هونەر و كلتوور

بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر قەل و قاز زیاد بووە

بە هاتنی وەرزی سەرما لە بازاڕەکانی هەولێر خواست لەسەر قەل و قازی خۆماڵیی زۆر زیادی کردووە و رۆژانە لە هەر بازاڕێکی پەلەوەر دەیان قاز و قەل دەفرۆشرێت.

Hawkar Yaseen   | 30.12.2021
بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر قەل و قاز زیاد بووە

Arbil

هەولێر AA

بە هاتنی وەرزی سەرما لە بازاڕەکانی هەولێر خواست لەسەر قەل و قازی خۆماڵیی زۆر زیادی کردووە و رۆژانە لە هەر بازاڕێکی پەلەوەر دەیان قاز و قەل دەفرۆشرێت.

قاز و قەل لە کوردەواریدا واباوە لە سەرمادا دەخورێن، هەرکات لەسەر سفرە دەبینرێن وەک نیشانەیەک بۆ هاتنی سەرما و سۆڵە سەیردەکرێت، بۆیە لەگەڵ بارینی یەکەم بەفریش راستەوخۆ خەڵک بیری بۆلای ئەو جۆرە خواردنانە دەچێتەوە.

پەلەوەر فرۆش ئیبراهیم قادر مستەفا کە لە بازاڕی سەیداوە لە هەولێر دوکانی فرۆشتنی پەلەوەری هەیە بەم جۆرە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دوا "لەبەرئەوەی ئێستا کەشوهەوا ساردە زیاتر خواست لەسەر قازە، لەبەر ئەوەی گۆشتەکەی بە وەرزی گەرما ناخورێت و بۆنی دێت بۆیە زیاتر لە وەرزی سەرمادا دەخورێت، بۆ قەلیش هەروایە لە زستان و هەوای سارددا، خواستی لەسەر زۆر دەبێت".

گوتیشی: "ئەو قازانەی خەڵک لێرە دەیبات زیاتر لە شەش کیلۆ تاوەکو چوار کیلۆ دەفرۆشرێت، قەلیش شەش کیلۆ و حەوت کیلۆیی خەڵک حەزی لێ دەکات".

پەلەوەر فرۆش ئیبراهیم قادر مستەفا دەربارەی جۆرەکانی قەل و قاز کە لە بازاڕدا دەفرۆشرێن گوتی: "لە بازاڕدا جۆری پەلەوەر زۆرن، بۆ نموونە قەلی رووسی هەیە کە ئەمە مەسڵەحەن و بە عەلەف گەورە کراون، جگە لەوە قەلێکی دیکەش هەیە پێی دەڵێن مەسڵەحە و قەلی خۆمانەش هەیە، قازیش بوڵگاری هەیە و تورکی هەیە و قازی خۆمانە هەیە و دوو سەریش هەیە کە ئەمەیان تێکەڵە لە خۆمانە و بوڵگاری، بەڵام قاز و قەلی خۆمانە لە هەموویان زیاتر خواستی لەسەرە و خەڵک داوای دەکات".

ئیبراهیم قادر گوتیشی: "رۆژانە تەنیا لەم بازاڕە ٧٥ تاوەکو ٩٠ قاز دەفرۆشرێت، بەڵام لە هەینیدا بڕەکەی زۆر زیاتر دەبێت، قەلیش بەهەمان شێوە رۆژانە نزیکی ٧٠ قەل دەفرۆشرێت لە رووی نرخیشەوە لەوەتەی هەوا سارد بووە، قازی خۆمانە لە بازاڕدا کیلۆی بە ١٠ هەزار دینار دەفرۆشرێت، قەلی خۆمانەش بە ١٢ هەزار دینار و قەلی رووسیش بە هەشت هەزار".

پەلەوەر فرۆش رزگار لوقمان کە ئەویش هەر لە بازاڕی سەیداوە دوکانی فرۆشتنی پەلەوەری هەبوو دەربارەی ئەو پەلەوەرانەی لە هەولێر دەفرۆشرێن گوتی: "لە بازاڕدا جۆری پەلەوەر زۆرن، قاز، عەلەشیش، مریشک، کەڵەباب و چین و ماچین، مراوی خۆمانە و مراوی تورکی و چەندین جۆری تری پەلەوەر هەیە، بەڵام لێرە زیاتر پەلەوەرە خۆمانەکان خواستی لەسەرە و خەڵک دەیبات".

گوتیشی: "لە زستاناندا قاز و قەل لە هەموو شتێک زیاتر خواستیان لەسەرە نرخەکەشیان گرانتر دەبێت، چونکە خواستی زۆر لەسەر دەبێت لە جەژنەکانیشدا گرانتریش دەبن بۆ نموونە کیلۆی قەل دەچێتە ١٥ بۆ ١٦ هەزار دینار و هەندێک جار تاوەکو ١٧ هەزاریش دەڕوات، قازیش ئێستا خواستی لەسەر زۆر بووە کیلۆی بووەتە ١٠ هەزار دینار، قازیش هەیە بە گۆترە دەفرۆشرێت بە ٢٥ هەزار تاوەکو ٣٥ هەزار دینار، بەپێی توانای مشتەرییەکان دەگۆڕێت هەر یەکە و بەپێی توانای خۆی داوای دەکات، بۆ نموونە مشتەری هەیە دەڵێت کێشە پارەکە نییە گرنگ ئەوەیە شتێکی باشی خۆمانە بێت و تامی خۆش بێت".

دەربارەی باشترین جۆری قەل و قاز گوتی: "قەل هەتاوەکو گەورەتربێت نرخی گرانتر دەبێت، بۆ نموونە قەلمان هەیە تەمەنی چوار ساڵە و نۆ کیلۆیە، کیلۆی بە ١٥ هەزار دینار دەفرۆشین، هەشمانە بە ١٣ هەزار قەلیش هەیە کیلۆی بە ١٠ هەزار دینارە".

پەلەوەر فرۆش رزگار لوقمان دەربارەی فرۆشتنی رۆژانەی قەل و قاز لە هەولێر گوتی: "رۆژانە لەم بازاڕە ٤٠ بۆ ٥٠ قەل دەفرۆشرێت، قاز سەرفیاتی زیاترە رۆژی وا هەیە تاوەکو ١٠٠ قاز دەفرۆشرێت، تەنیا ئەمڕۆ تاوەکو نیوەڕۆ بە تەنیا زیاتر لە ٢٠ قازم فرۆشتووە".

گوتیشی: "قاز و قەلی گوندەکانی خۆمان هەمووی تامی زۆر خۆشە، بەتایبەت قازی ناوچەی سیدەکان زۆر بەتامترە گۆشتەکەی".

پەلەوەر فرۆش رزگار لوقمان لە وەڵامی ئەوەی چۆن خەڵک پەلەوەری خۆماڵی و مەسڵەحە جیابکاتەوە گوتی: "قاز مەسڵەحەی نییە هەمووی وەک یەک وایە، بەڵام قەل جۆرەهای هەیە، هەمانە رووسییە هەیە ئەمریکییە هەیە مەسڵەحەیە و هەشمانە قەلی خۆمانە، بۆ ئەوەی خەڵکیش جیای بکاتەوە کە چ جۆرێکی قەل خۆمانەیە دەبێت سەیری بکات، قەلی خۆمانە قاچی باریکە، بەڵام مەسڵەحە قاچی خڕ و ئەستوورە، پشتی پانە سەری گەورەیە دەبێت خەڵک بەوەدا جیای بکاتەوە".

گوتیشی: "قازیش لە بازاڕدا قازی کوردی هەیە، بوڵگاری هەیە، تورکی و قازی شامی و چەندین جۆری هەیە، قازی شامی هەیە تاوەکو ١٠ کیلۆ دەڕوات، بەڵام چ لە قەل و چ لە قاز هیچ جۆرێکیان بەهێندەی خۆمانەکە باش نییە و تامی خۆش نییە".

30.12.2021

بەهۆی وەرزی سەرماوە خواست لەسەر قەل و قاز زیاد بووە

بە هاتنی وەرزی سەرما لە بازاڕەکانی هەولێر خواست لەسەر قەل و قازی خۆماڵیی زۆر زیادی کردووە و رۆژانە لە هەر بازاڕێکی پەلەوەر دەیان قاز و قەل دەفرۆشرێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın