عێراق

"با یادی شۆڕشی ئەیلوول بکەینە ھەوێن و بنەمای یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان"

- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی: "با یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کە شۆڕشی تەواوی گەلی کوردستان بوو، بکەینە ھەوێن و بنەمای یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان".

Heman Hussein Yaseen   | 11.09.2021
 "با یادی شۆڕشی ئەیلوول بکەینە ھەوێن و بنەمای یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان"

Arbil

ھەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی یادی شەست ساڵەی شۆڕشی ئەیلوول رایگەیاندووە کە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، ماکی شۆڕشەکانی کوردستانە کە لە یەکێک لە سەردەمە ھەرە سەختەکانی مێژوودا ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکانی کوردستان.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی شۆڕشی ئەیلوول دەڵێت: ''لە یادی شەست ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی رێبەری شۆڕش بارزانیی نەمر و ھاوەڵانی و تەواوی شەھیدانی شۆڕش و کوردستان دەکەینەوە، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکیان دەنێرین و سەری رێز و نەوازش لەبەردەمیاندا دادەنوێنین''.

نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت: ''شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، ماکی شۆڕشەکانی کوردستانە کە لە یەکێک لە سەردەمە ھەرە سەختەکانی مێژوودا ھەموو چین و توێژ و پێکھاتەکانی کوردستانی لەژێر سەرکردایەتییەکی جێی باوەڕ و متمانە و لە ئیرادەیەکی یەکگرتوودا کۆکردەوە بۆ ئەوەی پێکەوە و لەپێناو یەک ئامانجدا بەرەنگاری ستەم و داپڵۆسین ببنەوە و داوای ئازادی و مافەکانیان بکەن''.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێجیرڤان بارزانیی دا ھاتووە: ''شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ئیرادەیەکی پۆڵایین و لەبننەھاتووی لە گەلی کوردستاندا دروست کرد کە ئیتر ھەرگیز نەدەبوو بشکێت، بۆیە تەنانەت دوای گەلەکۆمەکی نێودەوڵەتییش لە شۆڕش، زۆری نەخایاند گەلی کوردستان ریزەکانی رێکخستەوە و دووبارە ھاتەوە کۆڕی خەبات و تێکۆشان و ڕووبەڕووی ھەموو ھێز و چەک و زەبر و زەنگێکی دەسەڵاتی ئەوسای عیراق بووە''.

لە پەیامەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە، شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و کاریگەری و پێگە و دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھان، بوونە بنەمایەک کە رێککەوتنی ١١ی ئازار و ھەموو دەسکەوت و پێشکەوتنەکانی دواتری گەلی کوردستانی لەسەر بونیادنران، دەسکەوتی ھەرە مەزنیش دروستکردنی شانازی و ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئیرادە و گیانی بەرەنگاری و بەردەوامی بوو کە گەلی کوردستانی بە ئەمڕۆ گەیاند.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوایشیکردووە کە، یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول کە شۆڕشی تەواوی گەلی کوردستان بوو، بکرێتە ھەوێن و بنەمای یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەژیانی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان و بە ھەمان گیانی شۆڕش، لەپێناو ئایندەیەکی باشتر و چەسپاندنی فیدراڵی و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دەستکەوکانیدا، پێکەوە ھەنگاو بنێین و کار بکەین.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın