت بۆ سلێمانی

لەگەڵ بارینی سەخترترین بەفری ئەمساڵ لە چیای گۆیژە و ئەزمەڕ، هاووڵاتییەکی زۆری عەرەب، کورد و فارس روویان کردە چیای ئەزمەڕ و گۆیژە، تاکو بێبەش نەبن لەو دیمەنە دڵڕفێن و سەرنجڕاکێشەی.

دوای ئەوەی لە رۆژانی پێشوودا شەپۆلێکی بەفربارین چواردەوری سلێمانی گرتەوە، هاووڵاتییان پەیتا پەیتا بەرەو چیای گۆیژە و ئەزمەڕ بەڕێکەوتن، بەچەشنێک کە لەدوای کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆوە بەهۆی قەرەباڵغی ئۆتۆمبێلەکان کە بەڕیز وەستابوون تاکو بگەنە سەر لووتکەی چیاکان، ئاستەنگی دروست بوو بۆ گەشتیاران لە گەیشتنیان بە لووتکەی چیاکە، بۆیە هەندێکیان بەناچاری لە دامێنی شاخ و چیاکاندا و لە نزیک دەباشان، لایان دەدا و سەرقاڵی شەڕەبەفر و وێنەگرتن و بەسەربردنی کاتێکی خۆش بوون لەنێو بەفرەکەدا.

هەڵۆ فەخرەددین خوێندکاری پەیمانگای هونەرە جوانەکانی کەرکووک لەگەڵ هاوەڵەکانیدا لە کەرکووکەوە هاتبوو بۆ شەرەتۆپەڵ و بینینی دیمەنی یەکەم بەفری گۆیژە.

هەڵۆ فەخرەددین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە هەر سەرلەبەیانیەکەی کە بیستوویانە بەفر لە چیای ئەزمەڕ و گۆیژەی سلێمانی باریوە، لەگەڵ هاوەڵە خوێندکارەکانیدا بڕیاریان داوە بەرەو سلێمانی بەڕێبکەون و گوتی: ''لە کەرکووکەوە یەکسەر بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی بگەینە ناو بەفرەکەی سلێمانی، بەڵام لێرە کەمێک ئاستەنگیمان بەهۆی قەرەباڵغی ئۆتۆمبێلەوە بۆ دروست بووە، نەمانتوانی بگەینە سەر لووتکەی شاخەکە، ئێستا لێرە لەم قەدپاڵەدا شەڕەتۆپەڵ دەکەین و بەنیازین دوای وێنەگرتن بگەڕێینەوە، بەڕاستی دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشە".

دیمەنی دامێنی شاخەکە بەجۆرێک منداڵ و گەنج و پیر پێکەوە دەستی یەک دەگرن و سەرقاڵی وێنەگرتن و شەڕەتۆپەڵ و دروستکردنی شێرە بەفرینەن، لەم ساتەدا تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ، بەهۆی بەستنی رێگاکە و قەرەباڵغی ئۆتۆمبێلەکان، ناچارن کە ژمارەیەکی زۆرتر بڵاوە بکەن و هەوڵی کەمکردنەوەی رووداوی هاتوچۆ بدەن لە ئەگەری روودانیدا.

تیمەکانی پۆلیسی هاتوچۆ لەدوای کاتژمێر شەشی ئێوارەوە رێگای سەرەکی بۆسەر شاخەکە دادەخەن، بۆ رێگریکردن لەهەر ئەگەرێکی نەخوازراوی رووداوی هاتوچۆ، چونکە لە شەودا پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە و سەرەڕای خوێڕێژکردنی شەقامەکان، بەڵام هەر مەترسی بەستنی لێدەکرێت.


- ''حەزدەکەم هەموو بەشەکانی تری عێراق وەک هەرێم بێت، دیمەنی سەرنجڕاکێش و مامەڵەی جوان و خزمەتگوزاری باش''

تەنها هاووڵاتیانی کورد رووناکەنە بەفری چیاکانی سلێمانی، بەڵکو هاووڵاتییانی گەشتیاری عەرەب و فارس-یش بەشێکن لەو کەسانەی سەردانی چیای گۆیژە دەکەن.

عەلاء عەبدولساحب-ی تەمەن ٤٥ ساڵ کە دانیشتووی ناوچەی تاڵیبیەی شاری بەغدایە و پزیشکی ددانە، زۆر بە خۆشحاڵییەوە باس لەهاتنی دەکات بۆ هەرێمی کوردستان و دەڵێت ''لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دیمەنی دڵڕفێن هەن، زۆر شت سەرنجمان رادەکێشێت، خەڵکەکەی زۆر بە جوانی مامەڵە دەکەن، خزمەتگوزاری زۆر سەرنجڕاکێش بۆ ناوچەکە کراوە کە دێیتە ئێرە دڵت دەکرێتەوە، دیمەنی جوانی سروشت و رێکوپێکی شوێنە گەشتیاریەکان، هەموو ئەمانە سەرنجمان رادەکیشێت".

عەلاء عەبدولساحب ئارەزووی دەکرد کە هەموو بەشەکانی تری عێراق وەک هەرێمی کوردستان بێت، هەروەک داوای لە بەرپرسەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کرد کە بچن سەردانی هەرێم بکەن تاکو ئەو رێک و رەوانەی و دیمەنە سەرنج راکێشانە ببینن.

ئەو گەشتیارە عەرەبە باس لەوە دەکات دوای چەند ساڵێکی تر خانەنشین دەبێت و دێت لە سلێمانی نیشتەجێ دەبێت و دەڵێت ''سەرسامم بە دیمەن، سروشت، خزمەتگوزاری، مامەڵەی خەڵک و حکوومەت لە شوێنە گشتیەکان، بەڕاستی ئەمە یەکەمین دیمەنە بەفر لەناوشاخدا ببینم پێشتر تەنها لە فیلمەکاندا بینیومە، بەڕاستی زۆر دڵگیرە و زۆر دڵخۆشم".

ئەو پێشنیاز بۆ هاوەڵانی دەکات کە بێن بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەت سلێمانی تاکو بێبەش نەبن لەو دیمەنە دڵرفێنانە.


- بژێوی ژیانیان بەندە بەو گەشتیارانەی بەهۆی بەفربارینەوە روو دەکەنە چیاکە

یەکێکی تر لەو چینانەی کە بەردەوام لەسەر شاخی گۆیژە و ئەزمەڕ دەبن، دەستگێرەکانی ئەو شاخەن، ئەوان بەهۆی قەرەباڵغی ناوچەکەوە هەوڵدەدەن لە رێگەی فرۆشتنی، چا، شێلم، خواردەمەنی، پاقلە و چەرەزاتەوە بژێوی ژیانی خۆیان دابین بکەن.

بەهمەن ئەحمەد یەکێکە لەو دەستگێرانەی کە لەسەر لووتکەی گۆیژە خەریکی چا فرۆشتنە، ئەو باس لەوە دەکات بە هاوینان بەهۆی گەرماوە گەشتیارەکان لەدوای کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆوە دەچنە سەر چیاکە، هەربۆیە ئەمانیش لە کاتژمێر چواری عەسر بۆ کاتژمێر پێنجی بەرەبەیان کار دەکەن، بەڵام لە زستاناندا لە کاتژمێر دوو تا کاتژمێر ١٢ی شەو کار دەکەن.

بەهمەن ئەحمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەوە دەکات کە لەگەڵ هاتنی بەفردا گەشتیارێکی زۆرتر روودەکەنە سەرشاخەکە و ئەمیش بە پێدانی چا هەوڵ دەدات گەرمیان بکاتەوە و دەشڵێت کە لە رۆژی بەفردا نزیکەی ٢٠٠ چا دەفرۆشێت، چونکە قەرەباڵغیەکی بێشوومار دروست دەبێت.





ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın