عێراق

"٢٠ ملیار دۆلاری خەوتووی سەرمایەدارانی ھەرێم زەکاتی لێدەکەوێت"

مەحمود: "لە ھەرێمی کوردستان سەرمایەی خەوتوو کە پێویستە زەکاتی لێدەربکرێت لە سەروو ٢٠ ملیار دۆلارەوەیە، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر کەمی سەرمایەدارەکان زەکات لە سەرمایەکانیان دەردەکەن و ھاوکاری خەڵکی ھەژار و نەخۆش و کەمدەرامەت دەکەن".

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 23.05.2019 - نوێکردنەوە : 06.06.2019
"٢٠ ملیار دۆلاری خەوتووی سەرمایەدارانی ھەرێم زەکاتی لێدەکەوێت"

As Sulaymaniyah


سلێمانی ـ AA

گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، یاسین مەحمود لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی بڕی زەکاتی سەر سەرمایەی سەرمایەدارانی ھەرێمی کوردستان قسەی کرد و بە نیگەرانییەوە باس لەوە دەکات کە بەشی زۆری بەرپرس و سەرمایەدارەکانی ھەرێمی کوردستان خۆیان لە بەخشین و دەکردنی زەکات لە سەرمایەکانیان دەدزنەوە و ھاوکاری کەسانی ھەژار و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆش ناکەن.

یاسین مەحمود گوتی: "لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە ئاستی دارایی سەرمایەدارانی ھەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی گەورەی بەخۆوە بینی و تا ساڵی ٢٠١٣ ژمارەکان زۆر دەگۆڕا و زۆر شتی سەیر و سەمەرەش لە دروستبوونی سەرمایەداری ملیۆنێر روویدا کە ھەندێک کۆمپانیا سەرمایەکانیان گەیشتە سەروو یەک ملیار دۆلار، بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠١٣ و سەرھەڵدانی قەیرانەکان بەشێک لە سەرمایەدار و کۆمپانیاکان بە ئەندازەیەکی چاوەڕوان نەکراو مایەپووچ بوون".

ئەو گوتی: "لە ھەرێمی کوردستان سەرمایەی خەوتوو کە پێویستە زەکاتی لێدەربکرێت لە سەروو ٢٠ ملیار دۆلارەوەیە کە ئەو پارەیە لە لای سەرمایەدار و دەوڵەمەند و حزبەکانە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە ساڵانی رابردووش لە ھەرێمی کوردستان بیندراوە زەکاتی دوو ملیار دۆلاریش نادرێت، بەو پێیەش لەسەدا ٩٠ی سەرمایەدار و دەوڵەمەندەکانی کوردستان زەکات لە سەرمایەکانیان بەپێی پێویست دەرناکەن".

سەبارەت بە ھۆکاری ئەوەش، یاسین مەحمود گوتی: "کێشەکە لەوەدایە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم و لاوازی سیاسەتی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئەوەبووە کە نەمانتوانیوە فەرھەنگی خەڵک و دەوڵەمەندەکان ئاوێتە بکەین لەگەڵ فەرھەنگی خەڵک و دەوڵەمەندەکانی وڵاتانی ھاوشێوە و ئیسلامی، ئەوەش زیانی گەورەی بە ھەژاران و نەداران گەیاندووە، لەگەڵ نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە کۆکردنەوەی زەکات و نەبوونی سندوقی زەکات و دەزگایەکی زەکات لە ھەرێمی کوردستان".

گوتەبێژی وەبەرھێنەرانی کوردستان باس لەوەش دەکات کە لە کۆی ئەو دەوڵەمەند و وەبەرھێنەرانەی لە لای رێکخراوەکەیان تۆمارکراوە رێژەیەکی زۆر کەمیان زەکات لە سەرمایەکانیان دەردەکەن کە ئەوەش ناگاتە لەسەدا ٧ بۆ ٨ی دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان لە کاتێکدا لە بەشێک لە وڵاتانی دیکی ئیسلامی سەرمایەداران لە کاتی وەرگرتنی ھەر پڕۆژەیەکدا ناچار دەکەن بە ئاشکراکردنی لیستی دەرکردنی زەکات لە سەرمایەکانیان.

ئەو ھەروەھا گوتی: "ئەگەر بە شێوەیەکی رێکوپێک و تەنھا لەسەدا ٧٠ی زەکاتی سەرمایەدارەکان بدرێت لە ھەرێمی کوردستان، ئەوا ساڵانە بوودجەی زەکات لە ھەرێم دەگاتە زیاتر لە ٢٥٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەش بوودجەیەکی گەورەیە و خزمەتی گەورە بە کەسانی ھەژار و کەمدەرامەت و نەخۆش دەکات".

یاسین مەحمود بە نیگەرانییەوە باس لە بابەتی زەکات و دەرکردنی زەکات لە سەرمایەی سەرمایەداران دەکات و دەڵێت "بەداخەوە بابەتی زەکات لە ھەرێمی کوردستان زۆر خراپە و بە ھۆی پێ نەدانی زەکاتەوە رێژەی ھەژاری ساڵ لە دوای ساڵ بەرزتر دەبێتەوە، بەجۆرێک ئەگەر حکوومەتێکی دادپەروەر بێتە پێشەوە و لێپێچینەوە بکات لەوەی بەشێک لە دەوڵەمەندەکان وەک ئەوەی زەکات نادەن بوونەتە قۆرخکار بەسەر ھەژارانەوە و وەک پرد بەسەریاندا دەپەڕنەوە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و پارەیەکی زۆری خەڵکانی کەمدەرامەتیان بە ناوی دروستکردنی خانووبەرەوە بردووە".

بە گوتەی گوتەبێژی یەکێتیی وەبەرھێنەرانی کوردستان، رێژەی ھەژاری لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لەو رێژەیەی بڵاودەکرێتەوە و دەگاتە لەسەدا ٢٠ی دانیشتووان، ھەروەھا بەشێکی زۆری خەڵک پێویستی زۆری بە ھاوکاری ھەیە تاوەکو جەژن بکاتەوە.

زەکات لە زمانی عەرەبیدا، بەمانای گەشەکردن و پاککردنەوە و زۆربوون دێت، خوای گەورە لەسەر موسڵمانانی فەرز کردووە لەو سەروەت و سامانەی پێی بەخشیون ساڵانە بەشی ھەژار و کەسانی کەمدەرامەتی لێدەربکەن و ھاوکاریان بکەن.

لیژنەی باڵای فەتوا لە ھەرێمی کوردستان بڕی زەکاتی وا دیاری کردووە کە ھەر کەسێک بڕی دوو ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناری ھەبێت و ساڵێکی بەسەردا تێپەڕبووبێت ئەوا لە ھەر یەک ملیۆن دینار ٢٥ ھەزار دینار زەکاتی دەکەوێت.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın