عێراق

مەسعود بارزانی: "لەناوبردن و ریشەکێشکردنی تیرۆر ھەماھەنگیی بەردەوامی ھەموو لایەکی پێویستە"

سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی ئیدانەی ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە ئەمڕۆ لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق روویاندا و بەھۆیانەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی بوونە قوربانی.

Sarmand Hameed   | 21.01.2021
مەسعود بارزانی: "لەناوبردن و ریشەکێشکردنی تیرۆر ھەماھەنگیی بەردەوامی ھەموو لایەکی پێویستە"

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی وێڕای ئیدانەکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستیانەی کە ئەمڕۆ لە شاری بەغدا پایتەختی عێراق روویاندا و بەھۆیانەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی بوونە قوربانی، بۆ لەناوبردنی تیرۆر جەختی لە پێویستی بەردەوامیی ھەماھەنگی ھەموولایەک کردەوە.

مەسعود بارزانی بەھۆی تەقینەوەکەی ئەمرۆی شاری بەغدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "بە داخێکی زۆرەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ لە ئەنجامی دوو کردەوەی تیرۆریستی لە شاری بەغدا ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیی بێ تاوان شەھید و بریندار بوون".

مەسعود بارزانی دەڵێت "وێڕای ئەوەی زۆر بە توندی ئیدانەی ئەو تاوانە تیرۆریستییانە دەکەم، سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەھیدان و قوربانیانی ئەو رووداوانە دەکەم و ھیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم".

سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە "تیرۆر دژی ژیان و ئاسوودەیی و ئارامییە و دوژمنی ھاوبەشی ھەموو لایەکمانە و، بۆ لەناوبردن و ریشەکێشکردنی تیرۆر، ھەماھەنگیی بەردەوامی ھەموو لایەک پێویستە".

لە کۆتایی راگەیاندراوەکەی مەسعود بارزانی ھاتووە "ھیوادارم بە ھەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە زووترین کات ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو تاوانانەن بە سزای خۆیان بگەن".

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın