عێراق

نێچیرڤان بارزانی سەرکۆنەی ھێرشی سەر بنکەی عەین ئەسەد دەکات

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد کرد.

Sarmand Hameed   | 03.03.2021
نێچیرڤان بارزانی سەرکۆنەی ھێرشی سەر بنکەی عەین ئەسەد دەکات

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە توندی سەرکۆنەی ھێرشی بۆسەر بنکەی عەین ئەسەد کرد کە هێزەکانی ئەمریکا تیایدا جێگیرکراون و رایگەیاند، دووبارەبوونەی بەردەوامی پەلاماردان و ھێرش لەسەر ھێزی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەکانی عێراقە و ئارامی و سەقامگیریی وڵات و ئێستا و داھاتووی دەخاتە مەترسییەکی راستەقینەوە.

نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت: "زۆر بە توندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە مووشەکییە دەکەم کە ئەمڕۆ چوارشەممە ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمریکا لە بنکەی عەین ئەسەدی ئاسمانی لە پارێزگای ئەنبار لە عێراق کردە ئامانج و لە ئەنجامدا بەڵێندەرێک گیانی لە دەست دا. سەرەخۆشی لە خانەوادە و کەسوکاری قوربانییەکە دەکەم، لەم کاتە سەختەدا ھاوسۆز و ھاوخەمیانم".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "دووبارەبوونەی بەردەوامی پەلاماردان و ھێرش لەسەر ھێزی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە لەسەر داوای حکوومەتی عێراقی فیدڕال بۆ پشتگیری و ھاوکاریکردنی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراقن، بە تەواوی دژی بەرژەوەندییەکانی عێراقە و ئارامی و سەقامگیریی وڵات و ئێستا و داھاتووی دەخاتە مەترسییەکی ڕاستەقینەوە".

نێچیرڤا بارزانی ئاماژەی بەوەشکردووە کە "بێگومان عێراق لە دۆخی ئێستایدا ھێشتا پێویستی بە بەردەوامیی ھاوکاری و یارمەتیدانی ئەمریکا و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە بۆ رێگری لە بەھێزبوونەوەی داعش و لەناوبردنی یەکجارەکیی ئەو رێکخراوە تیرۆرستییەی رۆژ بە رۆژ ھەڕەشە و مەترسییەکەی زیاتر دەبێت و کردە سەربازییەکان و جموجووڵە تیرۆرستییەکانی فراونتر دەبن".

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان داوا لە حکوومەت و پەرلەمان و ھێز و لایەنە سیاسییەکان و پێکھاتە و گەلانی عێراق دەکات بەرامبەر ئەم ھێرش و پەلامارانە بێنە دەنگ و رێگە نەدرێت لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەکان و داھاتووی ئەوان، عێراق بکرێتە گۆڕەپانی پێکدادان و یەکلاکردنەوەی ململانێکان.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە هاوێشتنی ١٠ مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار و بە گوێرەی راگەیاندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، لەو هێرشە مووشەکییەدا بەڵێندەرێکی سڤیلی ئەمریکی دوای تووشبوونی بە جه‌ڵته‌ی دڵ گیانی له‌ده‌ستداوه.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın