عێراق, کۆڤید- ١٩

"کەمی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دھۆک نیشانەی کۆتایی ھاتنی مەترسیی ڤایرۆسەکە نییە"

- سەرەرای ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID-19) لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە پەرەسەندن دایە، بەڵام لە دهۆک بە هۆی توندوتۆڵبوونی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، توانراوە رەوشەکە کۆنترۆڵ بکرێت.

30.06.2020
"کەمی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دھۆک نیشانەی کۆتایی ھاتنی مەترسیی ڤایرۆسەکە نییە"

Arbil

دھۆک - AA

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک، نزار عیسمەت رایگەیاند "راستە بەراورد بە پارێزگاکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە دھۆک کەمن، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نییە کە مەترسی ڤایرۆسەکە کۆتایی ھاتووە".

نزار عیسمەت لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی رەوشی تەندروستیی پارێزگای دھۆک و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) گوتی: "رەوشی نەخۆشەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە پارێزگای دھۆک بەراورد بە پارێزگاکانی تری ھەرێمی کوردستان و عێراق باشترە و ژمارەی حاڵەتەکان زۆر کەمترە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە ئەم رەوشە بەردەوام دەبێت، بەڵکو ئەم ڤایرۆسە بەردەوام لە بڵاوبوونەوەدایە و بەپێی ئەو پێوەرانەی کە ئێمە پلانی خۆمان لەسەر دادەنێین، دەبینین کە لە مانگی رابردوودا، رێژەیەکی زۆر لە حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرونا نوێ لە دھۆک تومارکراون".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک گوتیشی: "راستە کە زۆربەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرونا لە دھۆک سەرچاوەکەیان لە دەرەووە ھاتووە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا، زۆر حاڵەت لە ناوخۆی دھۆک-یش تومارکراون و ئەمەیش مانای ئەوەیە کە رەوشی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە باش نییە و زەنگێکی مەترسیدار ھەیە، ئەگەر خەڵکی ئێمە پابەندی رێنماییەکانی خوپارێزی نەبن، رەوشی پارێزگای دھۆک لە پارێزگاکانی تر باشتر نابێت".

نزار عیسمەت لەبارەی ئەوەی کە چۆن پارێزگای دھۆک توانیویەتی بەراورد بە پارێزگاکانی تری ھەرێم ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەیەکی باشتر کونترۆل بکات گوتی: "پێگیریکردنی خەڵکی دھۆک بە رێنماییەکان و زوو دەستنیشانکردنی حاڵەتەکان و دوورخستنەوەیان لە کۆمەڵگا، خاڵی سەرەکین بۆ چوارچێوەکردنی ڤایرۆسەکە و خاڵی سێیەمیش دروست چارەسەرکردنی نەخۆشەکانە پێش ئەوەی بگەڕێنە نێو کۆمەڵگا، ئەم کارەیش ناکرێت ئەگەر ھەماھەنگییەکی باش نەکرێت لەنێوان تیمەکانی تەندروستیی و ژووری ئوپەڕاسیونی بەرەنگاربوونەوەی کۆرونا و خەڵک".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی پارێزگای دھۆک سەبارەت بە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ گوتی: "قەدەغەکردنی ھاتوچۆ بۆ ئەوەیە کە خەڵک تێکەڵی یەکتر نەبن و قەرەباڵغی درووست نەبێت، ئەگەر خەڵک پێگیربن بە رێنماییەکانی خوپارێزی و ئەو ناخۆشانەی کە دەردەچن لەژێر کۆنترۆلی ئێمە دابن، ئەوا سەد لەسەر سەد پێویستییمان بە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ نابێت، بەڵام ئەگەر پێگیری بە رێنماییەکان نەکرێت و حاڵەتەکان ھەر لە زیادبوون دابن ئێمە ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە کە دەبێت خەڵک لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە پارێزگای دھۆک-یش رابگەیەندرێت".

نزار عیسمەت سەبارەت بە دەرکەوتنی حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرونای نوێ لە یەکێک لە کەمپەکانی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک گوتی: "یەکێک لە پزیشکەکان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە کە پێش تووشبوونی بە هەفتەیەک سەردانی کەمپێکی ئاوارەکانی کردبوو بۆ ئەوەی کە دڵنیابین ڤایرۆسەکە بڵاونەبووەتەوە لەنێو ئەو کەمپەدا رێوشوێنی تەندروستییمان گرتووەتە بەر و ھەموو ستافی تەندروستیی کە ئەو پزیشکەیان بینیوە و ئەو نەخۆشانەی کە سەردانی ئەو پزیشکەیان کردووە و ھەموو ئەو کەسانەی کە کونتاکتیان لەگەڵ پزیشکەکەدا ھەبووە، کەرەنتین کراون و پشکنینیان بۆ کراوە و ئێستا ئێمە ھەندێک پشکنینی ھەڕەمەکیش لەنێو کەمپەکەدا ئەنجام دەدەین، ئەنجامی ھەندێک پشکنین دەرچووە کە ھەمووان نێگەتێف بوون و ئێمە چاوەڕوانی ئەنجامی پشکنینەکانی ترین ئەگەر ھەموویان نێگەتێف دەرچوون رەوشی کەمپەکە دووبارە ئاسایی دەبێتەوە".

تا ئێستا ١٧٢ حاڵەتی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە سنووری پارێزگای دھۆک تومارکراون کە ١٣٩ لە حاڵەتەکان بەتەواوی چارەسەرکراون و ئێستا، ٣٣ ھەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندا ماون.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın