عێراق

پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هات

نەوزاد کامیل: "تا ئێستا ٢٥٩ هەزار و ١٦٤ تۆن و ٣٢٠ کیلۆگرام گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە و بڕی پارەی تەرخانکراو بریتیی بووە لە ٢٢٠ ملیار و ١٥٠ ملیۆن دینار، لەو بڕە پارەیەش ٩٤ ملیار و ٩٥٠ ملیۆن دینار هاتووەتە سەر هەژماری بانکیی و زۆربەی دابەشکراوە".

Heman Hussein Yaseen   | 24.07.2022
پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران لە هەرێمی کوردستان کۆتایی هات

هەولێر - AA

بریکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ گەنمی جووتیاران زیاتر وەرگیراوە بەراورد بە پار ساڵ و رایگەیاند کە پڕۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئەمڕۆ کۆتایی دێت، بەڵام لە هەوڵی ئەوەداین ماوەکە درێژ بکەینەوە، هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی ئەوەی خستەڕوو کە بڕی پارەی تەرخانکراو بریتیی بووە لە ٢٢٠ ملیار و ١٥٠ ملیۆن دینار، لەو ژمارەیەش ٩٤ ملیار و ٩٥٠ ملیۆن دینار هاتووەتە سەر هەژماری بانکیی.

بریکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، سەروەر کەمال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە ٢٥ی ئایارەوە رەزامەندی وەرگیرا کە گەنم لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت و لە ٢٨ی ئایارەوە، تا ئەمڕۆ پڕۆسەی وەرگرتنی گەنم لە سایلۆکان بەردەوام بووە و بەپێی کاتی دیاریکراوی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ ٢٤ی تەمووز، پرۆسەکە لە هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت، بەڵام لە ھەوڵداین ماوەکە درێژ ‌بکرێتەوە بۆ چەند رۆژێکی دیکە لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو بارهەڵگرانەی لەبەردەم سایلۆکان وەستاون، تا کۆتایی هەفتە تەواوی گەنمەکەیان لێ وەردەگیرێت".

سەروەر کەمال لەبارەی نرخ و پلەی گەنمی وەرگیراو، گوتی: "رێکارەکانی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران جیاوازتر بوو لە ساڵانی رابردوو، چونکە پێشتر گەنم بە سێ پلە وەردەگیرا و ئەمساڵ هەمووی بە یەک پلە وەرگیرا، ساڵی رابردوو ١٢٥ ھەزار تۆن گەنم بە سێ پلەی جیاواز وەگیراوە، بەڵام ئەمساڵ نزیکەی ٢٦٠ ھەزار تۆن گەنم بە یەک پلە وەرگیراوە بە نرخی ٨٥٠ هەزار دینار، رێژەی وەرگرتنی گەنم سنووردار بوو، بەڵام ئەمساڵ پلانەکە کراوە بوو، ئەمەش پەیوەندی هەیە بە شەڕی رووسیا-ئۆکرانیا، هاوکات ساڵی رابردوو ٤١ رۆژ بۆ وەرگرتنی گەنم دیاریی کرابوو، بەڵام ئەمساڵ ٥٥ رۆژ گەنم وەرگیراوە و لە هەوڵی درێژکردنەوەی ماوەکەشداین".

دواتر بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی، نەوزاد کامیل گوتی: "بەپێی ئەو داتایەی لەبەردەستی ئێمەدایە، بڕی گەنمی وەرگیراو لە هەرێمی کوردستان بریتییە لە ٢٥٩ هەزار و ١٦٤ تۆن و ٣٢٠ کیلۆگرام کە بڕی پارەی تەرخانکراو بریتیی بووە لە ٢٢٠ ملیار و ١٥٠ ملیۆن دینار، لەو ژمارەیەش ٩٤ ملیار و ٩٥٠ ملیۆن دینار هاتووەتە سەر هەژماری بانکیی و زۆربەی دابەشکراوە و لە سبەی دووشەممەوە دەست دەکەین بە وەجبەیەکی دیکەی دابەشکردن".

بەپێی داتاکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و ٥٩٩ ھەزار و ٥٨٠ دۆنم زەوی بە گەنم چێندرا لە کۆی سێ ملیۆن و ٥٩٣ ھەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın