Zana Natık Kerem
29 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 29 تەمووز 2026
سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر ڕایگەیاند کە پێویستە عێراق لە ململانێیەکانی سەر ئاستی ھەرێمیی دوور بخرێتەوە، ھەروەھا داواشی لە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان دەکەم پاساو نەدەن بە وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی عێراق بۆردومان بکەن.
موقتەدا سەدر پەیامێکی لەبارەی بۆردومانەکانی ئەمریکا و سعوودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە حەوت پارێزگای عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە: "خاکی عێراق نابێت ببێتە سەرچاوە بۆ بۆردومانکردنی ئێران، پێویستە سوپای پاسدارانیش خاکە پیرۆزەکانمان بۆردومان نەکەن، ھەروەها داوا لە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان دەکەم، پاساو نەدەن بە وڵاتانی کەنداو بۆ ئەوەی عێراق بۆردومان بکەن".
ھەروەھا سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە کە دان بەخۆیاندا بگرن بە گیانی برایەتی و ئاشتی و نەکەونە داوی پیلانەکانی "دوژمنی ئیسرائیل-ئەمریکا" بۆ ھەڵگیرسانی شەڕ و ئاژاوە و ڕاشیگەیاندووە، بە تۆندی سەرکۆنەی بە ئامانجگرتنی خاکی عێراق دەکات لەلایەن ھەر لایەنێکەوە بێت.
موقتەدا سەدر لە پەیامەکەیدا داوای لە حکوومەتی عێراق کردووە کە بە جیددی ھەوڵ بۆ چەسپاندنی ئاسایش، سەپاندنی سەروەریی یاسا، و پاراستنی سەلامەتی گەلی عێراق بکات و ئاماژەی بەوەشداوە کە پێویستە ڕێگە نەدرێت دووبەرەکی لە عێراق بڵاو بکریتەوە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە عێراق و گەلەکەی پێویستیان بە ئاشتییە.
سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ھۆشداری ئەوەی داوە کە ئەگەری ھەیە شانە نوستووەکانی تێرۆر لە ناوخۆ و دەرەوە، گرژییەکان بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق بەکاربھێنن.
موقتەدا سەدر پەیامێکی ئاشتی ئاڕاستەی وڵاتانی دراوسێ کردوووە و تیایدا داوای لێكردوون كە پشت بە گفتوگۆ ئاشتی ببەستن، هەروەها لە زیادبوونی گرژییەکان و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەژموونی کۆلۆنیالیزم "ئیسرائیل" دوور بکەنەوە.