Zana Natık Kerem
13 تەمووز 2026•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2026
سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕایگەیاند کە ئامانج لە سەردانەکەیان بۆ ئەمریکا، ڕاکێشانی وەبەرھێنان و ھەمەچەشنکردنی ئابووری عێراقە.
عەلی زەیدی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ دووشەممە، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکوومی و ئابووری بەرەو واشنتۆن بەڕێکەوتین، سورین لەسەر ئەوەی کە پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەمریکا بۆ ھاوبەشی ڕاستەقینەی ئابووری و وەبەرھێنان پتەوتر بکەین".
ھەروەھا سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی ڕاشیگەیاندووە کە سوورن لەسەر ئەوەی ئاسۆی ھاریکارییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا لە بوارەکانی وزە، تەکنەلۆژیا، ژێرخان و ئابووری دیجیتاڵی و دارایی فراوانتر بکەن.
عەلی زەیدی ئەوەشی نووسیووە: "ئامانجمان ڕوونە، ئەویش ڕاکێشانی وەبەرھێنان و گواستنەوەی شارەزایی و ھەمەچەشنکردنی ئابووری و ڕەخساندنی ھەلی کارە، بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی بەھێزکردنی پرۆسەی گەشەپێدان و چەسپاندنی پێگەی عێراق وەک ھاوبەشێکی متمانەپێکراو و کارا لە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ناوچەکە".
پێشتر نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، عەلی زەیدی بەغدای پایتەختی جێھێشتووە و بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوتووە.
چاوەڕوان دەکریت سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، ژمارەیەک دۆسیەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە تاوتوێ بکات.
ھاوکات بڕیارە ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی لە کۆشکی سپی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.