عێراق

ماردین ئێستا خاوەنی دوو گۆڕە

دایکی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. ماردین مەحمود بەر لە ماڵئاوایی یەکجار لە دیمانەیەدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئێش و ئازارەکانی سەردەمی کیمیابارنی هەڵەبجە دەگێڕێتەوە کە ئەو لە دایک و باوکی دابڕاندووە.

Ala Muhammed   | 06.08.2021
ماردین ئێستا خاوەنی دوو گۆڕە

As Sulaymaniyah

ھەڵەبجە – AA

ماردین مەحمود فەتاح، منداڵی دۆزراوە، تاقانەی کیمیابارانی ھەڵەبجە و سەرۆکی ڕێکخراوی منداڵە ونبووەکان، ھەروەھا فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای ھەڵەبجە، لە تەمەنی ٣٧ ساڵیدا بەھۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دواییکرد.

شەوی چوارشەممە لە گۆڕستانی ھەڵەبجە بە خاک سپێردرا، ماردین مەحموود لە ساڵیادی کارەساتی ھەڵەبجە دیمانەیەکی دوور و درێژی لە گەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەنجامدا و باسی ژیانی خۆی دەکرد.
ئەم خاتوونە بە ھۆی شێلگیری و کار کردنی بێ وچانی بۆ کەیسی منداڵانی ھەڵەبجە بە دایکی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە ناوبانگی دەرکردبوو، ئەو ھەموو ژیانی خۆی بۆ ئەو کارە یەکلایی کردبووە، وەک خۆی پێی گوتین، ئەو بە ژیانی ونبووندا تێپەڕیبوو ھەر بۆیە باش لە ھەست و ناخی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە تێدەگەیشت.
ئیستا ماردین لە ھەڵەبجە خاوەنی دوو گۆڕە، ئاژانسی ئانادۆڵو دەقی دیمانەیەکی ماردین-ی خوا لێخۆشبوو بڵاودەکاتەوە کە بەر لە ماڵئاوایی یەکجاریی لەگەڵی ئەنجامی داوە، کاتێک تیمی ئانادۆڵو دەباتە سەر ئەو گۆڕەی کە ناوی خۆی لە سەر بوو و تایبەت بوو بە ساڵی ١٩٨٨ و ڕۆژی کیمیابارانەکە.

ماردین مەحموود بەرکەوتەی چەکی کیمیایی بوو و بە دەستی ئەو ئازارەوە دەیناڵاند، بەڵام دواجار لە ڕێی شێرپەنجەی مەمکەوە کە بە ھەموو جەستەیدا تەشنەی کردبوو بە یەکجاریی ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

خەونی ماردین بە دیکۆمێنت کردنی کارەساتی ھەڵەبجە بوو لە ڕێی تۆمار کردن و بە ئەرشیف کردنی ھەموو ئەو کارەساتە، ھەر بۆیە بەردەوام لە ھەوڵدا بوو کە بە شێوەیەکی ڕێک و پێک کارەساتەکەی ھەڵەبجە بە ھەموو وردەکارییەکانیەوە بە بەڵگە بکات.
ئەگەرچی لە دوایی گەڕانەوەی ماردین بۆ شاری ھەڵەبجە ھاوسەرگیریی کردبوو، بەڵام خاوەنی ھیچ منداڵێک نەبوو و لە خانوویەکی بچووک لە دەرەوەی شاری ھەڵەبجەی شەھید لە گەڵ ھاوسەرکەی ژیانی بەسەر دەبرد.

لە دیمانەکەدا ماردین مەحمود فەتاح بەم شێوە باسی ژیانی خۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کرد:

کاتێک تەمەنی سێ ساڵان بووە بە دەستی سەربازێکی ئێران بەرەو نەخۆشخانەی شاری سنە دەبرێت و لەوێ دوای چارەسەری پزیشکی تەسلیم بە ماڵێک دەکرێت بۆ ئەوەی وەک منداڵی خۆیان گەورەی بکەن، ئەو لەگەڵ بنەماڵەیەکی کوردی شاری سنە گەورە دەبێت و بە ناوی ھێرۆ ژیانی خۆی بە سەر دەبات، ھەتا ئەو کاتەی کە دیسان دەگەڕێتەوە سەر ناوەکەی پێشووی، ماردین مەحموود ئەو ناوەی کە پێش لە کیمیاباران پێی بانگ دەکرا.
ماردین لە کاتی بۆردومانەکە تەنیا تەمەنی سێ ساڵان بووە و لە گەڵ بنەماڵەکەی دەرۆنە ئەو ژێر زەمینە، شوێنێکی بچووک، بەڵام ھەزار و پێنسەد کەس شوێنی خۆیان لەو شوێنە بچووکەدا کردوەتەوە، بە جۆرێک کە ھەموو ئەو خەڵکە بە سەر یەکدا تەپیون، تا بتوانن شوێن پێی خۆیان بکەنەوە. وەک ماردین باسی دەکات، ھەموو ئەوانەی لەو ژێر زەمینە لە ترسی کیمیاباران ھانایان بۆ ئەوێ بردووە مردوون. ئەو بە ھیچ شێوەیەک بیری ئەو رۆژەی نییە، تەنانەت نازانێ دایک و خوشکی چۆن بوون.
ماردین مەحمود لە دوای سێ مانگ لە نەخۆشخانەی شاری سنە لە سەر داوای دکتۆرەکان و بە حوکمی زیرەکی ماردین خۆی تەسلیم بە خانەی ھەتیوانی ئێران کە ناوی ( بھزیستی)یە نەکراوە و ھەوڵیان داوە بە شێوەیەکی تر چارەسەر ئەو کچە منداڵە بکەن کە لەو نەخۆشخانە سەرگەردان بووە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە لە گەڵ باوکە ئێرانیەکەی ماردین قسە دەکات بۆ ئەوەی ئەو منداڵە ونبووەی ھەڵەبجە لە خۆیان بگرن، باوکی ئێرانی ماردن لە دوای ئەوەی ماردینی بینیووە، بە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەی گوتووە ''ئەگەرچی من منداڵم ھەیە، بەڵام حەز دەکەم ئەم منداڵەش بەخێو بکەم، ھەر بۆیە تەسلیم بە بنەماڵەیەک کراوە کە ماردین پێیان دەڵێت'' بنەماڵە ئێرانییەکەم".

"من لە شاری سنە و لە گەڵ ئەو بنەماڵە لە ھیچ شتێکم کەم نەبوو، ھەموو پێداویستیەکانم بە زیادەوە بۆ دابین کرابوو، لە بەر ئەوەی بنەماڵە ئێرانیەکەم باری دارییان زۆر باش بوو، بەردەوام باوکم بە دەستی پڕ دەگەڕایەوە بۆ ماڵەوە، بەردەوام خۆشەویستی بۆم دەنواند، من تا ئەو ڕۆژەی کە باوکم سەلاجێیەکی منداڵانەی بۆ ھێنامەوە و بردمە دەرەوە ھەتا لە گەڵ کچێکی کۆڵانەکە یاری پێ بکەم، خۆشبەخت ترین منداڵ بووم، بەڵام ئەو رۆژە ھەموو شتەکان گۆڕان و من لە مناڵێکی خۆشبەختەوە کەوتمە کەڵکەڵەی بیر کردنەوە، کچەکەی ھاوڕێم کە بە تەمەن و بە قەڵافەت لە من گەورەتر بوو، بەردەوام داوای سەلاجەکەی دەکرد و دەیویست بە زۆر لە منی وەربگرێت. بەڵام من بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نەبووم پێی بدەم، ئەو ھەر زۆری لە من دەکرد بۆ ئەوەی لێم وەربگرێت، منیش دەستم کرد بە گریان و پێم گوت 'ئەڕۆم لە لای باوکم شکاتت لێ دەکەم چونکە ئەمە باوکم بۆی کڕیوم'، کەچی ئەو کچە گوتی 'تۆ منداڵی ئەم ماڵە نیت و ئەویش باوکی تۆ نییە و تۆ خەڵکی ھەڵەبجەی'. ئەوە یەکەمجارم بوو لە ژیانمدا ناوی ھەڵەبجە ببیستم، بە دەم ھەنسکی گریانەوە گەڕامەوە بۆ ماڵەوە ، ئەگەرچی کچەکە دواتر گوتی 'لە بەر ئەوەی سەلاجەکەت لێ وەربگرم پێم وتووی خەڵکی ھەڵەبجەی' و داوای لێبوردنی لێ کردم، ئەگەرچی من لە ناو گومانی ئەوەدا دەژیام، بەڵام ھێشتا دڵنیا نەبووم کە من خەڵکی ھەڵەبجەم ھەتا ئەو کاتەی کە ھاوڕێیەکی دایکە ئێرانیەکەم ھات بۆ ماڵمان، لە دوای ئەوەی کە من چووم چا دروست بکەم بۆیان، ئەو ھاوڕێی دایکم پرسیاری کرد گوتی 'ئەم کچە چی ئێوەیە؟ لە مناڵەکانی تری ئێوە ناچێت'، دایکم پشتی لە من بوو کاتێک بە ھاوڕێکەمی گوت 'خەڵکی ھەڵەبجەیە و ئێمە لە نەخۆشخانە ھێناومانە و لە لای ئێمە گەورە بووە، ئەو کاتە ڕێک تەمەنم دوانزدە ساڵان دەبوو، ئیتر من دڵنیا بوومەوە کە خەڵکی ھەڵەبجەم و بە قسەی دایکە ئێرانیەکەم ھیچ کەس و کارم نەماوە.

چیتر من ئەو کچەی جاران نەمام، بە باشی لە بیرمە ئەو ئێوارەی کە باوکم گەڕایەوە بۆ ماڵ، ئیتر من کچی ئەو پیاوە نەبووم، ھەموو ھەڵسوکەوتی خۆم گۆڕیبوو، جاران باوکە ئێرانیەکەم باوشی بۆ دەکردمەوە و ماچی دەکردم، بە ھەموو شێوەیەک نازی ھەڵدەگرتم، شەوان ھەتا من خەوم لێ نەکەوتایەت ئەو نەدەخەوت و بەردەوام دەستی بە پرچمدا دەھێناو چیرۆکی بۆ دەگێڕامەوە، بەڵام لەو ڕۆژەوە ھەستم کرد خۆری خۆشەویستی من لەو ماڵە ئاوا بووە، ھەموو خۆشەویستیەکی ئەوانم بە بەزەیی ئەبینی، لە دوای ئەوە ڕێگەم بە باوکم نەدا کە بمگرێتە باوش و ماچم بکات، چوون شتێک لە مندا سەوز ببوو، ئەو کاتە بە وردی سەیری چاوەکانیانم دەکرد و بەزەیی ئەوان بەرانبەر بە خۆم دەبینی، منیش ئەوەم ھیچ پێ خۆش نەبوو.
ساڵانی پێشتر من بۆ ساڵیادی دایکان لە گەڵ باوکم دەچووم و ھەدیەم دەکری بۆ ئەوەی لە ڕۆژی دایکیان پێشکەش بە دایکمی بکەم، ئەو ساڵەی کە من دەمزانی کە چیتر منداڵی ئەو ماڵە نیم، ئەگەرچی باوکم لە گەڵ خۆی بردمی بۆ کڕینی ھەدیە، بەڵام لە بیرم دێت رۆژنامەنووسێکی کەناڵی شاری سنە ھاتە پێشم و پرسیاری ئەوەی لێکردم کە ئاخۆ من بۆ ڕۆژی دایکان چیم بە ھەدییە کڕیوە، منیش یەکسەر وتم 'ھیچ'، لە بەر ئەوەی من دایکم نییە و مناڵی ونبووی ھەڵەبجەم. ھەموو ئەو خەڵکەی کە لە دەوری ئێمە کۆببوونەوە دەستیان کردە گریان و خۆم و باوکیشم گریان، باوکم داوای لەو رۆژنامەنووسانە کرد کە ئەو ڤیدیۆیە بسڕنەوە. من دڵم لە بنەماڵە ئێرانییەکەم شکا، ئەوان بە درێژایی ئەو چەند ساڵە درۆیان لە گەڵ من کردبوو، بە تایبەت لەو ماڵەی کە بە ھەموو شێوەیەک درۆ بە شتێکی ناشیرین باسی دەکرا، ھەموو جارێک پێم دەگوتن، ئێوە درۆیەکی گەورەتان لە گەڵ من کرد، کە ئەمەش پێچەوانەی ئەو پەروەردە بوو کە منی لە سەر گەورە کرا لەم ماڵەدا".

ماردین لە سەر خۆ و بە وردی چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە، ئەو لە درێژەدا پێی گوتین ''رۆژ ھات و تێپەڕی و من بڕیاری گەڕانەوەم دا بۆ ھەڵەبجە، ئەو کاتەی کە من گەڕامەوە تەمەنم ئیتر ببوو بە پانزدە ساڵ و لەگەڵ برا ئێرانییەکەم ھاتینە سەر مەرزی باشماخ، لەوێ براکەم لە گەڵ ژنێک کە خەڵکی سلێمانی بوو قسەی کرد ھەتا من لە گەڵ خۆی بھێنێ بۆ سلێمانی، دونیا تاریک بوو کە گەیشتینە سلێمانی، ئەو ژنە بە ھیچ شێوەیەک قسەی لەگەڵ نەدەکرد، پێم وابوو نە من لە زمانی ئەو تێدەگەم و نە ئەو لە زمانی من تێدەگات، بەڕاستی من لەو ژنەش دەترسام، چاوەکانی زۆر ترسناک بوو، تەمێکی سپی بە سەر چاوی ڕاستیەوە بوو، سبەی کە رۆژ بوویەوە پێم گوت، دەمەوێ بڕۆم، کەچی تەنانەت نەیوت بۆ کوێ دەچی، ھەر کە پێڵاوەکانم لە پێکرد، یەکسەر دەرگای بە سەرمدا داخست، تەنانەت ماڵئاوایی لێ نەکردم، زۆر برسیم بوو، ھیچ پارەیەکم پێ نەبوو، ئەوەی پێم بوو پارەی ئێرانی بوو، لە دوکانێک پارەکەم دەرھێنا، شتی پێ نەفرۆشتم، ئەوەندە برسیم بوو لە برسا کەوتم، ئیستەش برینی ئەو کەوتنە لە سەر ئەژنۆم بە جێماوە، برینێک کە لەو برسیتیەوە تووشم بوو.
چەند شوێنی تر گەڕام، ھەتا شانسم ھێناو و کەسێکم پەیا کرد کە زمانی فارسی دەزانی، کاتێک داوای یارمەتیم لەو کرد، پێی وتم کە پارەی ئێرانی دەرنەھێنم و ئەو بڕە پارەیش کە پێم بوو لەو کاتە زۆر بوو، ئەو بسکویتێکی پێدام و ھەندێک تین ھاتە لەشم. لە دەرگای ماڵێکمدا و ھاوارم بۆیان ھێنا، وتم من خەڵکی ھەڵەبجەم و مناڵی ونبووم، تازە لە ئێران گەڕاومەتەوە، ئەوان بە گەرمی پێشوازییان لێکردم و چاوەڕێم کرد ھەتا پیاوی ماڵەکە ھاتەوە و بە وردی چیرۆکی ژیانی خۆم بۆ باس کرد. من لە ماڵی ئەوان جێگیر بووم، پیاوی ماڵەکە لەگەڵ ئاسایش قسەی کرد و ئاسایش ھات و پرسیاری لە من کرد، بەڵام من ھیچ زانیارییەکم لە سەر خۆم و بنەماڵەم نەبوو کە بیدەم بەوان، باسی گەڕانەوەی من دەم بە دەم لە ناو خەڵک بڵاوەی پێکرا، خەڵکی ھەڵەبجە دەھاتن و سەیریان دەکردم، ئەوانەی دەھاتن ھەموویان مناڵەکانیان نەمابوون، ھەتا دواجار کە من باوک و خزمەکانی خۆم پەیا کرد و قەرار درا کە من بگەڕێمەوە بۆ ھەڵەبجە بۆ بینینی باوکم، ئەو کاتە زانیم کە من بە تەنیا باوکم لە ژیان ماوە و دایکم و برا و خوشکەکانم لە ژیان نەماون.

رۆژی گەڕانەوەم بۆ ھەڵەبجە سەیر بوو، ھەستم دەکرد، دەفڕم و بە سەر ھەورەکاندا ھەنگاو دەنێم، پێیان وتم باوکم لە گەراجی ھەڵەبجە چاوەڕێم دەکات، من و چەند کەسی تر و پورەکەم بەرەو ھەڵەبجە ڕۆیشتین، رێگای ھەڵەبجە بۆ سلێمانی ئەو کاتە لە لای من زۆر دوور بوو، دەگەیشتن بە ھەر شارۆچکەیەک دەمپرسی ئێرە ھەڵەبجەیە، پەلەی گەیشتنم بوو، بەردەوام وێنەی باوکم لە خەیاڵمدا دەکێشا، ئاخۆ چۆن بێت، ئەگەر بیبینم دەیناسم یان نا، بۆ دواجار کە گەیشتینە گەراجی سلێمانی بە منیان وت ئەوە باوکتە، بەرەو ڕووی ڕۆیشتم، بەڵام ھەستم کرد کەسێکی غەریبە، کەسێک کە زۆر لە منەوە دوورە، کاتێک نزیک بوومەوە باوکم پشتی تێکردم، نەمزانی بۆچی وا دەکات، بەڵام پورەکەم وتی 'پەلە مەکە با شتەکان ڕوون بێتەوە'، باوکم لەوێ تەکسی بۆ گرتین، ئەو لە پێشەوە سەرکەوت و منیش ڕێک لە پشتی باوکمەوە، دەستم برد و قژی باوکم ڕادەکێشا بۆ ئەوەی ئاوڕ بداتەوە، تەنیا لە بەر ئەوەی بزانم ئەم کەسەی کە باوکی منە، چۆنە، دەمویست سەیری بکەم، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک ئاوڕی نەدایەوە. باوکم کەسێکی زۆر دیندارە و ئەو لەوە دڵنیا نەبوو کە من کچی ئەوم، بۆیە لەوە دەترسا من کچێکی بێگانە بم و ئەو لە باوشم بگرێ، بەڵام من باوشێکی باوکانم دەویست، ئاخر چی دەبوو کە باوکم ئەو کاتە لەو ئان و ساتە باوشێکی باوکانە بە مندا بکات، تەنانەت ئەگەر باوکیشم نەبوایە، کچێکی پانزدە ساڵ کە بە تاسەوە ئەو ھەموو سنوورەی بڕیوە بۆ بینینی باوکی شایستە بزەیەک و باوشێکی گەرم نەبوو، ھەتا ئەو ڕۆژە دەمرم ئەم ھەڵسووکەوتەی باوکم لە بیر ناکەم، تەنانەت بەخێرھاتنێکی سادە و ساکاریشی نەکرد، تازەھەر چی بۆ من بکات نرخی ئەوەی نییە کە لەو گەراجە، باوش و دەستەکانی من سارد کردەوە.

من لە دوای چەند رۆژ و بە ھۆی ئەوەی نیشانەی جەستەییم ھەیە، پوورەکانم لە گەڵ باوکم قسەیان کرد و ئەو لەوە دڵنیا بوو کە من چیتر ھێرۆ نیم و ناوی ڕاستەقینەم ماردین مەحموودە، ئەو کاتە بوو باوکم ھێدی ھێدی لە گەڵ من ڕووی کرایەوە و دەستی کرد بە باوکایەتی بۆ من، ئەگەرچی داوای لێبوردنی لێکردم لە سەر ئەو ھەڵسووکەوتەی، بەڵام من ھیچ کات نایبوورم، ئەگەرچی ساڵانێکی زۆرە بە سەر ئەو بابەتەدا تێپەڕیوە، بەڵام ئامادە نیم بیبوورم".

ماردین مەحمود بەردەوام دێت و سەردانی سۆنبولی شەھیدانی ھەڵەبجە دەکات، تەنانەت بارەگای رێکخراوەکەی لە ناو گۆڕستانەکەیە، لە سەر کێلی گۆڕەکان، ناوی زۆرینەی شەھیدانی ھەڵەبجەی لێیە، بەڵام یەکێک لە گۆڕەکان جگە لە ناوی دایکی کە گەلاوێژ کەریمە ناوی ماردین مەحموودی لێیە، ئەو لە کاتی دڵتەنگیەکانی دێت و لە سەر ئەو کێلەی کە ناوی خۆی و ناوی دایکی تۆمار کراوە ڕادەمێنێ و نازانێ بۆ خۆی بگری کە وەک مردوو تۆمار کراوە یان بۆ دایکی کە لە باوشی گەرمی بێبەری بووە. وەک ماردین گوتی "ئەوەندە لە بەردەم کێلی گۆڕەکەی خۆم دانیشتووم، چیتر گیای لێ سەوز نابێت".

ئەو دەڵێت: "لە دوای ئەوەی کە من بە یەکجاری لە ھەڵەبجە نیشتەجێ بووم و ھێدی ھێدی گەورە بووم، دیسان زمانی سۆرانی من باش بوو، زانیاری تەواوم کۆکردەوە، لە سەر ئەو منداڵانەی کە بێ سەر و شوێن بوون، لە گەڵ زۆر لایەن و بەرپرس دانیشتم بۆ ئەوەی رێکخراوێک بە ناوی رێکخراوی منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە دروست بکەم، ئامار و زانیاریم لە سەر ئەو منداڵانە کۆکردەوە، زیاتر لە دووسەد و یانزدە منداڵی ھەڵەبجە ونبوون و نەگەڕاونەتەوە، ھەموو منداڵە ونبووەکانی ھەڵەبجە لەو سەردەمەدا تەمەنیان لە ھەشت ساڵ بەرەو خوار بووە ھەتا تەمەنی یەک مانگی، ھەموو ئەو منداڵانە لە ئێران دەژین و لە رێی نەخۆشخانەکانی ئێران دراون بە خانەی بێ سەرپەرەشتان و ئەوانیش تەسلیمی بنەماڵەی ئێرانییەکانیان کردووە و ئیستە ئەوان ھەر کەسەو لە شارێک و لە گەڵ بنەماڵەیەک دەژی. لە ماوەی پێشوو، شەش منداڵ ناوی خۆیان لە لای نوێنەری ئێمە لە ئێران تۆمار کردبوو کە گوایە خەڵکی ھەڵەبجەن، بەڵام لە دوای بەدواداچوون بۆمان دەرکەوت، تەنیا یەک منداڵیان خەڵکی عێراقە و ھەموو ئەوانەی تر خەڵک و منداڵی ھەڵەبجە نین".

ماردین مەحمود گوتیشی: "من کە خۆم بەرپرسیاریەتی ئەو ڕێکخراوم لە ئەستۆ گرتووە، ھەتا ئیستا چەند منداڵی ھەڵەبجەمان بۆ دایک و باوکیان گێڕاوەتەوە، پرۆسەی ھێنانەوەی منداڵی ونبوو، زۆر سەختە، ئەو منداڵانە لە کولتوورێکی تر گەورە بوون، ئێران و ھەڵەبجە جیاوازی کولتووری و کۆمەڵایەتی زۆری ھەیە، بۆیە گەڕانەوەی ئەو منداڵانە بەردەوام کێشەی جیددی ئێمەیە، دەبێ لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە ھەموو ئامادەکارییەک بکەین، بەڵام ھیچ لایەنێک بە دەم رێکخراوەکەی ئێمەوە ناییەت، ئەوان تەنیا لە رۆژی ١٦/٣ بیر لە ھەڵەبجە دەکەنەوە، کەچی ھەموو رۆژێک بۆ ئێمە رۆژی کارەساتەکەیە و بەردەوام لە ناو ئەو کۆستە گەورەدا دەژین".

کۆتایی دیمانەکەی ماردین لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، گرفتەکانی خۆی لە کاریی رێکخراوەییدا دەگێڕێتەوە کە چەندین کێشە لەبەردەمیان بۆتە کۆسپ بۆ ئەوە هاوشێوەی خۆی، منداڵەکانی دیکەی ونبووی هەڵەبجە بگەڕێننەوە هەڵەبجە و دەڵێت، "ئێمە لە ڕێکخراوەکە کەمایەتی زۆرمان ھەیە و وەک پێویست حکوومەت ھاوکاری ئێمە ناکات، ئەگینا دەمانتوانی پرۆسەی گەڕانەوەی مناڵانی ھەڵەبجە زۆر بە خێراتر بکەین، کۆمەڵێک رێگری و لەمپەر ھەیە کە وا دەکات پرۆسەی گەڕانەوەی منداڵانی ھەڵەبجە زۆر خاو بێتەوە، نەبوونی فەحسی دی ئین ئەی یەکێکە لەو کێشە سەرەکیانە لە بەردەم ئەم کەیسە دایە".



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın