عێراق

مه‌سعود بارزانی: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نووسسازه‌"

ئەمڕۆ شەممە، بە بەشداری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی و جێگری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و بەربژێران، پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمیی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد.

Heman Hussein Yaseen   | 11.09.2021
مه‌سعود بارزانی: "ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ چاره‌نووسسازه‌"

Arbil

هه‌ولێر - AA

ئەمڕۆ شەممە، بە بەشداری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان مەسعود بارزانی و جێگری سەرۆک نێچیرڤان بارزانی و سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و بەربژێران، پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمیی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد.

لە رێوڕەسمێکدا سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌سعود بارزانی گوتارێكی پێشكه‌یش كرد و گوتی: "لەم رۆژە پیرۆزەدا رۆژی ١١ی ئەیلوول کە رۆژێکی یەکجار پیرۆزە، ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە بۆ ئەوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بۆ کاندیدەکانمان رابگەیەنین، شۆڕشی ئەیلوول، نەک شۆڕشێکی چەکداری بوو بە تەنھا، بەڵکو شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو، شۆڕشی دروستکردنی تاکی کورد بوو شۆڕشی دروستکردنی بڕوا بوو لەناو میللەتێک کە بزانی خاوەن قەزیەیە و چۆن بەرگری لە قەزیەی خۆی بکات و پلانی دوژمنان پووچەڵ بکاتەوە".

بارزانی جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌، شۆڕشی ئەیلوول بوو بە پەناگە بۆ ھەموو تێکۆشەر و پێکھاتەکانی خەڵکی عێراق، حیکمەتێکی گەورەی سەرکردایەتی شۆڕش ھەبوو، کە دروشمی سەرەکی ئەوەبوو "دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان"، شۆڕشی ئەیلوول بناغەی ھەموو بزووتنەوەی رزگاریخوازە لە دوای ساڵی ١٩٦١ و تا ئەمڕۆ و بۆ ئاییندەش، ھەر بناغەی سەرەکی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، شۆڕشی ئەیلوولە، قوتابخانەیەکی گەورەیە، قارەمانی زۆر گەورەی پێگەیاند و دەستکەوتی گەورەشی بۆ گەلی کوردستان بەدیھێنا، لە ھەمووشی گەورەتر ئەوەبوو میللەتێکی ھۆشیار کردەوە و بووە میللەتێکی خاوەن بڕوا بەخۆبوو، کە ئەوە لە ھەموو شتێک گەورەترە.

له‌ گوتاره‌كه‌یدا، مه‌سعود بارزانی گوتیشی: "مانگێک ماوە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی فیدرالی، ھەرچەندە ئێمە زۆر تێبینیمان ھەبوو لەسەر یاسای ھەڵبژاردن و لەسەر دابەشکردنی کورسییەکانی پارێزگاکان، کە ھیچ عەدالەتێک و ئینسافێکی تێدا نییە و لەسەر ھیچ بنەمایەکی راستیش نییە، چونکە سەرژمێری نەکراوە، بەڵام بۆ بەرژەوەندی گشتی و بۆ ئەوەی سەنگی پارتی بپارێزین بڕیارماندا بەشداربین، بە ھەموو کەموکوڕییەکانی ھەڵبژاردن کە ھەیەتی، داوای ئێمە و داوای ھەموو خەڵکی عێراق ئەوەیە ھەموو لایەنەکان کە بەشدار دەبن لە ھەڵبژاردن کە دەبێت ھەڵبژاردنێکی بێگەرد و خاوێن بێت و تەزویری تێدا نەبێت، ئەوە داخوازی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، ھەمووان تەئکیدیان کردووە کە بە ھەموو توانایەکەوە ھەوڵدەدەین کە ھەڵبژاردنێکی پاک و خاوێن بێت ئومێدەوارین کە سەرکەوتووبن لەوە، وەعدیشیان داوە کە چاودێرییەکی توند بکرێت، بۆ ئەوەی تەزویر نەکرێت، ئومێدەوارین سەرکەوتووبن لە ئەرکەکەیاندا".

له‌ به‌شێكی گوتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان مه‌سعود بارزانی گوتی: "بێگومان ھەڵبژاردن راستترین و باشترین رێگەیە بۆ ھەر گۆڕانکارییەک کە لەدەسەڵاتدا بکرێت، پارتی خۆی خاوەنی بیرۆکەی ھەڵبژاردنە، ھەمووتان لە بیرتانە لە نەورۆزی ساڵی ١٩٩١ لە کاتی راپەڕینی گەورە لە شاری کۆیە، ئەو بانگەوازەمان ئاراستەی ھەموو جیھان و گەلی کوردستان کرد، کە دەمانەوێت ھەڵبژاردن بکەین، لە شەرعیەتی شۆڕشگێرییەوە بچین بۆ شەرعیەتی دەستووری و قانونی بە ھەڵبژاردن، ئەوە نە کەس فەرزی کردبوو لەسەر ئێمە، باوەڕیش ناکەم ئەو کاتە کەس بیری لەوە کردبێتەوە، بەڵام ئەوە بۆ ئێمە وەکو پارتی، مەسەلەکی مەبدەئی و قەناعەتە، ئێستاش ئێمە دەڵێین ھەر ئاڵوگۆڕییەک لە دەسەڵاتدا لە رێگەی ھەڵبژاردنەوە لە رێگەی دیموکراسییەوە بکرێت، بەڵام بە کودەتا ئاڵوگۆڕی ناکرێت".

بارزانی ئاماژه‌ی به‌وه‌یشكرد كه‌، لە ھەڵبژاردنی رابردوو، پارتی نەک لەسەر ئاستی ھەرێم، بەڵکو لەسەر ئاستی ھەموو عێراق بوو بە حزبی ژمارە یەک، بێگومان ئەمە ئەنجدامی ماندووبوون و زەحمەتی قیادە و کادیر و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی بووە، بەڵام لەبیرتان نەچی، پاداشتی گەلی کوردستان بوو بۆ پارتی، بۆ ھەڵوێستە نەگۆڕ و نەتەوەییە راست و درووستەکانی پارتی".

مه‌سعود بارزانی ئومێدیشی خواست كه‌، ئەمجارەش پارتی ھەروا بە سەرکەوتوویی لەم ھەڵبژاردنە دەربچێت و ھەر بمێنێتەوە بە حزبی ژمارە یەک و گوتیشی: "ھەموو حزبێکیش ھەقی خۆیەتی ھەوڵ بدات حزبی یەکەم بێـت ئەو حەقە ھی پارتیشە بێگومان، بۆ ئەوەی ئێمە ئەو سەرکەوتن و دەستکەوتانە بپارێزین، داوا دەکەم ھەموو رێکخستنەکانی پارتی بە جۆش و خرۆشێکی تازەوە بێنە مەیدان، داوا لە ھەموو کادیر و ئەندامان و لایەنگرانی پارتی دەکەم، ھەموو دڵسۆزان بەشدار بن لە ھەڵبژاردن، چونکە ھەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە، داوا دەکەم رێکخستنەکانی پارتی پابەندبن بە رێنماییەکانی لیژنەی باڵای ھەڵبژاردن، داوا دەکەم ئەمن و ئاسایشی و ھێمنی بپارێزن و خۆتان دووربگرن لە تەشھیر و شتی لابەلا".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌یدا، مه‌سعود بارزانی رایگه‌یاند ئه‌مڕۆ رۆژی ئه‌وه‌یه‌ گله‌ییه‌كان به‌لاوه‌بنێن و گوتیشی: "رەنگە گلەییتان ھەبێت، ھەقی خۆشتانە، بەڵام ئەمڕۆ رۆژی ئەوەیە گلەییەکان بەلاوە بنێن، گلەییەکان ھەڵبگرن بۆ دوای ھەڵبژاردن، ھەقی خۆتانە ھەرچی بۆ ئەوە بکرێت کەمە، بەڵام نابێت گلەییەکان ببنە ھۆکاری ئەوەیە دەرفەت بدەن بە خەڵکی دیکە پارتی تووشی خوانەخواستە شکستێک ببێت، یان نسکۆیەک ببێت لەبەر ئەوەی دڵگیرن، لەبەر ئەم مەسئول و فلان مەسئول، ئەمە ھەموو حەقی خۆتانە، بەڵام لەم ھەڵبژاردنەدا دەبێت ھیممەت بکەن، پارتیەکەی خۆتان رابگرن و سەربخەن و نەھێڵن ھیچ کەموکوڕییەک بێتە پێش پارتییەکەتان".

مه‌سعود بارزانی گوتیشی: "لەناوخۆشمان لە کوردستان، تەمەننا دەکەین ھەموو لایەک بەخۆدا بچنەوە لە جیاتی ئەوەی ھەوڵی یەکترشکاندن و یەکترلەناوبردن بدەن، بیر لەوە بکرێتەوە چۆن پێکەوە ئیش بکەین، بۆ نەتەوەکەمان و خەبات بکەین، چۆن ئەو ھەموو تەحەددیاتەی لەپێشمانە بەرامبەریان بوەستین، لەگەڵ بەغداش زۆرمان پێخۆشە چارەسەری ھەموو گیر و گرفتەکان بکرێت، بە تەفاھوم و لەسەر بنەمای شەراکەت و سازان و ھاوسەنگی، ئەگەر وا نەبێت مەشاکل ھەر بەردەوام دەبێت، زۆر شێوەش ئەزموون کراون لە عێراق، من پێموایە کاتی ئەوە ھاتووە زۆر بەجدی بیر لەوە بکرێتەوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ ئەو گرفتانە بکرێت".

له‌به‌شێكی دیكه‌ی گوتاره‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی بوودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سعود بارزانی گوتی: "مەسەلەی بودجە. ئەمە بەراستی یارییەکی زۆر ھەرزانە، بودجە مافی ھەموو خەڵکە، کێشەی گەلی کوردستان مووچە نییە بە تەنھا، مووچە کێشەیەکە لە کێشەکان، ئێمە خاوەن قەزیەیەکی سیاسیین، ئێمە نەتەوەیەکین، کێشەی ھەرە سەرەکی مەسەلەی شەراکەتە، شەراکەتیان نەھێشت، لەبەر ئەوە دەبێت ئێمە بچینە قووڵایی کێشەکان، ئەوەش بەوە چارەسەر دەبێت کە دەبێت بە تێگەیشتن و شەراکەت بیر لە چارەسەری جددی بکرێتەوە دوور لە عاتیفە و تەعەسوب. من دەزانم خەڵکێکی زۆر نیگەرانن لە ئاییندە، بێگومان ھەموو میللەتێک ھەقی خۆیەتی بیر لە ئاییندەی خۆی بکاتەوە، من ناڵێم حکومەتی ھەرێم، پەرلەمان بێ کەموکوڕی بوون، بەڵام ئەمە تەقریبەن سی ساڵە، کەموکوڕی ھەبووە، بەڵام شتی زۆر گەورەش کراوە، ئەوانەی کە داوای گۆڕانکاری دەکەن، زۆر باشە، بەڵام ھەروەھا کوێرانە داوا دەکەن ئەوە نابی بمێنێت و دەبێت ئەوە بڕوات، بەڵام دەبێت جێگرەوە و بەدیل ھەبێت، ئێمە ناڵێین ئەوەی ھەیە بێ کەموکوڕییە، بەڵام با ھەوڵبدەین ھەموو پێکەوە ئەو کەموکوڕییانە نەھێڵێن، باشتری بکەین".

سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستانیش گوتی: "خۆی میللەتێک دەبێت نیگەران بێت لە ئاییندەی خۆی کە ئیرادەی نەبێت و نەشزانێت چی دەوێت، ئێمە میللەتێکیش ئیرادەمان ھەیە و دەشزانین چی دەکەین، خەڵکی دیکە چی دەڵێن یان بۆ خۆیان چۆن تەفسیری دەکەن، کەیفی خۆیانە، ئەو کاتەی داعش پەلاماری ھەرێمی کوردستانیدا، سەرۆک بایدن ئەوکات جێگری سەرۆک ئۆباما بوو، تەلەفۆنی کرد، پرسیاری کرد ئەگەر ئێمە یارمەتی ئێوە بدەین ئێوە بەرگری دەکەن، ئەگەر نایکەن و پێتان ناکرێت پێمبڵێن، بۆ ئەوەی ئێمە کۆنسوڵخانەی خۆمان بکشێنینەوە، من پێمگوت جەنابی جێگری سەرۆک، ئێوە یارمەتی ئێمە بدەن یان نا ئێمە بەرگری دەکەین، ئێمە تەسلیمی ھیچ تیرۆریست و زۆردارێک نابین، بەڵام ئەگەر یارمەتی ئێمە بدەن ئەرکمان ئاسانتر بێت و قوربانیدانمان کەمتر بێتەوە سوپاستان دەکەین، بەڵام ئەگەر ھاوکاریشمان نەکەن ئێمە ئیرادەی بەرگریمان ھەیە و بەرگری دەکەین و مەحاڵیشە بھێڵێن دوژمن کوردستان داگیر بکات. بۆ ھەموو دنیا سەلمێنرا پێشمەرگە قارەمانەکان خۆڕاگری میللەتەکەمان، بوون بە نموونە، ئەو رۆژە باڵیۆزی فلیپین گوتی: ناوی پێشمەرگە موقەدەسە لە وڵاتەکەی، جاران لە فلیپین کەس نەیدەزانی کورد ھەیە، ئێستاش گەلی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە، ھەموو ھەوڵی ئێمە ئەوەیە ھەموو کێشەکان بە ئاشتی و تەفاھوم چارەسەر بکرێت، بەڵام بەشی ئەوە رۆڵەی دڵسۆز و تێکۆشەر ھەن، بەشی ئەوە پێشمەرگەی قارەمان ھەن، کە بە ھیچ جۆرێک نەھێڵین جارێکی دیکە کوردستان بکەوێتە دەستی بێگانه‌".

پارتی دیموکراتی کوردستان بە ٥١ بەربژێر، لەگەڵ یەک بەربژێری کوردی فەیلی لە پارێزگای واست كه‌ وەکو سەربەخۆ بەشداریکردووە و پارتی پشتگیری دەکات کە تێکڕا ٣٤ پیاو و ١٨ ئافرەتن بەشداری ھەڵبژاردنەکان دەکەن.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١١ پارێزگا و ٢٩ بازنەی ھەڵبژاردن لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بەشداری ھەڵبژاردنی عێراق دەکات.


ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın