عێراق

هەڤاڵ ئەبوبەکر: "هەموومان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێکی راستەقینەدا وەستاوین"

پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ رێگای ژیان و هەناسە و خوێنی لە ملیۆنان کەس گرتووە و هەموومان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێکی راستەقینەدا وەستاوین و شایەتی مەرگی دەیان و سەدان ئازیزمانین.

Sarmand Hameed   | 29.10.2020
هەڤاڵ ئەبوبەکر: "هەموومان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێکی راستەقینەدا وەستاوین"

Arbil

هەولێر - AA

پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر رایگەیاند، ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ رێگای ژیان و هەناسە و خوێنی لە ملیۆنان کەس گرتووە و هەموومان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێکی راستەقینەدا وەستاوین و شایەتی مەرگی دەیان و سەدان ئازیزمانین.

هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامێکدا کە لەژێر ناوی (هاندان بۆ خۆپارێزیی)، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، نووسیوویەتی: "رۆژانە و شەوانە، بەبەردەوامیی هەموومان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێکی راستەقینەدا وەستاوین، هەموومان شایەتی مەرگی دەیان و سەدان ئازیزمانین، ماڵ و کۆڵان و کوچەو گەڕەک و شەقام و شارو وڵات و گەردون؛ رەنگی مەرگیان گرتووە، کۆرۆنا ڕێگای ژیان و هەناسەو خوێنی لە ملیۆنان کەس گرتووە".

هەڤاڵ ئەبوبەکر لە پەیامەکەیدا داوای لە خۆپارێزی لە هاووڵاتییان کردووە تاوەکو ژمارەی تووشبووان روو لە هەڵکشانی زیاتر نەکات و بەوهۆیەوە ناچار نەبن دەست بە کەرەنتین و قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ و داخستنی شوێنەکان بکەنەوە و نووسیوویەتی: "تا ئەمڕۆ جگە لە خواپاراستنمان؛ تاکە چارەسەر خۆپارێزییە، بەستنی ماسکێک لە شوێنە داخراوەکان و پاراستنی دووریی نێوانمان لە شوێنە کراوەکاندا، جگە لەوەی دەبێتە پاراستنی خۆمان و دەوروبەرو خۆشەویستانمان، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر چڕیی و زۆریی تووشبووان و لێشاوی شاڵاوی پەتاکە ناچارمان نەکەن دەست بە کەرەنتین و قەدەغەی تەواوی هاتوچۆ و داخستنی هەموو شوێنەکان بکەینەوە".

پارێزگاری سلێمانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا نووسیوویەتی"بە بەستنی ماسکێک تەندروستیی خۆت و خەڵک و ژیان و بژێویی و کارو کەسابەت و بازاڕ؛ بپارێزن".

هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی جێبەجێکردنی رێککارەکانی خۆپارێزی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و سزادانی ئەو کەسانەی پابەندی رێنماییەکانی تەندروستیی نابن نووسیوویەتی: "رێکارەکان بۆ هاندانی ئێوەی بەڕێزن بۆ خۆپارێزیی، نەک بۆ سزادان. ژیانی ئێوە لە سزادانی هەر سەرپێچیکەرێک، بەهادارترو بەنرخترە".

پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر بە نووسینی "سوپاس بۆ خۆپارێزیتان" کۆتایی بە پەیامەکەی هێناوە.

ئەم پەیامەی هەڤاڵ ئەبوبەکر لە کاتێکدا لە چەند رۆژی ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری پارێزگای سلێمانی رووی لە هەڵکشان کردووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ٧٤ ھەزار و ٣٣٤ تووشبوو کە ٢٢ ھەزار و ٨٠ حاڵەت لە سلێمانی بووە لەنێویاندا دوو ھەزار و ٤٠٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە کە ھەزار و ١٨٧ حاڵەت لە سلێمانی بووە.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın