Zana Natık Kerem
11 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 11 تەمووز 2026
گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کە خۆیان بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی" دەناسێنن و لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ڕایانگەیاند کە چەک دانانێن و ئامادەن ڕووبەڕووی ھەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ببنەوە.
ئەو گرووپە چەکدارانە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەیان بەوەداوە: "بەشداریکردنی خەڵک لە ڕێوڕەسمی ماڵئاواییکردن لە تەرمی ڕابەری پێشووی ئێران، عەلی خامنەیی لە نەجەف و کەربەلا، ئەوەی نیشاندا کە گەلی عێراق بەردەوامە لەسەر ڕیگای بەرگریکردن دژبە خۆبەزلزانانی جیھان".
ھەروەھا لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "ئێمە جارێکی دیکە ئەوە ڕایدەگەیێنین کە پابەندین بە ڕێبازی موقاوەمە و با دوژمنان بزانن کە ھێزەکانی بەرەی حەق وەک یەک جەستەن و ھیچ شتێک ساردمان ناکاتەوە لە دەرکردنی داگیرکەران لە عێراق و ناوچەکە".
گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوەکەدا دووپاتیان کردووەتەوە کە، "چەکەکانمان ھیچ ڕۆژێک بژاردەیەک نەبووە بۆ سازش، بەڵکو باوەڕ و پەیمانێکە لە ئەستۆمان و ئەمانەتێکی ئایینییە".
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا، گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە کە زیاتر پەرە تواناکانیان دەدەن و ھاتووە: "ئێمە لەو ئاستەی ئێستا پێی گەیشتووین ناوەستین، بەڵکو ھەوڵدەدەین زیاتر پەرە بە توانا سەربازیی و ئەمنییەکانمان بدەین، جگە لەوەش لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ھەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل".
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، حەیدەر عەبودی باسی لەوە کردبوو کە ڕۆژی ٢١ی ئەیلوولی ئەمساڵ، وەک دوایین وادە بۆ ڕادەستکردنی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بە حکوومەت دیاری کراوە.
تا ئێستا ھەریەکە لە گرووپەکانی سەرایا سەلام و کەتیبەکانی ئیمام عەلی چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت کردووە و عەسائیب ئەھلی حەقیش پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەشدی شەعبی پچراندووە و ڕایگەیاندووە کە ئامادەییە چەکەکانیان ڕادەستی حکوومەت بکەن.