Zana Natık Kerem
19 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2026
سەرۆکی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی ڕایگەیاند کە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆدایە لەبەرامبەر ھەر بێدەنگییەک یان کەمتەرخەمییەک سەبارەت بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی.
عەلی قەرەداغی لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویکردووەتەوە تیایدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییانەی کردووە کە دەکرێنە سەر ھەرێمی کوردستان و ڕایگەیاندووە: "دەستدرێژییەکانی سەر ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی دەستدرێژییەکانی سەر قەتەر و شوێنەکانی دیکە، ئەم دەستدرێژییانەش ڕەتکراوەن، ھەروەھا پێشێلکارییەکی مەترسیدارن بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی".
سەرۆکی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆدایە لەبەرامبەر ھەر بێدەنگییەک یان کەمتەرخەمییەک سەبارەت بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی و داواشی لە حکوومەتی عێراق کردووە ڕێوشوێنی سیاسی، دیپلۆماسی و ئەمنی ڕاستەقینە بگرێتە بەر بۆ پاراستنی وڵات و ھاووڵاتییان.
ھەروەھا عەلی قەرەداغی ڕایگەیاندووە: "پاڵپشتیکردن لە ھەرێمی کوردستان لەمڕۆدا تەنھا ھەڵوێستێکی سیاسیی ئارەزوومەندانە نییە، بەڵکو ئەرکێکی نیشتمانییە، چونکە ئاسایشی کوردستان بەشێکە لە ئاسایشی عێراق و ھەر ھێرشێک بۆ سەر ھەرێم، بە ھێرشکردنە سەر تەواوی دەوڵەتی عێراق ھەژمار دەکرێت".
سەرۆکی یەکێتیی جیھانی زانایانی موسڵمان، عەلی قەرەداغی ئاماژەی بەوەشداوە کە کاتی ئەوە ھاتووە عێراق، ھەڵوێستێکی یەکگرتوو و توندی ھەبێت بۆ کۆتاییھێنان بەم دەستدرێژییانە و ڕەتکردنەوەی سیاسەتی سەپاندنی ئەمری واقیع، ڕاشیگەیاندووە: "سەروەریی عێراق جێگەی دانوستان نییە، جگە لەوەش خوێنی ڕۆڵەکانی عێراق، ھێڵی سوورە".