Zana Natık Kerem
23 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 23 تەمووز 2026
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بۆ ئەندامی سەربەخۆی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەنین قاسم محەمەد خەفاجی دەرکردووە، ئەوەش بەھۆی تێوەگلانی لە گەندەڵی و تاوانی سەرانەوەرگرتن .
دەستەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە پێشتر حەسەنین خەفاجی، ھەوڵیداوە بڕی ٥٠٠ ھەزار دۆلار لە سکاڵاکارێک وەربگرێت، جگە لەوەی داوایکردووە بەرێژەی ٤٠ لە سەدای پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "حەورای بەغدا" بە ناوی یەکێک لە کارمەندانی نووسینگەکەیەوە بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەرانبەر ئەو بڕە پارە و پشکەدا، بەڵێنی بە سکاڵاکارەکە داوە کە دەستوەردان بکات لە ڕێکارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی و دەستەی دەستپاکی بۆ داخستنی دۆسییەکەی كە تایبەت بووە بە "زیادبوونی سامانی نایاسایی" و لادانی گەمارۆ لەسەر داراییەکانی ئەو کەسە، ھەروەھا بەڵێنیداوە دەستوەردان لە دەستەی وەبەرھێنانی بەغدا بکات بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی "جەوھەرەی بەغدا" لە کاتێکدا، ناوبراو ھیچ دەسەڵاتێکی یاسایی بۆ ئەو کارانە نەبووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە بەھۆی ئەو تۆمەتانەوە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، سزای دوو ساڵ زیندانیکردن بۆ حەسەنین قاسم محەمەد خەفاجی دەرکردووە.
ھەر بەپێی راگەیاندراوەکە، دادگا بۆ دەرکردنی سزاکە پشتی بە چەندین بەڵگە بەستووە لەوانە، دانپێدانانی تۆمەتبارێکی دیکە بە ناوی ئەنوەر سەباح، ھەروەھا کۆپی ئەو گرێبەستەی لە نێوانیاندا واژوو کراوە.
ڕۆژی ٢٨ی حوەزیرانی ئەمساڵ ئەندامی ئەم خوولەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەنین قاسم محەمەد خەفاجی بەتۆمەتی گەندەڵی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.