Heman Hussein Yaseen
24 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2026
کەمی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ بووەتە هۆی دابەزینی بەرهەمی کارەبا لە ژمارەیەک لە وێستگەکانی بەرهەمهێنان، ئەوەش وایکردووە هاووڵاتیان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە شەو و ڕۆژ ڕووبەڕووی پچڕان و کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا ببنەوە.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی خواست بۆ بەکارهێنانی کارەبا لە وەرزی گەرما و، کەمبوونەوەی غاز لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ، کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر کارکردنی وێستگەکانی کارەبا دروستکردووە و بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، نزیکەی ٢٥٠٠ مێگاوات کەم بووەتەوە.
هەرچەندە مۆلیدەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ژمارەیەک گەڕەک کەوتوونەتە کار بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دیمەنی بەشێک لە شەقام و کۆڵانەکان لە شەودا ئەوە نیشان دەدەن کە ژمارەیەک هاووڵاتی لە ناوچە جیاوازەکاندا بۆ ماوەیەکی زۆر لە تاریکییدا دەژین، لە کاتێکدا پچڕانی کارەبا کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی ڕۆژانە، بازرگانی و کارە سەرەتاییەکانیاندا هەیە و پلەکانی گەرما لەوپەڕی بەرزییدان.
تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە بۆ کەمی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆڕمۆڕ دەگەڕێندرێتەوە، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان.