عێراق, کۆڤید- ١٩

نوخشە ناسح: "به‌هۆی نزیكی له‌ سنووره‌وه‌ رێکارەکان لە هەڵەبجە توندترن"

قائیمقامی هەڵەبجە نوخشە ناسح: " "لەلایەن چەند خێرخوازێکیشەوە نەخۆشخانەیەکی ٦٥ قەڕەوێڵەیی دروست دەکرێت تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەکان و بڕیارە لە ٥ی نیساندا تەواو بکرێت".

Rewa Mahmood Hasan   | 25.03.2020
نوخشە ناسح: "به‌هۆی نزیكی له‌ سنووره‌وه‌ رێکارەکان لە هەڵەبجە توندترن"

As Sulaymaniyah

سلێمانی - AA

قائیمقامی هەڵەبجە نوخشە ناسح ده‌ڵێت، "به‌ هۆی نزیكی له‌ سنووره‌وه‌ رێکارەکان لە هەڵەبجە توندترن" و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "سەرجەم مەرزەکانی پارێزگاکەمان داخست لەوانە شوشمێ و پشتە و دواتر سەرجەم مەرزە لاوەکییەکان داخران و لە سنووری ئاویی هەرێم و ئێراندا کە رووباری سیروانە سەرجەم رێکارەکان گیراونەتە بەر و بەلەمەکان لە دەریاچەی سیروان لابراون تاکو هیچ جموجۆڵێکی قاچاخ لەو ناوچەیە ئەنجام نەدرێت".

پارێزگای هەڵەبجە یەکێکە لە پارێزگا سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ ئێران کە خاوەنی دوومەرزە بەناوەکانی شوشمە و پشتە و هاوکات چەندین خاڵی تری سنووریی لاوەکیی بە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەیە، ئەمەش وای کردووە کە رێکارەکان لەو پارێزگایە تاڕادەیەک توندتر بێت بۆ زیاتر پاراستنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە رێگری کردن لە بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی COVİD-19.

هەریەک لە پارێزگاری شارەکە ئازاد تۆفیق، قائیمقام نوخشە ناسح، سەرۆکی شارەوانی کوێستان ئەکرەم و بەڕێوەبەری تەندروستی و چەند بەرێوەبەرایەتەکی تری پارێزگاکە بەردەوام لە کۆبوونەوەدان بۆ تاوتوێکردنی بڕیاری نوێ سەبارەت بە پرسی بەرەنگاریی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.

ئاژانسی ئانادۆڵو هەڤپەیڤینێک لەگەڵ قائیمقامی هەڵەبجە نوخشە ناسح ئەنجام دەدات بەمەبەستی لە نزیکەو ئاگادار بوون لەچۆنیەتی بەڕێوەچوونی ڕێکارەکانی بەرەنگاری کۆرۆنا لەو پارێزگایەو گرفتەکانی بەردەمیان.

"لەسەدا ٩٥ی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە پابەندن بە رێنماییەکانەوە"


سەرەتا سەبارەت بە پەیڕەوکردنی ڕێنماییەکان لە شارەکەدا نوخشە ناسح گوتی، "لە چوارچێوەی ئەو بڕیارانەی لە وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی دراوە، هەموو رێکارە پێویستەکان لە شاری هەڵەبجە گیراوەتە بەر. ئێمە بەداخەوە ناچارین بەرامبەر هەندێک کەس کە ژمارەیان کەمن، رێکاری توندتر بگرینە بەر کە پابەند نابن بە رێنمایی و بڕیارەکان".

لەبارەی پابەندبوونی هاووڵاتیان بەرێنماییەکانەوە نوخشە ناسح گوتی، "بەخۆشحاڵییەوە دەتوانین بڵێین کە لەسەدا ٩٥ی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە پابەندن بە رێنماییەکانەوە بەرامبەر ئەوانەشی پابەند نابن رێکاری توندتر دەگرینە بەر.هەر کۆبوونەوەو گردبوونەوەیەک لە کۆڵانەکاندا بەدیکرابێت بڵاوەیان پێکراوە و لە سەر کوچە و کۆڵانەکان و هەندێک لە شەقامە سەرەکییەکان بەربەستی چیمەنتۆیی جێگیر کراوە تاکو رێگە لەهاتوچۆی ئۆتۆمبێلیش بگیرێت. تەنها لەپێناو پاراستنی سەلامەتی تەندروستی گشتیدا".


"هەرکەسێک باری قاچاخی هێنابێت لە سنوورەوە، دەستبەجێ خۆیشی کەرەنتینە کراوە"

بەهۆی ئەوەی کە پارێزگای هەڵەبجە شارێکی سەر سنوورییە، بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی کە دراوە بە پارێزگاکان، رێکارەکان لەو پارێزگایە توندترەو جیاوازە لەهەندێک پارێزگا و ئیدارەی تری هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە نوخشە ناسح دەڵێت، "لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا سەرجەم مەرزەکانی پارێزگاکەمان داخست لەوانە شوشمێ و پشتە و دواتر سەرجەم مەرزە لاوەکییەکان داخران و لە سنووری ئاویی هەرێم و ئێراندا کە رووباری سیروانە سەرجەم رێکارەکان گیراونەتە بەر و بەلەمەکان لە دەریاچەی سیروان لابراون تاکو هیچ جموجۆڵێکی قاچاخ لەو ناوچەیە ئەنجام نەدرێت".

ناوبراو ئاشکرای کرد کە رێگری لەهەموو بارێکی قاچاخ کراوە لە پارێزگاکەداو رایگەیاند ئەو کەسانەی کە بە قاچاخ باریان هێناوە دەستگیراوە بەسەر سەرجەم کەلوپەلەکانیانداو خۆیشیان کەرەنتینە کراون.


"تەنیا یەک حاڵەت لە پارێزگای هەڵەبجە تۆمار کراوە، ئەویش لە مەرزی باشماخەوە گەڕابویەوە"

سەبارەت بە گرنگیدانی کەرتی تەندروستیش، نوخشە ناسح ئاماژە بەوە دەکات کە جگە لەوەی تیمەکانی پزیشکی بەتەواوی لە خۆبووردەییەوە بەردەوامن لە بڵاو کردنەوەی رێنماییەکان و چاودێرییەکانیان، هاوکات لەلایەن چەند خێرخوازێکیشەوە نەخۆشخانەیەکی ٦٥ قەڕەوێڵەیی دروست دەکرێت تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەکان و بڕیارە لە ٥ی نیساندا تەواو بکرێت.

سەبارەت بە حاڵەتە گوماناوییەکانی کۆرۆنا لە پارێزگاکەدا نوخشە ناسح ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا یەک حاڵەت تۆمار کراوە ئەویش راستە خەڵکی تەوێڵەیە، بەڵام لەرێگەی مەرزی باشماخەوە گەڕابوویەوە هەرێم و پێش ئەوەی کەرەنتینە بکرێت سەردانی ماڵی پورزایەکی کردووە، دواتر سەرجەمیان کەرەنتینە کرابوون، تاکو رێگری بکرێت لە تەشەنە کردنی ڤایرۆسەکە.

لەکاتی سەردانی تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو بۆ دیوانی قائیمقامیەتی هەڵەبجە، ئەوە بەدی کرا کە نزیکەی ١٠٠ هاووڵاتی بەبێ گوێدانە رێنماییەکان لەبەردەم دیوانی قائیمقامیەتدا کۆببوونەوە، تاکو مۆڵەتی هاتوچۆکانیان بۆ درێژ بکرێتەوە، کە هەریەکەو بە هۆکارێک داوای مۆڵەتی رێگەپێدانی هاتوچۆی دەکرد، ئەمەش بێ گوێدانە رێنماییە تەندروستییەکان و ناوبەناو گردبوونەوەی بەکۆمەڵ بەدی دەکرا.

سەبارەت بە هۆکاری قەڕەباڵغییەکەو رێکارەکان بۆ چارەسەر کردنی، نوخشە ناسح داوا لە سەرجەم دانیشتوانی شاری هەڵەبجە دەکات کە بە توندی پابەندی سەرجەم رێنماییەکان بن و رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی کە لە پارێزگای هەڵەبجە هاووڵاتیان زۆربەیان سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین، بۆیە ئەمە تا رادەیەک بۆتە گرفت لەبەردەم قائیمقامیەت و پارێزگادا و گوتی، "لە ئێستا بۆ چارەسەری ئەو گرفتە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵەوە سەرقاڵی دروستکردنی مۆڵەتی تایبەتن بۆ ئەو کەسانەی کە سەرقاڵی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین تاکو ئێمەش رێگەیان بدەین بچنە سەر زەوی و زارەکانیان و زیان بەر بەروبوومەکان و بەرهەمەکانیان نەگات".


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın