عێراق

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان سبەی سەردانی عێراق دەکات

Büşranur Keskinkılıç  | 01.11.2025 - نوێکردنەوە : 01.11.2025
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان سبەی سەردانی عێراق دەکات

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان سبەی یەکشەممە، سەردانی عێراق دەکات.

بە پێی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەست کەوتووە، هاکان فیدان لە ١٠ی ئۆکتۆبەر لە ئەنقەرە میوانداری لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حوسێن و هەروەها وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق عەون زیاب عەبدوڵڵا کردبوو.

سەردانی فیدان بۆ عێراق کە سێ هەفتە دوای سەردانی وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەنقەرە دێت و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات و پەرەسەندنەکانی ناوچەکە تەوەری سەرەکی دیدارەکان دەبێت.

بڕیارە لەم سەردانەدا، فیدان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، دیدار و گفتوگۆی هەبێت.

چاوەڕوان دەکرێت وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق، خۆشحاڵی خۆی بە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات کە بە خێراییەکی زۆر لە هەموو بوارێکدا لە پەرەسەندن دایە، دەرببرێت و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەر هەنگاوێک کە مەبەست لێی بەهێزکردنی سەقامگیری، ئاسایش و خۆشگوزەرانی عێراق بێت، نیشان دەدات. هاکان فیدان بۆ بەرپرسانی عێراقی ئاواتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئارام لە کەشێکی ئاشتیانە دەخوازێت کە خێری بۆ گەلی عێراق هەبێت و لە ١١ی تشرینی دووهەمی ٢٠٢٥ بەڕێوەدەچێت.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت هاکان فیدان لە میانی سەردانەکەیدا لەسەر پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان کە تورکیا هاوبەشێکی سرووشتیی پڕۆژەکەیە، قسە بکات. ئەو هەروەها پێزانینی خۆی بۆ بەرپرسانی عێراقی کە پشتیوانی لە قۆناغی "تورکیای بێ تیرۆر" دەکەن، دەردەبرێت. هەروەها نیشانی دەدات کە تورکیا بەو ڕەهەندە مرۆڤدۆستانەی خۆی لەبارەی پرسی ئاوەوە، سەرچاوە ئاوییەکان وەک پرسێک بۆ هاوکاری لەگەڵ دراوسێکان دەبینێت. فیدان هەروەها ئامادەیی تورکیا بۆ بەشداری لە هەرچەشنە هاوکارییەکی تەکنیکی و زانستی لەگەڵ عێراق دژ بە ئالنگارییەکانی ئاو دەردەبڕێت و پێیان ڕادەگەیەنێت کە وڵاتەکەی بەشدار دەبێت لە پڕۆژەکانی ژێرخان بۆ کەڵک وەرگرتن و گەرەنتیکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق، بۆ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دووپات دەکاتەوە.

چاوەڕوانیش دەکرێت کە وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها لە دیدار لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی جەخت لەوە بکاتەوە کە کەڵک وەرگرتنی گونجاو لە سەرچاوە ئاوییەکان بەرپرسیارێتی هەر دوو وڵاتە و ئاوەکانی سنووری نێوان دوو وڵات پێویستە بە شێوەیەکی کاریگەر و ئەرێنی و لۆژیکی لە نێوان هەردوو وڵاتدا کەڵکیان لێ وەربگیرێت. هاکان فیدان هەروەها دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق و تورکیا لە ئەیلوولی ڕابردوودا بە وەرچەرخانێکی ئەرێنی لە بواری دابینکردنی ئاسایشی وزە و پەیوندییە بازرگانییەکانی نێوان دوو وڵات لە قەڵەم دەدات. وەزیری دەرەوەی تورکیا هەروەها ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی و بەرفراوان لەگەڵ عێراق بۆ دەستەبەرکردنی پوتانسیەلێکی هاوکاریی لە بواری وزەدا نیشان دەدات.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت کە هاکان فیدان پێویستی پابەندبوونی هەموو لایەک بە ئاگربەستی غەززە بۆ سەقامگیری ناوچەکە دووپات بکاتەوە. چاوەڕوانیش دەکرێت کە فیدان خواستی وڵاتەکەشی بۆ بەردەوامی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەهێزکردنی یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سووریا دووپات بکاتەوە و جەختیش لەوە بکاتەوە کە گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی عێراقی لە کەمپ و بەندیخانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کە یارمەتیدەری سەقامگیری ئەو وڵاتە دەبێت، دەرببڕێت.

عێراق لە ساڵی ٢٠٢٥دا یەکێک لە گرنگترین هاوبەشەکانی بازرگانی لەگەڵ تورکیا بوو. هەتا مانگی ئەیلوول قەبارەی بازرگانی نێوان دوو وڵات گەیشتە ١٢ ملیار دۆلار.

لەم ماوەیەدا، هەناردەی تورکیا بۆ عێراق هەشت ملیار و ٦٧٥ ملیۆن دۆلار و بە پێچەوانەوە هەناردەی عێراقیش بۆ تورکیا سێ ملیار و ٢٣١ ملیۆن دۆلار بووە.

سەردانی سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات. لەم سەردانەدا ٢٧ ڕێککەوتننامەی و یادداشتی لێکتێگەیشتن لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، کشتوکاڵ، گواستنەوە و گەیاندن واژوو کرا کە یارمەتیدەری بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵات بووە.

بۆ جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتننامەیە، کۆمیتەی هاوبەش لە ژێر ناوی "ڕێککەوتننامەی ستراتیژی بۆ هاوکاری هاوبەش" دامەزرا کە پێشکەوتنێکی بەرچاوی لە بەجێگەیاندنی ڕێککەوتننامەکان و پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان و هاوبەشی نێوان دوو وڵاتدا هەبووە.

دوای ئەم سەردانە مێژووییە، پەیوەندییەکانی سیاسی و تەکنیکی هەردوو وڵات پەرەی سەند و بە هێزتر بوو.

لە میانی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی بۆ تورکیا، لە ٨ی ئایاری ٢٠٢٥، ئەنجوومەنی باڵای هاریکاریی ستراتیژی نێوان دوو وڵات کۆبوویەوە و لە ئاکامدا ١١ ڕێککەوتننامە و یادداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژوو کران.

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان دواجار لە ٢٦ی کانوونی دووهەمی ٢٠٢٥ سەردانی بەغدای کردبوو.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın