عێراق, کۆڤید- ١٩

مەسروور بارزانی لەبارەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆشداری دەدات

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی: "ژیانی خەڵک بۆ خزمەتکردنی ئامانجە سیاسییەکان خراوەتە مەترسی و ئەوانەی کە دژبە رێنماییەکانی تەندروستیی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی بگرنە ئەستۆ".

Fakhradin Ibrahim Mohammad   | 29.05.2020
مەسروور بارزانی لەبارەی تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆشداری دەدات

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی هۆشداری پەرەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دەدات و رەخنەش لەو لایەنانە دەگرێت کە رێکارەکانی حکوومەتیان بە بێ سوود و بێ نرخ نیشان داوە.

مەسروور بارزانی لە پەیامێکدا کە ئاراستەی رای گشتیی کردووە لە بارەی مەترسی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات و دەڵێت "مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم رۆژانەدا بەهۆی سستی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوایان لە هاووڵاتییان کردووە کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن هەر بۆیەش سوپاسیان دەکات و دەڵێت "بە شێوەیەکی زۆر باش رێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی".

مەسروور بارزانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا رەخنەی توند ئاراستەی ئەو لایەنانە دەکات کە وێڕای بێ سوود نیشاندانی رێکارەکانی حکوومەت، وەک ئەو نووسیوێتی، "هەوڵی بەسیاسییکردنی هەوڵەکانی حکوومەت"یان داوە و دەڵێت "بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستی تێکەوتووە، هەندێک لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکوومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتییانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژبە ڕێنماییەکانی تەندروستیی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسی گیان و تەندروستی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاریکردن بە ژیانی خەڵک بێنن".

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی جارێکی دیکە داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکات کە پابەندی رێنماییەکان بن و رایگەیاندووە "جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و تەندروستی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لەژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە".


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın