عێراق

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: "حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌ جیاوازن"

ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ وه‌ڵامی هاوه‌یمانی نه‌سر رایده‌گه‌یه‌نێت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و حه‌شدی شه‌عبی جیاوازییان هه‌یه‌.

Hemn Baban   | 04.07.2019
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌: "حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه‌ جیاوازن"

Arbil
هه‌ولێر - AA

جه‌بار یاوه‌ر مه‌نده‌ ده‌ڵێت هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌پێی چوار یاسا و دوو مادده‌ی ده‌ستووری و له‌چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێم كارده‌كه‌ن.

ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و به‌ستنه‌وه‌یان به‌ سوپای عێراق و تێكه‌ڵكردنییان له‌گه‌ڵ ئه‌م سوپایه‌ و هه‌ڵوێستی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌باره‌ت به‌و لێدوانانه‌ی گوایه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش پێویسته‌ هه‌مان چاره‌نووسی هه‌بێت له‌نێو سوپای عێراق له‌ لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگه‌یاند "هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ جیاوازن، هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له‌ساڵی 2014 و به‌هۆی فه‌توایه‌كی مه‌رجه‌عی باڵای شیعه‌كانی عێراق به‌ڕێز عه‌لی سیستانی دروست بوو دوای ئه‌وه‌ی داعش هێرشی بۆ سه‌ر عێراق كرد و چه‌ندین ناوچه‌ی خسته‌ ژێر ركێفی خۆی و هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنی شوێنی دیكه‌شی ده‌كرد، به‌تایبه‌ت كه‌ داعش هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ به‌غدا و گه‌یشتنه‌ به‌غدای ده‌كرد، ئه‌وه‌ بوو ئه‌و هێزانه‌ دروست بوون كه‌ جۆره‌ها خه‌ڵك به‌شێوازی جیاجیا به‌شدارییان له‌و شه‌ڕه‌دا كرد".

قسه‌كانی یاوه‌ر دوای ئه‌وه‌ هات هاوپه‌یمانی نه‌سر كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات له‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر فه‌رمانی دیوانیی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی بۆ رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌وه‌ی راگه‌یاندبوو كه‌ ده‌بێت ئه‌و فه‌رمانه‌ "هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش بگرێته‌وه‌".

فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو هه‌روه‌ها گوتیشی "هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان هێزێكه‌ ده‌یان ساڵه‌ دروست بووه‌، هێزێك نییه‌ له‌ حاڵه‌تێكی له‌ناكاو دروست بووبێت، جگه‌ له‌وه‌ی له‌ساڵی 1992ه‌وه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه‌، هاوكات به‌پێی چوار یاسا كارده‌كات، یاساكانی ژماره‌ 19، ژماره‌ 33، یاسای ژماره‌ 34، یاسای ژماره‌ 38، جگه‌ له‌وه‌ش به‌پێی ده‌ستوور هێزی پێشمه‌رگه‌ هێزێكی شه‌رعییه‌ و له‌ساڵی 2005 كه‌ ده‌ستوور ده‌نگمان بۆ دا له‌ دوو مادده‌ی یاسایی كه‌ یه‌كێكیان مادده‌ی 117 یه‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌سه‌ڵاتی شه‌رعیین، هه‌روه‌ها له‌ مادده‌ی 121یش له‌ ده‌ستووردا هه‌ق به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌دات هێزێكی هه‌بێت و پاسه‌وانی له‌هه‌رێم بكات كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانه‌، بۆیه‌ جیاوازیی هه‌یه‌ له‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی، هێزی پێشمه‌رگه‌ هێزێكی شه‌رعییه‌ و له‌چوارچێوه‌ی وه‌زاره‌تێكی ره‌سمییه‌ و هه‌روه‌ها ده‌ستوور رێگه‌ی دروستبوونی پێداوه‌، به‌ڵام هێزی حه‌شدی شه‌عبی له‌ حزبه‌ شیعییه‌كان دروست بوون له‌كاتێكی له‌ناكاو بۆ شه‌ڕی داعش، بۆیه‌ ده‌بێت له‌ چوارچێوه‌ی سیسته‌می به‌رگری به‌پێی یاسا رێكبخرێنه‌وه‌".

رۆژی یه‌كه‌می ئه‌م مانگه‌ "ته‌مموز"، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی فه‌رمانێكی دیوانیی به‌ ژماره‌ 237 ده‌ركرد تایبه‌ت به‌ تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ پتر له‌ 100 هه‌زار جه‌نگاوه‌ر ده‌بن له‌ عێراق و زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆرییان سه‌ر به‌ هێز و لایه‌نه‌كانی شیعه‌كانن ده‌ركرد، به‌پێی بڕیاره‌كه‌ ده‌بێت تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ رێوشوێنی كۆتایی بۆ ته‌واوكردنی ئه‌و كاره‌ ته‌واوبكرێت، بڕیاره‌كه‌ش له‌لایه‌ن هێزه‌ شیعییه‌كانه‌وه‌ به‌تایبه‌ت دوو بۆچوونیی درووستكرد، هه‌بوون پێشوازییان لێ كرد و هه‌ندێكی كه‌میش دژی وه‌ستانه‌وه‌.

پێشتر و له‌ پاش سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا مایك پۆمپیۆ بۆ به‌غدا ئه‌وه‌ بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ ناوبراو لیستێكی به‌ ژماره‌یه‌ك هێزی چه‌كداری شیعه‌كان داوه‌ته‌ ده‌ست عه‌بدولمه‌هدی و نه‌هێشتنییانی به‌ پێویست زانیوه‌ و ئه‌وه‌ش بڵاوكرایه‌وه‌ گوایه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كردنه‌ ئامانجیشییان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكا دراوه‌ته‌ گوێی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق.

سه‌باره‌ت به‌و بڕیاره‌ی عادل عه‌بدوڵمه‌هدی، هاوپه‌یمانی نه‌سر كه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات باسی له‌وه‌كرد پێویسته‌ ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رۆكوه‌زیران عادل عه‌بدولمه‌هدی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ش بگرێته‌وه‌ و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناوه‌نددا كاربكه‌ن، ئه‌مه‌ش لێدوانی جیای به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستانی لێ كه‌وته‌وه‌.










ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın