Muhammed Semiz, Ali Makram Ghareeb
28 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 28 تەمووز 2026
وەزیری دەرەوەی عێراق فواد حوسێن ڕایگەیاند، تورکیا خاوەنی ژێرخانێکی بەرچاوە لە بواری پیشەسازی، گواستنەوە و وزە. عێراق دەتوانێ هەڵسەنگاندنی بۆ هەمووی هەبێت و کەڵکیان لێ وەربگرێت.
فواد حوسێن لە میانی کۆبوونەوەی خاوەنکارانی تورکیا-عێراق کە لە هۆتێلێکی ئەنقەرە بەڕێوەچوو، قسەی کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانی لووتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، پیرۆزبایی لە تورکیا کرد.
فواد حوسێن وێڕای ئاماژە بە پەیوەندییەکانی کولتووری، مێژوویی، برایانە و کۆمەڵایەتی نێوان تورکیا و عێراق، باسی لەوە کرد کە لە میانی ساڵانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا ٣٩ لێکتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوو کراوە.
فواد حوسێن ڕاشیگەیاند کە حکوومەتی نوێی عێراق گرنگی دەدات بە پەیوەندی درێژخایەن لە نێوان هەردوو وڵات و بە تایبەتیش بە گرنگیدان بە گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، هەڵسەنگاند.
وەزیری دەرەوەی عێراق وێڕای ئاماژەدان بە گرنگی ئەم کۆبوونەوەیە لە سایەی ئەو گۆرانکارییانەی کە لە ئابووری نوێیدا هاتوونە ئاراوە، گوتی: "تورکیا خاوەنی ژێرخانێکی بەرچاوە لە بواری پیشەسازی، گواستنەوە و وزە. عێراق دەتوانێ هەڵسەنگاندنی بۆ هەمووی هەبێت و کەڵکیان لێ وەربگرێت. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان پڕۆژەیەکی ستراتیژی گرنگە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەکەوە دەبەستێتەوە".
فواد حوسێن وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغی سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ئابووری، سیاسەت و ئاسایش لە ئاستی جیهانیدا، گوتی: "ئەمڕۆ نەخشەڕێگەی گواستنەوە و بازرگانی جیهانی خەریکی جارێکی دیکە دادەڕێژرێتەوە. پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە ئێستادا گرنگترین پڕۆژەیە. ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی بازرگانی و ئابووری بە یەکەوە دەبەستێتەوە".
فواد حوسێن هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چالاککردنی ڕێککەوتننامەی ئاو لە نێوان تورکیا و عێراقی پەسەند کرد، گوتی، پشتیوانی لە وەبەرهێنەرانیش لەم هەفتەیەوە دەست پێ دەکات و کۆمپانیاکانی تورک دەست بەکار دەبن.
فواد حوسێن لەبارەی گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق قسەی کرد و گوتی: "وەک دەزانن ئاستی قەبارەی بازرگانی نێوان دوو وڵات گەیشتووتە ١٤ ملیار و ٣٤١ ملیۆن و ٧٢٧ هەزار دۆلار و چاوەڕوان دەکرێت ئەو ئاستە لە ساڵانی داهاتوودا زیاتریش ببێت".
- عێراق سێیەمین بازاڕی گەورەی جیهانە بۆ وەبەرهێنەرانی تورک
وەزیری دەرەوە عێراق ڕایگەیاند کە کۆسپی سەرەکی بازرگانی لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانی لە نێوانیان، کەمبوونی دەروازە سنوورییەکانە کە عێراقییەکان لە کاتی سەرداندا تووشی ئاستەنگی دەکات.
گوتیشی: "لەم ئاراستەیەدا وەک فەرمانی سەرکۆماریی، دەست بە کۆمەڵێک ڕێکار بۆ ئاسانکاری لە ڤیزە بۆ هاووڵاتیانی عێراق کراوە. جگە لەوە کۆمەڵە ڕێکارێکیش بۆ دەستەبەرکردنی پێویستییەکانی بانکی خەریکە جێبەجێ دەکرێت. هەوڵەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی کۆڕیدۆرێکی زەمینی جێگرەوە بە ڕێگەی سووریاوە بۆ تورکیا، دەتوانێ یارمەتیدەری چارەسەری بەشێک لەم کێشە و کەندوکۆسپانە بێت".
فواد حوسێن ڕایگەیاند، کۆمپانیاکانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا هەزار و ١٤٥ پڕۆژەیان لە عێراق بە بەهای ٣٦.٦ ملیار دۆلار جێبەجێ کردووە و عێراق سێیەمین گەورە بازاری جیهانە بۆ وەبەرهێنەرانی تورک.
وەزیری دەرەوەی عێراق لەبارەی هێڵی بۆڕی گواستنەوەی نەوتی کەرکووک-جەیهان'یش ڕایگەیاند: "عێراق پێداگرە بە زووترین کات پڕۆتۆکۆلی پەیوەندیدار واژوو بکات بۆ ئەوەی پڕۆسەی گواستنەوەی نەوتی خۆی لە ڕێگەی تورکیاوە جێبەجێ بکات. بێ گومان کۆمپانیاکانی تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاویان دەبێت لەم بوارەدا".