عێراق

"هه‌رێمی كوردستان له‌ رێككه‌وتنی کۆنکرێتی له‌گه‌ڵ به‌غدا نزیكه‌"

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەیادە نەجار: "گفتوگۆکانی شاندی هه‌رێمی كوردستان لە به‌غدا ئه‌رێنین و بەمزووانە رێکەوتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ بەغدا واژوو دەکرێت"

Heman Hussein Yaseen   | 20.05.2020
"هه‌رێمی كوردستان له‌ رێككه‌وتنی کۆنکرێتی له‌گه‌ڵ به‌غدا نزیكه‌"

Arbil

هه‌ولێر - AA

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەیادە نەجار لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كه‌ گفتوگۆکانی شاندی هه‌رێمی كوردستان لە به‌غدا ئه‌رێنین و ئاشکرای کرد، بەمزووانە رێکەوتنێکی کۆنکریتی لەگەڵ بەغدا واژوو دەکرێت، هەروەها هۆكاری نه‌چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا ئاشكرا ده‌كات.

مەیادە نەجار سەبارەت بە گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا گوتی: ''گفتوگۆی زۆر لەنێوان ھەردوو شاندی ھەرێمی کوردستان و لایەنەکانی عێراقی کراوە و لە یەکتر نزیکبوونەوەیەک ھەیە و ئاماژەکان ئەرێنین، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ رێککەوتنێکی فەرمی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا ئەنجام نەدراوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ھەردوولا گەشبینن کە به‌مزووانه‌ رێککەوتنێکی کۆنکرێتی بکرێت و كێشه‌كان له‌ ریشەوە چارەسەر بکرێن، تاوه‌كو جارێكی دیكه‌ پێویستیمان بە گفتوگۆ و دانوستان نه‌بێت".

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەیادە نەجار گوتیشی: ''رێککەوتنەکە بۆ ئەوەیە کە بابەتی مووچەی مووچەخۆران و بوودجەی ھەرێمی کوردستان زامن بێت و ھاووڵاتییان تووشی دڵەڕاوکێ نەبن و ئێمەیش ھەموو ھەوڵێکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بتوانین رێککەوتنێکی کۆنكرێتی لەگەڵ بەغدا بکەین''.

مەیادە نەجار سەبارەت بە نەچوونی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کە بڕیاربوو سەرەتای ئەم ھەفتەیە بەرەو بەغدا بەڕێبکەوێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسیییەکان گوتی: ''ھۆکاری دواکەوتنی شاندی ھەرێمی کوردستان بەھۆی بارودۆخی ئێستای عێراقە، بابەتی پێکھێنانی حکوومەت و پڕکردنەوەی پۆستە وزارییەکانە بۆیە دەرفەت نەبووە شاندەکان گفتوگۆ بکەن، بەڵام بە دڵنیایییەوە کاتێک دەستنیشان دەکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات شاندی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان''.

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەیادە نەجار لەبارەی پڕکردنەوەی ئەو پێنج پۆستە وزارییەی لە کابینەکەی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، مستەفا کازمی پڕنەکراوەتەوە گوتی: ''تا ئێستاش لایەنە سیاسیەکانی عێراق بەردەوامن لە گفتوگۆکردن بۆ ئەوەی لە کورتترین ماوەدا ئەو پێنچ پۆستە وزاریەی کە ماوە، پری بکەنەوە، بێگومان کوردیش وەزارەتێکی سیادی ماوه‌ کە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان-ە و ئێمەش کاندیدی خۆمان دەبێت، ھەروەھا پۆستی وەزارەتی داد کە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە و ئەوانیش کاندیدی خۆیان دەبێت بۆ ئەم پۆستە".

رۆژی ٢٩ی نیسانی ٢٠٢٠ شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری نەوت، سامر غەزبان کۆبووەوە.

رۆژی پێنجی ئایاری ٢٠٢٠ جارێکی دیکە شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم، قوباد تاڵەبانی سەردانی بەغدایان کرد و رایانگەیاند کە کۆبوونەوەکان درێژەیان دەبێت و بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاربوو سەرەتای ئەم ھەفتەیە شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات، بەڵام تا ئێستا سەردانەکە ئەنجام نەدراوە.



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın