Zana Natık Kerem
02 ئاب 2026•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2026
ھەولێر ــ AA
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند کە لە دۆسیەیەکی گەندەڵی دارایی و کارگێڕییدا، دەست بەسەر ٢٠ ملیار دیناردا گیراوە و گەڕاێندراوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت و ئاماژەی بەوەشدا، ڕێوشوێنە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە بەردەوامن کە ھەوڵدەدەن زیان بە سامانی گشتی بگەیەنن.
ئەنجوومەنەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە تایبەت بە دۆسیەکانی دەستپاکی و سپیکردنەوەی پارە، گێڕانەوەی ٢٠ ملیار دیناری بۆ گەنجینەی دەوڵەت ڕاگەیاندووە.
بەپێی ڕاگەیاندراوە، ئەو ٢٠ ملیار دینارە لە دۆسیەکی گەندەڵی دارایی و کارگێڕییدا، دەستی بەسەردا گیراوە.
ھەروەھا ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە، ڕێوشوێنە یاساییەکان بەرامبەر ئەو کەسانە بەردەوامن کەھەوڵدەدەن زیان بە سامانی گشتی بگەیەنن.
لە ڕاگەیاندراوەکە ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا نەکراوە کە لە دۆسیەیەدا تێوەگلاون.
پێشتر ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق گێڕانەوەی بڕێکی زۆر پارە و زێڕی بۆ گەنجینەی دەوڵەت ڕاگەیاندبوو کە لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی نەھێشتنی گەندەڵی بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، دەستیان بەسەرداگیرابوو.