عێراق

"لە هەولێر ٩٥٠ سەرتاشخانە و ٨٤٨ ئارایشگا و ٣٥ شوێنی مەساج هەیە"

- رێژەی دانیشتووانی سەنتەری شاری هەولێر بریتییە لە ١ ملیۆن و هەزار و ١٦٣ کەس و هاوکات ئاماری گشتی سەرتاشخانەی پیاوان و ئارایشگاکانی ژنانیش گه‌یشتووه‌ته‌ هەزار و ٧٩٨ شوێن لە سەنتەری شاری هەولێر.

Heman Hussein Yaseen Yaseen   | 23.05.2019
"لە هەولێر ٩٥٠ سەرتاشخانە و ٨٤٨ ئارایشگا و ٣٥ شوێنی مەساج هەیە"

Arbil

هەولێر - AA

تا دێت رێژەی سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی ژنان بەرزدەبێتەوە و لە ئێستاشدا لە شاری هەولێر ٩٥٠ سەرتاشخانە و ٨٤٨ ئارایشگای ژنان و ٣٥ شوێنی مەساجکردن هەیە و لیژنەکانی تەندروستیش ئاماژە بەوە دەکەن کە بەردەوام پشکنین بۆ ئەو شوێنانە ئەنجام دەدرێت و لەماوەی چەند مانگی رابردووشدا بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی چەند شوێنێک داخراون، ئاشکرایشی دەکەن کە کرێکاری بیانیی هەبووە دوای پشکنینی تەندروستی دەرچووە کە هەڵگری ڤایرۆسی ترسناک بووە و بەم هۆیەوەش لە رێگای نشینگەی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی وڵاتەکەیان کردووەتەوە.

بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی و سەلامەتی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان، سامی نەجمەدین سەعید، سەبارەت بە شێوازی پێدانی مۆڵەت بە سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی ژنان، لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "رێنماییمان بۆ هەموو شوێنەکانی وەک سەرتاشخانە و ئارایشگاکانی ژنان، بەپێی رێنمایی تەندروستی ژمارە ٨٩ی ساڵی ١٩٨١ دەبێت کە خۆی دەبینێتەوە لە هەردوو ماددەی ٣٣ و ٣٤ تایبەت بە پێدانی مۆڵەت بەم شوێنانە، ئەوانیش بریتیین لە پشکنین بۆ شوێنەکە کە نابێت لە ١٦ مەتر چوارگۆشە کەمتر بێت، لە رووی پاک و خاوێنی ژینگە و کەلوپەلەکان پشکنینيان بۆ دەکرێت، کرێکارەکان بە هەمانشێوە پشکنینی تەندروستییان بۆ دەکرێت وەکو جۆرەکانی ئایدز، سفلس و ڤایرۆسی جگەر، ئەگەر ئەنجامەکان بێ کێشە بوون، ئەوا مۆڵەتییان پێ دەدرێت".

سامی نەجمەدین سەعید گوتیشی: "بابەتی تاتۆکردنی برۆ و لێو، رێنمایی تایبەتی هەیە کە لە سەرتاشخانەکانی پیاوان ناکرێت و ئەگەریش لە ئارایشگاکان بکرێت ئەوا دەبێت ئەو کەسە بڕوانامەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت و لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە پشتڕاست کرابێتەوە و ئینجا ئەو کەسە دەتوانێت کار بکات، بە هەمانشێوە بابەتی فیلەر و بۆتاکس دەبێت لە سەنتەرەکانی جوانکاری بکرێت و مۆڵەتیش لە وەزارەتی تەندروستی وەربگرن".

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو کە لە سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، سیروان محەمەد وەریگرتووە، رێژەی دانیشتووانی سەنتەری شاری هەولێر، بریتییە لە ١ ملیۆن و هەزار و ١٦٣ کەس و هاوکات ئاماری گشتی سه‌رتاشخانه‌ی پیاوان و ئارایشگاکانی ژنانیش بۆ ئەمساڵ بریتییە لە هەزار و ٧٩٨ شوێن لە سەنتەری شاری هەولێر.

سەبارەت بە ئامارەکانی سەرتاشخانەی پیاوان و ئارایشگاکانی ژنان لە هەولێر، سامی نەجمەدین سەعید گوتی: "لە سەنتەری شاری هەولێردا ٩٥٠ سەرتاشخانەی پیاوان و، ٨٤٨ ئارایشگای ژنان هەیە و لە ماوەی چوار مانگی رابردووشدا دوو ئارایشگای ژنان و دوو سەرتاشخانەی پیاوان بەهۆی پابەند نەبوون بە رێنماییەکانی تەندروستی، داخراون، هاوکات ساڵی رابردووش ١٠ شوێن بەهۆی سەرپێچیکردنەوە داخراون و ١٠ شوێنی دیکەش بە بڕی جیاواز سزای ماددی دراون".

لەبارەی چاودێریکردن و سزادانی ئەو شوێنانەی کە سەرپێچی رێنماییەکان دەکەن، سامی نەجمەدین سەعید گوتی :"چاودێری کەلوپەلی سەرتاشخانە و ئارایشگاکان دەکەین، پێویستە کرێکار جلوبەرگی تایبەت بپۆشێت و لە حاڵەتی هەبوونی لادان لە رێنماییەکاندا، ئەوا لە جاری یەکەم ئاگاداری دەکەینەوە و جاری دووەم سزای دەدەین کە ئەویش دوو جۆرە حاڵەت هەیە، یان تا بڕی ٥٠٠ هەزار دەسەڵاتمان هەیە شوێنەکە سزا بدەین، یان شوێنەکە دادەخەین".

لە پاڵ سەرتاشخانە و ئارايشگاکان، چەند شوێنێکی دیکە هەیە کە تایبەتە بە مەساجکردن کە لە بەشێک لە هۆتێل و سەنتەرەکانی سپا ئەنجام دەدرێت و یاریدەدەری بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر و سەرۆکی لیژنەی شوێنەکانی مەساج ئاماژە بەوە دەکات کە ٣٥ شوێنی مەساج لە سەنتەری شاری هەولێر هەیە و لەم شوێنانەش کرێکاری چەند وڵاتێکی دیاریکراو کاری تێدا دەکەن و هەر سێ مانگ جارێکێش پشکنینی تەندروستی بۆ کرێکارەکان ئەنجام دەدرێت.

یاریدەدەری بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی هەولێر و سەرۆکی لیژنەی شوێنەکانی مەساج، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شوێنی مەساجەکان دوو جۆرن، یەکەمییان لە هۆتێلەکانی چوار ئەستێرە و پێنج ئەستێرە ئەنجام دەدرێن، دووەمیشیان لە سەنتەرەکانی سپا، ئەوانەش رێنمایی تایبەتییان هەیە بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن، چونکە سەنتەرەکانی سپا پێویستە رووبەرەکەی ٣٠٠ مەتر چوارگۆشە کەمتر نەبێت و مەلەوانگە و هۆڵی وەرزشی و ساونا و گەرماوی هەڵمیی تێدابێت".

لەبارەی چۆنیەتی شێوازی ژوورەکانی مەساجیش، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین گوتی: "ژوورەکانی مەساج رێنمایی تایبەتی هەیە، پێویستە سەریری تایبەت هەبێت و رووناکی ژوورەکانی دەبێت سپی بێت و تینی هەبێت و رووناکی رەنگاوڕەنگ رێگاپێنەدراوە و، دەبێت دەرگاکانی ژووری مەساج قوفڵی نەبێت و بۆ ئەوەی لە هەموو حاڵەتێکدا بتواندرێت بچیتە ژوورەوە، بەڵام لە هۆتێلەکان مەرج نیيە هۆڵی وەرزشی و مەلەوانگەی هەبێت".

لەبارەی ئاماری سەنتەرەکانی مەساج لە شاری هەولێر، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین گوتی: "لە ئێستادا نزیکەی ٣٥ شوێنی مەساجکردن هەیە کە ١٤ شوێنییان لە سەنتەرەکانی سپا و ٢٠ شوێنیش لە هۆتێلەکانن".

بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی شوێنەکانی مەساج، تەنیا کرێکارانی ١٠ وڵات رێگاپێدراون لە هەرێمی کوردستان کاری مەساجکردن بکەن و لەمبارەیەوە جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین گوتی: "کارکردنی کرێکارەکانی مەساج چەند مەرجێکیان هەیە و تەنیا کارمەندی ١٠ وڵات رێگاپێدراون کە کاری مەساج ئەنجام بدەن، لەوانە وڵاتانی چین، تایلەند، تایوان، ئەلبانیا، مالیزیا، ئەندنووسیا، فلیپین، کۆریای باشوور، ژاپۆن و عێراق، کە ئەوانەش پێویستە لە وڵاتی خۆیان خاوەن بڕوانامەبن و لە باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتەکانییان، کاروبارەکانییان دەست پێبکەن و لێرەش رێکارە یاساییەکان تێپەڕێنن بۆ ئەوەی بڕوانامەکەیان پەسەند بکرێت و دوای ئەوەش پشکنینیان بۆ دەکەین و دوای ئەنجامەکەش کارتی تەندروستییان بۆ دەکەین و هەر سێ مانگ جارێک پشکنینیان بۆ دەکەینەوە".

لەبارەی ژمارەی کرێکارەکان کە لەو شوێنانە کاری مەساجکردن دەکەن، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین گوتی: "کرێکارەکان ژمارەیان ٦٠ کەسە و زیاترینیشیان هاووڵاتییانی وڵاتی چین و تایلەندن".

ناوبراو گوتیشی: "ساڵی رابردوو کۆمەڵێک شوێن داواکارییان هەبووە بۆ مۆڵەتپێدان کە ژمارەیان ٨ داواکاری بووە و لەو ژمارەیەش دوو شوێن مۆڵەتیان وەرگرتووە و شەشیان مۆڵەتیان پێنەدراوە چونکە مەرجە تەندروستییەکانییان جێبەجێ نەکردووە".

لەبارەی هەبوونی نەخۆشی و ڤایرۆسی ترسناک لەمیانی پشکنین بۆ کرێکارەکاندا، جەمال ئەحمەد محەمەدئەمین گوتی: "کرێکار هەبووە ناردوومانە بۆ پشکنین و ئەنجامەکەی خراپ بووە و، نشینگەمان لێ ئاگادارکردووەتەوە و، دواتر رەوانەی وڵاتەکەی خۆی کراوەتەوە".



ماڵپەری ئاژانسی ئانادۆڵۆ، بەشێک لەم هەواڵە ئابۆنانەی کە بڵاوکراوەتەوە لە لیستی هەواڵەکانی ئاژانسی ئانادۆڵۆ، کورت و پوخت دەکرێت ئینجا بڵاودەکرێتەوە، بۆ ئابۆنەوە کردن تکایە پەیوەندی بکەن.
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın