وەزارەتى ناوخۆى عێراق: "داعش لە پشت تەقينەوەكەى بەغدايە"
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خالید ئەلمەحنا رایگەیاند رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پشت تەقینەوەکەی ئەمڕۆی بەغدای پایتەخت بووە.

Baghdad
بەغدا - AA
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، خالید ئەلمەحنا رایگەیاند رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پشت تەقینەوەکەی ئەمڕۆی بەغدای پایتەخت بووە.
خالید ئەلمەحنا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی خۆجێی لە بەغدا، روونکردنەوەی لەسەر بەرپرسیارانی هەردوو تەقینەوە خۆکوژییەکەی ئەمڕۆی بەغدای دا کە بووە ھۆی کوژرانی ٣٢ کەس.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە پشت ئەو ھێرشە خۆکوژییەوە بوو کە بازاڕێکی میللی کردبووە ئامانج و گوتی، "ھەرچەندە دانی بەوەدا نەناوە، بەڵام داعش لە پشت تەقینەوەکەدایە. داعش لە رێگەی ئەم تەقینەوەیەوە دەیەوێت پەیامی ئەوە بنێرێت کە ھێشتا ماوە".
لە ئاکامی ئەو دوو تەقینەوەی خۆکوژییەی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە گۆڕەپانی تەیەران ناوەڕاستی بەغدا پایتەختی عێراق روویاندا، ٣٢ کەس کوژران و ١١٠ی دیکە برینداربوون.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکان رانەگەیاندووە.