عێراق

ماوەی سێ مانگە منداڵێکی بێ کەسوکاری هەڵگیراوە لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک بەخێودەکرێت

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لە ماوەی ئەمساڵدا، چوار منداڵی بێ کەسوکار لە کەرکووک هەڵگیراونەتەوە و تا ئێستایش شوێنێک بۆ داڵدەدانی ئەو منداڵە بێ کەسانە لە کەرکووکدا نییە.

Ozhin Jola   | 16.10.2020
ماوەی سێ مانگە منداڵێکی بێ کەسوکاری هەڵگیراوە لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک بەخێودەکرێت

Arbil

کەرکووک - AA

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لە ماوەی ئەمساڵدا، چوار منداڵی بێ کەسوکار لە کەرکووک هەڵگیراونەتەوە و تا ئێستایش شوێنێک بۆ داڵدەدانی ئەو منداڵە بێ کەسوکارانە لە کەرکووکدا نییە.

سێ مانگ لەمەوبەر منداڵێکی تازە لەدایکبوو لەنێو کارتۆنێکدا لەسەر پردی بازاڕی شەقامی ئەتڵەسی شاری کەرکووک لەلایەن کاسبکارێکەوە هەڵدەگیرێتەوە، پاشان ھەواڵ دەدات بە بنکەی پۆلیسی قۆریە و لەلایەن دادگا و پۆلیسەوە، رەوانەی نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک دەکرێت.

دوای گەیاندنی بەنەخۆشخانە پشکنین بۆ منداڵە تازە لەدایکبووەکە دەکرێت و لە بەشی منداڵانی ناکام لە نەخۆشخانەی منداڵان دادەنرێت، لەو کاتەوە کارمەندانی نەخۆشخانەکە و پزیشکەکان گرنگی پێ دەدەن و وەک منداڵی خۆیان بەخێوی دەکەن و ناویشی دەنێن "ئەیوب".

کەسوکاری "ئەیوب" نادیارن و کەسیش نازانێت ھۆکاری فڕێدانی چییە، بەڵام لە نەخۆشحانە ژماریەک دایکی ھەیە کە خزمەتی دەکەن و خۆشیان پێداویستی و جلوبەرگی بۆ دەکڕن.

بەڕێوبەری نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک، دکتۆر شاھین کامل لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەر لەسێ مانگ پۆلیسی کەرکووک منداڵێکی تازە لەدایکبوویان بۆ نەخۆشخانەکەمان ھێنا کە کەسوکاری نادیارن، تا ئێستا "ئەیوب" لەلای خۆمانە و لەلایەن کارمەندەکانمەوە گرنگی پێدەدرێت و ھیچ کەسیش نەھاتووە بۆ سۆراخکردنی و ناشزانین دایک و باوکی کێن".

شاھین کامل گوتیشی: "ھەوڵدەدەین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو منداڵە یەکلایی بکەنەوە".

کارمەندێکی تەندروستیی بەشی منداڵانی ناکام لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک کە زۆرترین گرنگی بە "ئەیوب" دەدات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من ھەر وەک منداڵێکی خۆم گرنگی پێ دەدەم و لە دوای تەواوبوونی دەوامیشمەوە پەیوەندی بە ھاوڕێکانم دەکەم و ھەواڵی "ئەیوب" دەپرسم و خەمی ئەومە".

ئەو گوتیشی: "کاتێک پێیان گوتین دادگا منداڵەکە دەبەخشێتە خێزانێک کە منداڵیان نییە، من ئەو شەوە تابەیانی بۆ "ئەیوب" گریاوم و ھەروا ھەستم کردووە بەشێکە لەخۆم، گەر دادگایش نەیبەخشێتە ھیچ کەسێک ئەوا من ئامادەم تا کۆتایی ژیانم وەک منداڵی خۆم بەخێوی بکەم".

هەڵگرتنەوەی منداڵانی بێ کەسوکار کە بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستی کەرکووک وەک دیاردەیەک دەردەکەوێت لە ماوەی رابردوودا، زیاتر بووە و تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا، چوار منداڵی بێ کەسوکار لە کەرکووک هەڵگیراونەتەوە.

هۆکاری زیادبوونی ئەو دیاردەیە بە رای توێژەرێکی دەروونی دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئەمنی کەرکووک و قەیرانی دارایی.

لەوبارەیەوە توێژەری دەروونی، چینەر سیروان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ھاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوارە بۆ شارەکە، زیادبوونی حاڵەتەکانی دروستکردنی منداڵ لە دەرەوەی خێزان و قەرەباڵغبوونی ژمارەی خێزانەکان لە کەرکووک ھۆکارێکە بۆ زیادبوونی ئەو حاڵەتانە ئەمە جگە لە ھۆکاری خراپی بواری ئەمنی و ئاسایش و خراپبوونی دۆخی ماددی و بژێوی ژیانی خەڵک کاریگەری دەکاتە سەر دۆخی دەروونی خەڵک و وا دەکەن بەخێوکردنی منداڵ لەم دۆخەدا قورس بێت و دیاردەی فڕێدانی منداڵیش زیاتربێت".

بەپێی یاسا، خانەی سەرپەرشتیارانی کەرکووک ناتوانن "ئەیوب" لەخۆبگرن، چونکە منداڵانی خوار پێنج ساڵان وەرناگرن و ئەوەیش وا دەکات ئەو منداڵە بێ کەسوکارانەی لە کەرکووک بێسەرپەرشتن ببرێنە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک.

بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک لە ماوەی نۆ مانگی ئەمساڵدا، چوار منداڵی بێ کەسوکار لە کەرکووک هەڵگیراونەتەوە کە سێیانیان منداڵی تازە لەدایکبوو بوون، بەھۆی نەبوونی شوێنیکیش بۆ ئەو منداڵانە لە نەخۆشخانەی منداڵانی کەرکووک دەھێڵڕێنەوە تا ئەو کاتەی دادگا بڕیار دەدات بیدات بە خێزانێکی کەرکووک.

ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın