Rawan Subhi Obaiullah
17 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2026
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، کە بەهۆی هەڕەشە ئەمنییەکانەوە کۆمپانیای داناگاز بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرتووە، بەم هۆیەشەوە هەناردەی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا وەستاوە و بڕی ٢٥٠٠ مێگاوات کارەبای نیشتمانی کەمبووەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و دابەشکردنی ئەو بڕە کارەبایەی کە لە وێستگە جۆراوجۆرەکانی دیکەوە بەرهەم دێت، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، تیمێکی هاوبەشی هەردوو وەزارەتیان ڕاسپاردووە تاوەکو بە شێوازێکی ڕێکوپێک و دادپەروەرانە ئەو بڕە کارەبایەی هەیە بەسەر پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکاندا دابەش بکرێت، و تیمی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێمیش بەردەوام چاودێریی دۆخەکە و ڕێکخستنەوەی کارەباکە دەکات".
سەبارەت بە دابینکردنی گازی شل (گازی ماڵان)، هەردوو وەزارەت هاووڵاتییان دڵنیا دەکەنەوە کە قەیرانی گازی ماڵان ڕوونادات، چونکە بە ڕەزامەندیی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، پێداویستیی ڕۆژانەی گازی ماڵان دابین کراوە و هەر ئەمڕۆ چەندین تانکەری گاز ڕەوانەی شارەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێن.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڕانەوەی بەرهەمهێنانی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ دۆخی ئاسایی خۆی لە زووترین کاتدا.