عێراق

کەرکووک.. فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ ئەفسەری پلەداری کورد دەرکرا

بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی پارێزگای دیالە سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ناوخۆ و ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ ئەفسەری پلەداری کورد لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک کرد.

Ozhin Jolla   | 29.07.2020
کەرکووک.. فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ ئەفسەری پلەداری کورد دەرکرا

Kerkuk

کەرکووک - AA

بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی پارێزگای دیالە سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ناوخۆ و ئاسایش لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ سێ ئەفسەری پلەداری کورد لە پۆلیسی پارێزگای کەرکووک کرد.

بەشی پۆلیسی ناوشار سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی سەرجەم بنکەکانی پۆلیسی کردووە، تیایدا ئاماژەی بە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک ژمارە ٥٧٣٤ لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٧/٢٠ کردووە کە هاوپێجی نووسراوی بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی دیالە ژمارە ٧٧/٤٣٥٧/٦٩٩ لە رێکەوتی ٢٠٢٠/٧/٦ دەرچووە و رەوانەی پۆلیسی کەرکووک کراوە، بەپێی ماددەی ٢٢٢/١ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە ١١١ لەساڵی ١٩٦٩، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە عەمید سەرحەد قادر محەمەد ئەمین و عەقید کامەران عەلی حەمەڕەشید و جێگری عەریف پشتیوان غێدان حەمەزێدان دەرکراوە.

لەسەر ئەو نووسراوەی بەشی کاروباری ناوخۆ و ئاسایشی دیالە کە بە واژۆی عەمید ئەعقوب یوسف رازی دەرچووە، بەڕێوبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک، عەمید سەرحەد قادر بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "مانگانە چوار بۆ پێنج نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ و دادگا و پۆلیسیم پێدەگات کە داوای ناونیشان و شوێنی نیشتەجێبوون و چوونم بۆ بەردەم دادگا دەکەن، لە سەرجەم ئەو نووسراوانەشدا بەتاوانی بەشداریکردنم لە پرۆسەی ریفراندۆم داواکراوم".

سەرحەد قادر گوتیشی: "ئەگەر حکوومەتی هەرێم نایەوێت پشتگیرییمان بکات ئەوا با رایبگەیەنێت بۆ ئەوەی خۆمان کاری جددی بکەین و هەوڵی خۆمان بدەین، من دڵنیاشم ئەم کەیسەی دژی من جوڵاوە سیاسییە و خەڵکانێک لەپشت ئەو کەیسەوەن و کەیسەکە دەجوڵێنن ئەگەرنا پۆلیسی دیالە چ پەیوەندی بە کەرکووکەوە هەیە تا لەوێ فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەربکەن".

عەمید سەرحەد قادر لەسەر چوونی بۆ بەردەم دادگا دەڵێت "ئەگەر دادگایەکی عادیلانە و سەربەخۆ بێت ئەوە من ئامادەم بچمە بەردەم دادگا. ئەوەتا حکوومەتی فیدڕالی دادگایان هەیە لە کەرکووک کە بەرپرسە لە هێزەکانی پاسەوانی سنوور کە لە هەولێر جێگیرکراون، ئەگەر کەیسەکەم بنێرنە ئەوێ ئەوە من ئامادەم بچمە بەردەمی".

عەمید سەرحەد قادر گوتیشی "لە کابینەی پێشووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کەیسی دەستگیرکردنەکەم چووە دادگاکانی سلێمانی و هەولێر، بەهیوام لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان دادگایی بکرێم و فەخری پێوە دەکەم لەسەر ریفراندۆم دادگایی بکرێم، بەڵام من ئەوکات زۆرشت لەسەر قیادەی سیاسی کورد هەن لەوێدا باسی دەکەم، ئەوکات قسەی خۆم دەبێت".

بەڕێوبەری پێشووی پۆلیسی قەزاو ناحییەکانی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد کە لەدوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە کە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە مووچەکەیان بڕیووە و مووچەی وەرنەگرتووە، و رایگەیاند، "تائێستا پلەکەم نەگوازراوەتەوە سەر میلاکی هەرێمی کوردستان و لەئیستادا سەرقاڵی ژیانی ئاسایی خۆمم".




ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın