عێراق

هەولێر.. سێ پرۆژەی نوێی کارەبا خرانەکار

- وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان: "ئەنجامدانی ئەم پرۆژانە وایکرد تا رادەیەک رەوشی کارەبا بەرەو باشتر بەرین، ئەمە نە یەکەمین پرۆژە دەبێت و نە کۆتا پرۆژەش، ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی نزیکدا هەر لەم مانگەدا، پرۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە هەولێرئەنجام دەدەین".

Hawkar Yaseen   | 17.09.2020
هەولێر.. سێ پرۆژەی نوێی کارەبا خرانەکار

Arbil

هەولێر AA

لە رێوڕەسمێکدا لە هەولێر پرۆژەکانی وێستگەی ١٣٢ کەی ڤی کەسنەزان و راکێشانی ھێڵی پاڵەپەستۆی بەرزی ١٣٢ کەی ڤی لەگەڵ دەرھێنانی ٨ فیدەری ١١ کەی ڤی کرانەوە.

تەواوبوونی ئەو پرۆژانە کێشە و گرفتەکانی کارەبا لەو ناوچانەی هەولێر بەتەواوی چارەسە دەکات کە دەکەونە سەر ئەو وێستگە و فیدەرانە.

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد لە رێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەکەدا رایگەیاند "ئەم پرۆژەیە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە، ئەوانیش دامەزراندنی وێستگەیەکی ١٣٢ کەی ڤی کە لەتوانایدایە ١٢٦مێگاوات کارەبا بۆ ئەم دەڤەرە دابین بکات، ئەم پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیایەکی تورکی لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەست بەکارکردن کرابوو تێیدا، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانرا لە کاتی خۆی تەواو بکرێت، داوامان لە کۆمپانیاکە کردەوە کە دەستبەکار ببنەوە و توانرا لە ماوەیەکی کەمدا پرۆژەکە تەواو بکرێت، بەڵام تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە بە تەنها بەس نەبوو چونکە هیڵەکە گرێ نەدرابوو لەگەڵ تۆڕی کارەبای هەرێم ئەمەش بە دانانی وێستگەیەکی بێ هێڵ نەدەتوانرا سوود بگەیەنێت، بۆیە لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی دیکەدا بە بڕی ٤٦٠ ملیۆن دینار هاوشانی تەواوکردنی هێڵی ١٣٢ کەی ڤی پرۆژەیەکی دیکەمان دەستپێکرد بۆ گرێدانی هێڵەکە بە تۆڕی نیشتمانییەوە، بەدەستخۆشییەوە لەلایەن کۆمپانیایەکی ناوخۆیی لە ماوەی دوو مانگدا، پرۆژەکە تەواو کرا و هێڵەکە بە تۆڕی نیشتمانیی کارەباوە بەسترایەوە".

کەمال محەمەد گوتیشی: "ئەگەر پرۆژەی دەرهێنانی فیدەرەکانیشمان جێبەجێ نەکردایە ئەوا ئەم پرۆژانە کاریگەری لەسەر باشکردنی رەوشی کارەبا نەدەبوو، بۆیە تەرخانکردنی گوژمەیەکی دیکەمان بۆ ئەو پرۆژەیەش کرد، ملیارێک و ٢٥٠ ملیۆن دینار تەرخانکرا بۆ دەرهێنانی هەشت فیدەر لە دەورووبەری ئەم وێستەگەیە و بەستنەوەی لەگەڵیدا، ئەم کارەش بۆ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی دەرچووە کە لەماوەی دوو مانگدا جێبەجێی دەکات".

وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان راشیگەیاند "ئەنجامدانی ئەم پرۆژانە وایکرد تا رادەیەک رەوشی کارەبا بەرەو باشتر بەرین، ئەمە نە یەکەمین پرۆژە دەبێت و نە کۆتا پرۆژە، ئینشائەڵڵا لە ماوەیەکی نزیکدا هەر لەم مانگەدا، پرۆژەیەکی دیکەی گرنگ لە هەولێری پایتەخت ئەنجام دەدەین کە دەبنە هۆکار بۆ باشترکردنی رەوشی کارەبا".

دواتر پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی رایگەیاند "سوپاسێکی زۆری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجوومەنی وەزیران و خودی وەزیری کارەبا دەکەین کە مشورێکی باشی دۆخی خراپی کارەبای هەولێریان خوارد، ئێستا دەتوانین بڵێین گرنگی پێدانی وەزارەتی کارەبا بە دۆخی کارەبای پارێزگای هەولێر لە ئاستێکی ئێجگار باشدایە، بەشێک لەو کێشانەی کە لە شارەکانی دیکە نەبوون، بەڵام لە هەولێر دۆخی کارەبا ئێجگار خراپ بوو، بەو گرنگی پێدانەی وەزارەتی کارەبا ئێستا دەتوانین بڵێین بەشێکی باشی کێشەکان لەماوەی دوو مانگی داهاتوو لە هەولێری پایتەخت چارەسەر دەبن و دۆخی کارەبا هەنگاوێکی باشتر دەبڕێت".

فرسەت سۆفی گوتی: "ئێمە وەک پارێزگای هەولێر هاوکار و هەماهەنگ دەبین لەگەڵ وەزارەتی کارەبا و تیمەکانی کارەبا بۆئەوەی کێشەکانی کارەبا بەتەواوی چارەسەر بکەین، داواش لە هاووڵاتییانی پارێزگای هەولێر دەکەین هاوکارمان بن بۆئەوەی بتوانین سنوور دابنێین بۆ زێدەڕۆیکردن لەسەر کارەبا، چونکە ئەگەر چەند گوژمەی دیکەش بۆ کارەبا تەرخان بکرێت و چەندان مێگاواتی دیکەش کارەبا هەبێت ئەگەر خەڵکی سنووری پارێزگای هەولێر دەست بە کارەباوە نەگرن بەدڵنیایییەوە هەر کێشەمان دەبێت، بۆیە ئێمە جەخت لە بەردەوامی هەڵمەتی بڕینی کارەبای زێدەڕۆ دەکەینەوە".

گوتیشی: "هەر ١٠ قایمقامیەتەکەی سنووری پارێزگای هەولێرمان راسپاردووە بە تەنسیق لەگەڵ فەرمانگەکانی کارەبا ئەم هەڵمەتە درێژە پێبدەن بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کارەبایەی کە هەمانە بە دادپەروەری و بە رێکوپێکی بەسەر هاووڵاتییان و هاوبەشەکانی کارەبا دابەشی بکەین".

لە کۆتایی قسەکانیدا پارێزگای هەولێر رایگەیاند "لە چەند هەفتەی داهاتوودا، چەندین پرۆژەی دیکەی گرنگی کارەبا لەڕێیە و دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی بەشێکی دیکەی گرفتەکانی کارەبا لە سنووری پارێزگای هەولێر".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın