پڕۆژەی ئیفراز چوار گرفتی کەمئاویی لە هەولێر چارەسەر دەکات
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێم سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاری ئەحمەد ئاماژە بەوەدەکات کە بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە وەک پاراستنی سامانی ژێرزەویی تەواوی بیرەکانی هەولێر دادەخرێت هاوکات کێشەی کەمئاوییش لە شارەکە چارەسەر دەبێت.

Arbil
هەولێر - AA هێمن حوسێن
بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی لە شاری هەولێر و، پاراستنی سامانی ئاوی ژێرزەوی، بڕیارە پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار (ئیفراز چوار) جێبەجێ بکرێت و لە ماوەی ڕابردووشدا شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق بۆ ئەم مەبەستە سەردانی وڵاتی سعوودیەیان کرد و لە ئێستاشدا لەگەڵ کۆمپانیایەکی سعوودی لە گفتوگۆدان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.
لە هەولێر جگە لەبوونی هەزار و ٢٤٠ بیری ئاو کە لە هەر کاتژمێرێکدا نزیکەی ١١ هەزار مەترسێجا ئاو دابین دەکات، هاوکات سێ پڕۆژەی ستراتیژیش لهسهر زێی گهوره بۆ دابینکردنی ئاوی پاک ههیه کە بریتیین لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەک، دوو و سێ کە هەر سێ پڕۆژەکە لە کاتژمێرێکدا نزیکەی ١٢ هەزار مەترسێجا ئاوی پاک بەرهەمدەهێنن، بەڵام پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار لە هەر کاتژمێرێکدا ٢٥ هەزار مەترسێجا ئاو بەرهەمدەهێنێت بەمەش کێشەی کەمئاویی وەرزی هاوینە لە شاری هەولێر چارەسەر دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێم سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئاماژە بەوەدەکات کە بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە وەک پاراستنی سامانی ژێرزەویی تەواوی بیرەکانی هەولێر دادەخرێت هاوکات کێشەی کەمئاوییش لە شارەکە چارەسەر دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێمی کوردستان-عێراق، ئاری ئەحمەد لەبارەی پڕۆژەی ئاوی ئیفراز چوار، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار یان (ئیفراز چوار)، لە ساڵی ٢٠١٥ گرێبەستێک کراوە لەگەڵ کۆمپانیایەکی بەریتانیایی کە بە یەک پاکێج دوو پڕۆژە ئەنجام بدرێت، یەکەمیان بریتییە لە پڕۆژەی هەولێر چوار و دووەمیان بریتییە لە پڕۆژەی چارەسەرکردنی ئاوەڕۆی قوڕسی سلێمانی، بەهای ملیارێک و ١٦٤ ملیۆن دینارە، لەو گوژمەیەش ٨٣٠ ملیۆن بۆ پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوارە، ئەوەی دیکەش بۆ پڕۆژەکەی سلێمانییە، بەڵام پڕۆژەکە بەهۆی بابەتی داراییەوە دواکەوت، هەرچەندە وەکو هەنگاوی یەکەم دیزاینی پڕۆژەکە، دیراساتی پێویست و هەڵبژاردنی شوێنەکە ئامادەکراوە".
پڕۆژەکە لهسهر زێی گهوره جێبهجێ دهكرێت دهكهوێته شارەدێی دارەشەکرانی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێر و پێنج کیلۆمەتر لە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازەوە دوورە و، بەقەد هەر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەک، دوو و سێ، ئاوی پاک بەرهەمدەهێنێت و لە ڕێگای دوو هێڵی گواستنەوە دەگەیەنرێتە هەولێر، یەکێکیان دەکەوێتە سەر شەقامی ١٢٠ مەتری، ئەوەی دیکە دەکەوێتە سەر شەقامی ١٥٠ مەتری، لەوێیەوە بە حەوت هێڵی دیکە دەگەیەندرێتە گەڕەکەکان و ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان دابین دەکرێت.
ئاری ئەحمەد گوتیشی: "بڕیارە پڕۆژەکە لە یەک کاتژمێردا ٢٥ هەزار مەترسێجا ئاوی پاک دابین بکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە شاری هەولێر لە رێگای هەزار و ٢٤٠ بیر و سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز، نزیکەی ٢٢ هەزار مەترسێجا لە کاتژمێرێدا، ئاو بۆ شاری هەولێر و دەوروبەری دابین دەکرێت، هەروەها ژمارەی بیرەکان ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوونە بەهۆی ئەوەی کەوا پڕۆژەکانی ئاوی ئیفراز، ئاستی بەرهەمهێنانی سنووردارە".
لەماوەی ڕابردوودا شاندێکی حکوومەتی هەرێم سەردانی وڵاتی سعوودیەی کرد و، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆکانی هەرێم، ئاری ئەحمەد کە هاوکات ئەندامی شاندەکەش بوو، لەبارەی گفتوگۆکانیان لە وڵاتی سعوودیە گوتی: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە سەرچاوەیەکی دارایی بۆ پڕۆژەکە دابین بکەین، لەمبارەیەووە ڕەزامەندی سەرەتایی هەبوو لەلایەن وەزارەتی وەبەرهێنانی سعوودی و سندوقی گەشەپێدانی سعوودی، بەڵام تا ئێستا نەکەوتووەتە قۆناغی کۆتایی و هیچ گرێبەستێک نەکراوە".
ئاری ئەحمەد گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە هەنگاو بە هەنگاو دەبێتە پاڵپشتی بۆ هەر سێ پڕۆژەکەی دیکە و بۆ ئەوەی بتوانین لانیکەم سەدا ٩٥ی بیرەکانی ئاو لە شاری هەولێر لە ماوەی سێ تا پێنج ساڵدا دابخرێت، کاتێک کە ئەم بیرانە دابخرێت بێگومان کۆمەڵێک خاڵی ئەرێنیی هەیە وەکو بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ژێرزەوی کە لە ئێستادا ئاستەکە لە دابەزیندایە، هەروەها بەڕێوەبردنی پڕۆژەیەکی وەک هەولێر چوار ئاسانترە لەوەی زیاتر لە هەزار و ٢٤٠ بیر بەڕێوەببەیت چونکە لەم حاڵەتە ستافێکی هەزار و ٥٠٠ کەسیت دەوێت کە ئیدارەی بیرەکان بدات وەکو کلۆرکردن و گۆڕینی قوفلەکان و ئەوانە، بۆیە ئەگەر پڕۆژەی هەولێر چوار تەواو بێت ئەوا بە ستافێکی دوو سەد کەسی بەڕێوەدەچێت".
لەبارەی ماوەی تەواوکردنی لە ڕۆژی دەستبەکاربوونییەوە، ئاری ئەحمەد گوتی: "تەواوبوونی پڕۆژەیەک بەو قەبارە گەورەیە لە نێوان ٣٠ تا ٣٦ مانگ دەخایەنێت، بەڵام ئێمە وامانداناوە کە لە نێوان ٢٠ تا ٢٤ مانگ قۆناغی یەکەم تەواوبێت کە سەدا ٤٠ی پڕۆژەکەیە".
پڕۆژەکە لە شارەدێی دارەشەکرانی سەر بە قەزای خەباتی پارێزگای هەولێرە و پێنج کیلۆمەتر لە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازەوە دوورە، بە دوو هێڵی مەترێک و ٦٠ سانتیمی، ئاوەکە دەگوازرێتەوە بۆ نزیک گوندی شاخۆڵان و لەوێشەوە دەگوازرێتەوە بۆ هەولێر.
پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار (ئیفراز چوار) پڕۆژەیەکی ستراتیژییه لهسهر زێی گهوره و، لە توانایدایە لە ھەر کاتژمێرێکدا ٢٥ ھەزار مەترسێجا ئاو دابین بکات واتا لە ٢٤ کاتژمێردا ٦٠٠ هەزار مەتر سێجا ئاو دابین دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر سێ پڕۆژەی ئاوی ئیفراز و هەزار و٢٤٠ بیری ئاو، لە هەر کاتژمێرێکدا ٢٢ هەزار مەترسێجا ئاو دابین دەکەن.
پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەک لە ٢٤ کاتژمێردا ٢٨ هەزار مەترسێجا ئاو و، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز دوو ٦٠ هەزار مەترسێجا و پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ ١٨٧ هەزار مەترسێجا ئاو دابین دەکەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن