Zana Natık Kerem
28 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2026
گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕەتیان کردەوە کە بە ئاراستەکردنی درۆن ھێرشیان کردبێتە سەر سعوودیە، ھەروەھا ھۆشداریان دایە سعوودیە، لەوەی ئەگەر ھێرش بکاتە سەر عێراق، ئەوە پەشیمان دەبێتەوە.
ئەو گرووپە چەکدارانە لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕەتیان کردووەتوە کە ھێرشە درۆنییەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە لە خاکی عێراقەوە ئەنجامدرابن و ڕایانگەیاندووە: "ئەم بانگەشەیەی سعوودیە دڵنیایی زیاترمان پێ دەبەخشێت کە دوژمنایەتی کردنی عێراق و گەلەکەی نەریتێکی دانەبڕاوەی ئەو ڕۆژێمەیە".
ھەروەھا لە راگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "سعوودیە بەو تۆمەتانە ھەوڵدەدات شکستی خۆی لە بەرامبەر ھێرشەکانی یەمەن بشارێتەوە و جگە لەوەش سعوودیە ھەوڵدەدات بەو تۆمەتانە پاساو بۆ بێدەسەڵاتی خۆی لە وەڵامدانەوەی ئەو گۆرزە ئازەربەخشەی یەمەنییەکان کە قوڵایی ژێرخانی ئەو وڵاتەیان ھەژاندووە، بھێنێتەوە".
گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق ھۆشداری توندیان داوەتە سعوودیە و ڕایانگەیاندووە: "ئەگەر سعوودیە ھێرش بکاتە سەر عێراق، ئەوە وەڵامی دەدینەوە کە پەشیمان ببێتەوە".
دوێنێ دووشەممە وەزارەتی بەرگریی سعوودیە ڕاگەیاندبوو، ژمارەیەک درۆنیان تێکشاندووە کە بۆ بە ئامانجگرتنی دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە ئاراستەکرابوون.
ھەروەھا وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشدابوو: "ئەو دڕۆنانە لایەن میلیشیا تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێرانەوە لەناو خاکی عێراقەوە ئاراستەکرابوون.
ھەر دوێنێ دووشەممە سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، عەلی زەیدی لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکانی ڕاسپارد لێکۆڵینەوە لەو ھێرشە بکەن کە لەسەر بنەمای ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە لە ڕێگای دڕۆنەوە لە خاکی عێراقەوە کراوەتە سەر سعوودیە.