عێراق, هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ٢٠٢١

کۆنگرەی رۆژنامەوانیی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیار زێباری: "ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر دژایەتی میللەتی خۆیان دەکرد لە بەغدا، ئەمجارە میللەت سزای دان و دەرنەچوون".

Heman Hussein Yaseen   | 12.10.2021
کۆنگرەی رۆژنامەوانیی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان

Arbil

ھەولێر - AA

لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە دانوستانەکانیان لەگەڵ بەغدا دەست پێ دەکەن و جەختیش لەوە کرایەوە کە پۆستی سەرکۆمار دەبێتە بەشێک لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی عێراق.

لیژنەی باڵای ھەڵبژاردنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان پێھکاتووە لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ھۆشیار زێباری، مەحمود محەمەد، جەعفەر ئیمێنکی و ئەندامانی سەرکردایەتی، رێبوار یەڵدا، ئەڤین ھروری، ئامینە زکری و بەرپرسی دەزگای ھەڵبژاردنی ئەو حزبە، خەسرەو گۆران.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆشیار زێباری گوتی: ''دوای ئەنجامی بەرایی کۆمیسیۆن کە تیایدا پارتی دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستھێناوە تا پەسەند دەکرێت کاتی دەوێت، راستە رێژەی بەشداری کەم بوو، بەڵام پڕۆسەکە بەشێوەیەکی گشتی بە رێکوپێکی بەڕێوەچوو، پڕۆسەیەکی سەلامەت بوو، ھەندێک تێبینی ھونەریی ھەبوو لەسەر دەستپێکی دەنگدان و زوو چارەسەر کران''

ھۆشیار زێباری گوتیشی: ''بانگەشەکە بەشێوازێکی باش بەڕێوەچوو، ئێمە لەسەر فەرمانی بارزانی، پڕۆسەیەکی ئاراممان بەڕێوەبرد، ستراتیژییەتی خۆمان دامەرزاند کە چۆن بەشدار بین و ئەنجامێکی باش بەدەست بھێنین و وەکو یەک تیم بەشداریمان کرد لەگەڵ ھەموو ئۆرگانەکانی حزب، لەو چوارچێوەیەشدا ئەوە بوو کە تووشی شەڕی لابەلا نەبین و تەرکیز بکەین لەسەر ئامانجەکەمان''.

ھۆشیار زێباری باسی لەوەش کرد کە لە شەوی رابردووەوە کە ئەنجامە بەراییەکانی دەنگدان و ڕێژەی کورسییەکانی لایەنە سیاسییەکان ئاشکراکراون، پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ ھەریەک لە لیستی حەلبوسی و عەممار حەکیم و دەوڵەتی یاسا دەستی بە گفتوگۆ کردووە و گوتی: ''لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش لە پەیوەندی و گفتوگۆدا دەبین، ئێمە وەک پارتی دەمانویست بۆ ئەوەی یەک دەنگ بین و کوردستانیش بین، ھەموومان بەیەک دەنگ و بەیەک لیست بەشداری بکەین، بەڵام وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو کوردستان دەنگی تەواومان ھێناوە و لەو ناوچانەش کە رێگری لە پارتی کرا، بەڵام بوونی خۆی سەلماند، ئێمە بارەگاکانی خۆمان لە مەخمور و کەرکووک کردەوە، کاندیدەکانمان لە کەرکووک بانگەشەیەکی ئارامیان لەوبارەیەوە ئەنجامدا و توانیشمان دوو ئەندام دەستەبەر بکەین".

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆشیار زێباری لەبارەی پلە و پۆستەکانی کورد و پشکی پارتی لە خولی تازەی سەرۆکایەتی عێراقدا گوتی: "ئێمە بە ھەموو ئەو پۆستانەدا دەچینەوە کە پێیان دەگوترێت سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق. دیارە سەرۆکایەتی کۆمار پشکی کوردە، ئێستاش کە ئەنجامەکان دەرکەتووە، بەڵام ھێشتا زووە باسی ئەوە بکەین کە ئایا ئەو پۆستە لە کورد بۆ کێ دەبێ. بۆیە ئاراستەی دانوستانەکان بڕیار لەسەر ئەوە دەدات".

ھۆشیار زێباری لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەوانان لەبارەی ئەو کەسانەی کە پێشتر ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوون لە پشکی کورد و ئەمجارە دەنگی پێویستییان نەھێنا، گوتی: ''ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر دژایەتی میللەتی خۆیان دەکرد لە بەغدا، ئەمجارە میللەت سزای دان و دەرنەچوون''.

ھۆشیار زێباری سەبارەت بە مانەوە و دەرچوونی ھێزەکانی ئەمریکا و ھێزە بیانییەکان بەگشتی، گوتی: ''وەکو پارتی ھەڵوێستمان روونە، ئێمە بۆچوونی خۆمان گوتووە، لەوکاتەی کە بەشداربووین لەو شاندەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی سەردانی واشنتۆن-یان کرد بۆ دانوستان، پێمانوایە مانەوەی ھێزەکانی بیانی و ئەمریکی و نێودەوڵەتی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان ھێشتا پێویستە و ھێشتا مەترسییەکان ھەیە، بە دڵنیایییەوە لە کابینەی داھاتووی حکوومەتی عێراقیش ئەم بابەتە دەبێتە خاڵێک کە ھەموولایەک پابەندبین پێیەوە''.

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ھۆشیار زێباری لە بارەی کاتی ئەنجامدانی کۆنگرەی حزبەکەشیان، گوتی: ''بڕیار بوو کۆنگرەی پارتی پێش ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی کۆرۆناوە دوامانخستووە بۆ ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو''.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.