عێراق

پەرلەمانی کوردستان: "کوژرانی کچ و ژنان لە ھەرێمی کوردستان لە ھەڵکشاندایە"

- لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ھەواڵی کوژرانی کچ و ژنان لە ھەرێمی کوردستان لە ھەڵکشاندایە و ئامارەکانی ئەو پرسە جێی نیگەرانی و تێڕامانی قووڵن.

Sarmand Hameed   | 19.04.2021
پەرلەمانی کوردستان: "کوژرانی کچ و ژنان لە ھەرێمی کوردستان لە ھەڵکشاندایە"

Arbil

هەولێر - AA

لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، ھەواڵی کوژرانی کچ و ژنان لە ھەرێمی کوردستان لە ھەڵکشاندایە و ئامارەکانی ئەو پرسە جێی نیگەرانی و تێڕامانی قووڵن.

لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا سەرکۆنەی کوشتنی ئافرەتانی کردووە لەژێر ھەر پاساو و بیانوویەک بێت.‎

لیژنەکە سەرنجی بۆ رووداوی کوشتنی ژنێک لەلایەن ھاوسەرەکەیەوە لە ھەولێر راکێشاوە و رایگەیاندووە کە ئەمە تەنھا رووداو نییە کە بەھۆی بوونی ھەندێک لە عەقڵییەتی ژنکوژ و بەکەم سەیرکردنی مافی ژنانە و بەردەوام روو دەدات.

لە بەیاننامەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ئەوان وەک لیژنەی پەیوەندیدار لە پەرلەمانی کوردستان بەوردی بەدواداچوون و چاودێری بۆ کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت و جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەکەن و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ھەنگاوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ سەپاندنی سزای یاسایی توند بەسەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دووپات کردووەتەوە.

لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ھەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی یاسایەکی نوێ سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت لەم خولەی پەرلەماندا دەربکرێت، و تێیدا رێکارەکانی سزادانی تاوانبارانی کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت زۆر توندتر بکرێن و ببنە بەربەست بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەو دیاردە نامرۆڤانە و تاوانە ناشارستانییەی کە لەلایەن ھەندێک لە خاوەن ھزری دواکەوتوو و بێویژدانەوە ئەنجام دەدرێت.

لیژنەکە جەختی لە پێویستی ‎ھەماھەنگی نێوان ھەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری کردووە بۆ ھەنگاوی کردەیی زیاتر ھەریەکە و بەپێی ئەرک و دەسەڵاتی خۆی، لەپێناو رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانە و سەروەرکردنی یاسا بۆ سزادانی بکەران.

لە بەیاننامەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە ‎لە ھەموو ئەمجۆرە کەیسانە پێویستە حکوومەت خاوەندارێتییان لێبکات و رێگە بە سوڵح و رێککەوتنی عەشایەری نەدات، و سزای توندی ئەوانە بدرێت کە تاوانی کوشتن ئەنجام دەدەن، ‎جەخت لەوەشکراوەتەوە کە لەپاڵ یاسادا پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئەرکی خۆیان ھەڵبستن لە پەروەردە و رۆشبیری و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە، تاوەکو عەقڵییەتە ژنکوژەکان بپووکێنەوە و بوونیان لە کۆمەڵگەدا ببێتە مایەی شەرم و شەرمەزاری.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın