عێراق

ناکۆکییە سیاسییەکان کارەکانی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراقی پەخستووە

- وێڕای تێپەڕبوونی ساڵێک زیاتر بەسەر پێکھێنانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی ئامادەکردنی پێشنیازەکان بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور،بەڵام ناکۆکی قۆڵی سیاسیی لەنێوان ئەندامەکانی کە نوێنەرایەتی ھێزە سیاسییەکان دەکەن، کارەکانی لیژنەکەی پەکخستووە.

Sarmand Hameed   | 14.01.2021
ناکۆکییە سیاسییەکان کارەکانی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراقی پەخستووە

Arbil

هەولێر - AA

وێڕای تێپەڕبوونی ساڵێک زیاتر بەسەر پێکھێنانی لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی ئامادەکردنی پێشنیازەکان بۆ ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق، بەڵام ناکۆکی قۆڵی سیاسیی لەنێوان ئەندامەکانی کە نوێنەرایەتی ھێزە سیاسییە جیاجیاکان دەکەن، کارەکانی لیژنەکەی پەکخستووە.

ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور، یونادەم یوسف کەننا بە رۆژنامەی "سەباح"ی راگەیاندووە، "کارەکانی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور زۆر دواکەوتووە".

یونادەم کەننا پێشبینی دەکات یەکلاییکردنەوەی ھەمواری دەستووری بکەوێتە خولی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران.

بە گوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستووری عێراق، ماددەی ١٤٠ی دەستوور بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم تەواوکردنی کارەکانی لیژنەکەیان و روونیکردووەتەوە کە کۆبوونەوەکانی لیژنەکە بەھۆی ئەو ماددەیەوە وەستاوەن، ھەروەھا ناکۆکیی سیاسیی لەنێوان دەسەڵاتی فیدڕالی لە بەغدا و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر ھۆکارێکی دیکەی پەککەوتنی کارەکانی لیژنەکەیە.

یونادەم یوسف کەننا راشیگەیاند، بڕیاربوو کۆبوونەوەیەک لەنێوان سەرکردە سیاسییەکان و لیژنەی ھاوبەش لە پێکھاتە سەرەکییەکانی پارێزگای کەرکووک بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو ماددە دەستووریە ئەنجام بدرێت، بەڵام کۆبوونەوەکە دواخرا.

یونادەم کەننا بەدووری دەزانێت لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ئەو پرسە یەکلایی بکرێتەوە و لەمبارەیەوە دەڵێت "ھەموارکردنەوەی دەستوور لەم خولەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەنجام نادرێت، چونکە ئەگەر ھەموارکردنەوەکەش بکرێت پێویستی بە دەنگدان دەبێت لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەمەش کارێکی سەختە".

یونادەم کەننا ئاشکرای کردووە کە لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور پێشتر لەسەر دووبارە داڕشتنەوەی ماددەی ١٤٠ بە شێوازێکی نوێ رێککەوتوون، بەڵام نوێنەرانی پارێزگای کەرکووک لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئەو بابەتەیان رەتکردەوە و ئەمەش بووە ھۆی مانەوەی ماددەکە وەک خۆی، ھەربۆیە ماددەکە ھیچ گفتوگۆیەکی لەبارەوە نەکراو و نەخرایە دەنگدانەوە.

راشیگەیاند، ئەو راپۆرتەی کە دەبوو لەلایەن سەرۆک و بڕیاردەری لیژنەکەوە ئامادەبکرێت، تاوەکو ئێستا نەنووسراوە و ئامادە نەکراوە.

بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ لە دەستووری عێراق کە ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن ھاووڵاتییانی عێراق دەنگی لەسەر درا، پێویست بوو دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ماددەی ٥٨ی یاسای ئیدارەی دەوڵەت کە ساڵی ٢٠٠٤ دەرچووبوو بە سەرجەم بڕگەکانییەوە جێبەجێکات کە بریتییە لە ئاساییکردنەوە و سەژمێری و گشتپرسی لە کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکانی دیکە بەرلە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧.

لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ خۆپیشاندانەکانی ئەو کات کە لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەڕێوەدەچوون، بڕیاریدا بە پێکھێنانی لیژنەیەک بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور و بەگوێرەی بڕیاری پێکھێنانی لیژنەکە، پێویست بوو لیژنەکە لەماوەی چوار مانگدا کارەکانیان تەواو بکەن و راسپاردەکانیان ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن.

بە گوێرەی دەستووری عێراق، بۆ ھەمواری دەستوور پێویستە لیژنەیەک لە ئەنجوومەنی نوێنەران پێکبھێنرێت و پێشنیازەکانیان بخرێتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەری بەرلەوەی لەلایەن گەلانی عێراقەوە دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر سێ پارێزگای عێراق لە گشتپرسیدا ھەموارکردنەوەی دەستوور رەت بکەنەوە، ئەوا ھەموارکردنەوەکە بە نەبوو دادەنرێت و رەت دەکرێتەوە.



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın